رۆژانەی پەروەردەكارێك: بەگژیەكدا چوونی منداڵەكانمان بۆچی..؟

ن: پەیام فەرهاد قادر
هەموومان لەو دیمەنە راهاتووین هەركە دوو مناڵ لەگۆشەیەكدا كۆدەبنەوە تووشی بەگژیەكداچوون ودەمەقاڵی دەبن، بەتایبەتی هەركە زانیان چاوی كەسیان بەسەرەوە نییە. سەرەڕای ئامۆژگاری باوانیش، كەچی ناتوانین بۆ ماوەیەكی كورتیش چاومان لێیان وون بێ ولێیان دوور بكەوینەوە. لەو بارە هەستیارانەدا كێ بەرپرسیارە لەوەی منداڵەكان بەم شێوەیە پێ ڕاگەیشتوون..؟
پسپۆڕو شارەزایانی دەروونی پێیانوایە پەروەردەكردنی مندالأ كارێكی ئاسان وهەرەمەكی نییە لەقۆناغەكانی گەشەكردندا، بەڵكو پێویستیان بەچاودێری وخەمخۆری باوان لەماڵەوەو ئاراستەكردنێكی تەندروستیش لەلایەن مامۆستاكانی قوتابخانەوە هەیە. گەر ئەو چاودێریە لەكات وساتی خۆیدا كەمترخەمی تێدا كرا، یان بەتەواوتی فەرامۆش كرا، ئەوا ئاساییە گەر مناڵەكانمان رەفتارشەڕانگێزی بن وبەگژیەكدا بچنەوە، بەڵام لەوەش نا لەبارتر كە زۆر جێی نیگەرانیە ئەوەیە كاتێ باوان بۆی دەركەوت كە مناڵەكانیان هەمیشە بەگژیەكدا دەچنەوەو دانوویان لەگەڵ یەكدا ناكوڵێ، ئەویش پەرچەكردانە رێگەی ناتەندروست وكاتیی بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، نیگەرانیەكە لەوە نا كە گرفتێك هەیە، بەڵكوو نیگەرانی لەوەیە كە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رەفتارە نائاساییانەی مناڵ رەگێكی قوولی هەبێ وبەڕۆژێك ودوان چارەسەر نەبێ. بۆیە ئەركی دایكە وەك نزیكترین خەمخۆر، ئینجا باوك وەك یەكەیەكی هاوبەشی خێزان نەخشەیان هەبێ بۆ دۆزینەوەی رێگەیەكی شیاو بۆ ئەوەی گیانی شەڕانگێزی لەناخی مناڵەكانیان دەربهێنن،و لەبری ئەوە گیانی تەبایی وخۆشەویستی ویەكتر قەبولكردن پەسند بكەن، ئەوەش پێویستی بەكاتەو هەلەپرووشكێی ناوێ. كەواتە چارەسەركردنی ئەو بارە نەخوازراوە پشوو درێژی گەرەكەو لێزانی لەبواری دەروونیش زۆر گرنگە بۆ دایك وباوكەكە، بۆیە بەر لەهەموو شتێك وەك سەرەتایەك ئێوەی باوان دەبێ چەند بەندوبەستێك دابنێن بۆ دوورخستنەوەی هێلی بەریەكەوتنیان وهێمن كردنەوەی گرژی نێوانیان بەشێوەیەك دڵنیاییان پێ ببەخشێت، ئەوەش وەك سەرەتایەك لەرێگەی ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە:
1) هەق بدەن بەمناڵەكانتان كە خاوەن كەلوپەلی تایبەتی خۆیان بن وشوێنی هەڵگرتنیشیان جیاواز بێ. گەر ئەوە كرا، ئەوا دەتوانین لەخاڵی بەریەككەوتن وبەگژیەكداچوون دووریان خەینەوە، هەروەها فێریان بكەین چۆن كەرستەی خۆیان بەخاوەن دەكەن، بەهەمان شێوەش فێر بكرێن چۆن بەبێ مۆلەت دەست بۆ شتی ئەوانیتر درێژ نەكەن.
2) گوێ لەقسەكانیان بگرن وهەرەمەكیانە بڕیار مەدەن، چوونكە منداڵ یاریزانێكی زۆرزانەو دەزانێ لەكوێ دەماری دایك وباوكی بگرێ.
3) كاتێك ئێوەی دایك وباوك لەسەر شتێكی گرنگ دەدوێن وگفتوگۆ دەكەن، پاشان بۆ مناڵەكانتان باس بكەن، تاوەكوو لەئێوەوە فێری گفتوگۆو دەمەتەقێی تەندروست بن بۆ چارسەری كێشەكانی نێوانیان.
4) هەمیشە بوارێك بۆ مناڵەكان فەراهەم بكەن كە خۆیان كێشە وگرفتەكانیان چارەسەر بكەن. باشتروایە رۆڵی باوان تەنها دروستكردنی كەشێكی لەبار بێ بۆ منداڵەكانیان تاوەكوو خودی خۆیان گرفتەكانیان چارەسەر بكەن، گەر گرفتەكە قوولتر بوو لەتوانای ئەقڵی مناڵەكان، ئەو كاتە وەك راوێژكارێكی بە ئەزموون یارمەتییان بدات.
5) هەرگیز ئۆباڵی هەموو گرفتەكان مەخەنە ئەستۆی یەكێكیان، بەڵكوو ئەویتریشیان بەشێكی بەرپرسیاریەتەكە هەڵگرێ، بەلایەنی كەم سەرزەنشتی ئەوە بكرێ كە پشوو درێژو دڵفرەوان نەبووە بەرامبەر هەڵەیەكی براكەی كە دەكرا بەقسەیەكی خۆش چارەسەر بكرێ.
6) هەوڵبدەن زیاتر ئەو یارییانە بۆ منداڵەكانتان دەستەبەر بكەن كە یاری كۆمەڵیەو ماوەیەك با لەژێر چاودێری خۆتان یارییەكان ئەنجام بدەن، گەر نەتوانرا كۆنتڕۆل بكرێن ئەوا باشترە بۆ ماوەیەك یارییەكانیان جیابكەنەوە تاوەكو بوار دەرەخسێ بۆ یارییە كۆمەڵیەكان.
ئەو بیرۆكانە تەنها مشتێكە لەخەرمانێك بیرۆكە بۆ چارەسەری گرفتی مناڵەكان، جگە لەو هەوڵانە ئێوەی باوان دەتوانن بەهاوكاری شارەزایانی دەروونی رێگەیتر بدۆزنەوە لەپێناو راهێنانی منداڵەكانتان لەسەر پێكەوە ژیانێكی ئاسایی دوور لەبەگژیەكداچوون ورەفتاری شەڕانگێزیانە.
* قوتابی زانكۆ/ بەشی پەروەردەی گشتی ـ ئینگلیزی.