سیروان مینەخان
نیشتیمانسازی (Nation-Building) پڕۆسەیەکی بنەڕەتی و پێشمەرجێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی دەوڵەت. ئەم پڕۆسەیە قۆناغێکی حەتمییە کە هەر کیانێک لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتدا پێیدا تێدەپەڕێت. وەک فرانسیس فۆکۆیاما دەڵێت: “نیشتیمانسازی واتە دەوڵەتسازی کە لە ڕێگەی گەشەسەندنەوە بەدی دێت”. نیشتیمانسازی زەرورەتێکی یەکجار لەپێشینەیە بۆ مانەوە و بەردەوامی کیانی هەرێمی کوردستان و هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز.
نیشتیمانسازی پێویستی بە کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکی هەیە، لەوانە: ستراتیژیەتی درێژخایەن و ئیرادەی بەهێز، خۆشەویستی نیشتیمان و هەستی نیشتیمانپەروەری، پاراستنی بەها و سیمبول و دەستکەوتە نیشتیمانییەکان و بەدامەزراوەیی کردنی ژیانی سیاسی و کارگێڕی. هەروەها پێویستی بە هەماهەنگییەکی بەهێز هەیە لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سیاسیدا.
پڕۆسەی نیشتیمانسازی پێویستە لە چەندین بواری جیاوازدا پێشکەوتن بەدی بهێنێت، لەوانە: ژێرخانی ئابووری، سیستەمی سیاسی، کەلتوور و ڕۆشنبیری، پەروەردە و فێرکردن، تەکنەلۆژیا و زانست، و بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم پێشکەوتنانە دەبنە هۆی دروستبوونی ڕابیتەیەکی ناوخۆیی بەهێز و زیادبوونی ڕەوایەتی سیستەمی سیاسی، کە بە دەوری خۆی دەبێتە هۆی زیادبوونی پشتگیری دەرەکی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
هەرێمی کوردستان لە زۆربەی بوارەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە و بووەتە باشترین نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان. هەروەها پابەندە بە دیموکراسی و سەروەری یاسا، و بەردەوامە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان. هەرێم بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.
لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی گونجاو بۆ پڕۆسەی نیشتیمانسازی، قۆناغی گرنگی بڕیوە و ئەمەش ئاسۆی بەدەوڵەتبوونی ڕوونتر کردووەتەوە. ئەم پێشکەوتنانە دەریدەخەن کە هەرێم لە ڕێگەی دروستی نیشتیمانسازیدا هەنگاو دەنێت و بەرەو بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و سەربەخۆتر دەڕوات.