کاپتنی کەشتییەکەی کورد لە كۆشكی كۆماری توركیا

‎هاودەنگ فارووق

سەردانی ئەمجارەی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان بۆ ئەنکەرە و پێشوازی لێکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە، ڕووداوێکی (سیاسی – دیبلۆماسی) هەر وا ئاسایی نییە. بەڵكو ڕووداوێكی گرنگی دەوڵەتداری دەبینین کە سانێکی نابەڵەد بەسۆزداریی و کورتبینییەوە لێی دەڕوانن! پێویستە لە ئاست ئەم كۆبوونەوەیە مێژوویەدا، هەڵوێستە بکەین و لە دەلالەت و مانا گرنگییەکانی ورد ببینەوە، چونکە ئەو سەردانە لەکاتێکدایە ناوچەکە بەتەواوی کەوتووەتە ناو گێژاوی گۆڕانکارییەکی گەورە.
ناوچەکە لەو دەریا پڕ چەپۆک و شەپۆلانە دەچێت، کە لە ئەسنای تسۆنامییەکی تۆقێنەردایە و هەموو شتێک ڕادەماڵێت. لەئێستادا هەمووان بێ قیبلەنما دێن و دەچن و بەناچاری خۆیان دەدەن بەدەستی شەپۆلەکانەوە. تەنانەت دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەکەیش سەد جار بیردەکەنەوە، تاکو جارێک هەنگاوێک دەنێن.
ناوچەکە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە. سەرلەنوێ هاوکێشەکان ڕێکدەخرێنەوە، هیچ بیمەیەک نییە بۆ ئەوەی بەرانبەرەکانت خاترت بگرن، یان موجامەلەت بکەن لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ئەمە ئەو هەقیقەتەیە کە لەناو جانتاکەی سەردانەکەی مەسرور بارزانیدا بۆ ئەنکەرە، پێویستە زۆر بەوردی حیسابی بۆ بکرێت. هیچ لایەنێک، بەتایبەتی دەوڵەتە بەهێزەکان لەم قۆناغەدا موجامەلەی لایەنەکانی دیکە ناکەن و ئامادە نین پۆینتێکی بچووکیش بدەن بەوانی دی. کەچی لەم کاتەدا، کە ئەوانیتر ئێسکەکانی یەکتر دەشکێنن، مەسرور بارزانی بە بانگهێشتی فەرمی دەوڵەتی تورکیا، سەردانی ئەنکەرە دەکات و لەلایەن سەرۆک ئەردۆگانەوە پێشوازی دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوی خودی سەرۆکوەزیران باس لەوە کراوە، کە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر “پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا”. دیارە ئەو دەربڕینە، دەربڕینێکی دیپلۆماتییە و مەبەستەکە ڕوونە کە بارزانی باسی پاراستنی مافەکانی کوردی سوریای لەگەڵ ئەردۆگاندا کردووە. گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئەردۆگان و مەسرور بارزانی وەک دوو لایەنی هاوتا قسەیان کردووە! ئەمەیان لەدەرەوەی موجامەلەی دیپلۆماتییە، چونکە قۆناغەکە قۆناغی موجامەلە نییە!
بۆیە دەبێ بپرسین: چۆن و بۆچی دەوڵەتێکی گەورەی وەکو تورکیا لەم قۆناغەدا کورد وەکو کاراکتەرێکی کاریگەر، هاوشانی خۆی قبووڵ دەکات و بەرخوردی لەگەڵ دەکات؟ ئیدی ئۆتۆماتیکی دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە قۆناغەکە قۆناغی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییە حەکیمەکەیەتی. هەمووان ناچارن لەگەڵ کورد مامەڵە بکەن.
ئاخر ناسینی حکوومەتی کوردستان وەک لایەنێکی یاسایی و قەوارەیەکی موسالیم کە لەناوچەکەدا پرسی پێ بکرێت و فیدباکی لێوەربگیرێت، گرنگترین دەرهاویشتەی قۆناغەکەیە بۆ گەلی کوردستان. نیشانەی یەکپارچەیی ئایندەی کوردە، چونکە بۆ مامەڵە لەگەڵ کوردی بەشێکی دیکەی کورد، ڕای هەرێمی کوردستان و ڕوانگەی مەسرور بارزانی بە گرنگ دەزانرێت و دەچێتە ناو ناوەڕۆکی بڕیار و جووڵەکانی وڵاتانی زلهێز لەناوچەکەدا.
یەکەمجارە لە دیاریکردنی نەخشەی ئایندەی ناوچەکە و لە وەرگرتنی فیدباک لەسەر سیاسەتی زلهێزەکان حیساب بۆ کورد بکرێت. هەمیشە و لە هەموو قۆناغەکاندا، بەبێ ئامادەیی کورد، بڕیار لە چارەنووسی ناوچەکە دراوە. بەڵام ئێستا کورد بەهێزە و زلهێزەکان ناچارن ڕای سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی وەربگرن لەسەر ئایندەی ناوچەکە.
بۆیە بەبێ خۆبەستنەوە دەتوانین بڵێین: مەسرور بارزانی لە ئێستادا کاپتنی کەشتییەکەی کوردە و لێگەڕێن ئەو کاپتنە لەناو دەریای پڕ لە چەپۆک و شەپۆلی ناوچەکەدا، کەشتییەکەی کورد بگەیەنێتە کەناری ئارامی. ئەرکەکەی قورسە، پێویستە هەموومان هاوکاری بین و سەقامگیری دۆخەکە بپارێزین، تاکوو کەشتییەکە دەگاتە كەناری ڕۆخ.