حەمەسەعید حەسەن
سیحرێکی حەڵاڵ
سۆفی چونکە عاشقی خوا بووە و خۆویستانە، خۆی داوەتە دەست ویستی خوا، ئەوەی پێ باشە خوا هەڵیبسووڕێنێت، نەک خۆی بڕیاردەر بێت، موسەییەر بێت نەک موخەییەر، بە قەدەری خۆی ڕازییە و جەبری خوای لە ئیختیاری خۆی، بەلاوە شیرینترە. ئەوەی لە نێوان هەندێک بژارەدا، یەکێکیان هەڵببژێرین، پێویستی بەوە هەیە (ئازاد) بین، سۆفی کە (کۆیلە)ی خوایە، مافی هەڵبژاردنی لێ زەوت کراوە. سۆفی بە ئۆمێدی فەنابوون لە خوادا دەژی و پێی وایە هەڵسوکەوتی ڕەنگدانەوەی ویستی خوایە و ئەگەر خوا تووشی بەڵایشی بکات، وای بۆ دەچێت سۆزی بەرانبەری نواندووە.
جنێوم پێ دەدا ئەو شۆخە هەرچەندە جنێو تاڵە
کوتوپڕ خۆش و شیرینی دەکا لێوی شەکەرباری
کەمالی
سۆفییەکان هەموویان بەو تێزە قایل نین، مەولانا گوتوویەتی: ئەوە لەگەڵ خواپەرستیدا یەک ناگرێتەوە، نابینایانە خۆمان بدەینە دەست قەدەر. مەولانا بڕوای بەوە نەبوو، خوا دوای ئەوەی (چارە)ی هەموومانی (نووس)ی، ئیدی قەڵەمەکەی مەرەکەبی تیدا نەما و وشکی کرد، بڕوای بەوە نەبوو، ئەوەی لە لەوحی مەحفووزدا بۆمان نووسراوە، هەر ئەوەیە و گۆڕانی تێدا ناکرێت. ئەوی خۆی بداتە دەست قەدەر و پێی وابێت، هەر لە ئەزەلەوە چارەنووسی دیاری کراوە، کەسێکە نێگەتیڤ و ئەو گوتە دروستە بە درۆ دەخاتەوە کە دەڵێت: (چی بچێنین، ئەوە دەدوورینەوە.)
وەک چۆن بە هۆی تاریکییەوە، بایەخی ڕووناکیمان بۆ ئاشکرا دەبێت، وەک چۆن دەرمان تاڵە و چاکمان دەکاتەوە، هەر وایش دەشێت، سزای خوایی، بۆ گەشەسەندنی ڕۆحیی ئینسان پێویست بێت. دەشێت خوا ڕەحمەتی خۆی، لە بەرگی زەحمەتدا حەشار دابێت، بۆیە ئینسان نابیت بە ڕووکەش فریو بخوات، ئەوە نییە (زۆر دوژمنایەتی بە دۆستایەتی دوایی هاتووە و زۆر ڕووخانیش بە ڕۆنان!) دەشێت سۆفی بە هەمان شێواز پێشوازی لە خێر و لە شەڕیش بکات، یان ئومێدی گەورە بە یەکەمیانەوە گرێ بدات، بێ ئاگا لەوەی ڕەنگە لە هەناوی خێرەکەدا، (مەکر/ پەیام)ێکی خوا هەبێت، ئاخر خوا وەک چۆن عەبدی خۆی لەڕێی ناردنی بەڵاوە تاقی دەکاتەوە، دەشێت بەهۆی ناردنی شتگەلی چاکیشەوە تاقیی بکاتەوە.
پێوەندیی نێوان ویستی خوایی و خواستی سۆفی وەک پێوەندیی نێوان دوو ئەڤیندار وایە، بە لۆگیک لێک نادرێتەوە، ئاخر کام بەڵای زۆر دژوارە، لە ڕوانگەی سۆفییەوە، زۆرەملێیەکی شیرینە، تەواو وەک ئەو عاشقەی، دڵبەرەکەی هەر چییەکی لێ بخوازێت، بە سینگێکی فراوان و بە خۆشییەوە دەڵێت: داخوازییەکانت فەرمانن. سۆفی چونکە لە ئەنجامی خۆشەویستییەکی قووڵەوە و خۆویستانە خۆی دەداتە دەست خوا، زەحمەتیش لای خواوە بێت، وەک ڕەحمەت بە دەنگییەوە دەچێت.
سۆفی کە لە ئەڤینی خوادا بزر دەبێت، سیفەتەکانی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە هەڵگری ئاوەڵناوەکانی حەق، لە ویستی خۆی دەچێتە دەرەوە و لەنێو ویستی حەقدا دەگیرسێتەوە. فەنابوون لەدەستدانی سیفەتە خراپەکان و وەرگرتنی خەسڵەتە جوانەکانە. سۆفی جەهلی لەکیس دەچێت و زانین جێی دەگرێتەوە، لە خوا غافڵبوونی نامێنێت و زیکری خوای دەست دەکەوێت. فەنابوون ئەوەیە، سۆفی لە غەیری خوا، نە بیری بۆ لای هیچی دیکە دەچێت، نە هەست بە هیچی دیکە دەکات، دڵی هەر لای خوا دەبێت و هەر لە خوا و لە سیفەتە جوانەکانی ڕادەمێنێت. لوتکەی فەنابوون ئەو وەختەیە، سۆفی بە جۆرێک دەکەوێتە ژێر هەژموونی حەقەوە، لە حەق بەولاوە، هیچی دیکە نابینێت. فەنابوونی عەبد لە خوادا، (وەک توانەوەی ئاسن وایە لە ئاگردا، ئاگر کاریگەری لەسەر سیفەتەکانی ئاسن دادەنێت، بەبێ ئەوەی کرۆکی ئاسن گٶڕانی بەسەردا بێت.)
وەلی کەسێکی هێندە پایەبەرزە، شیعە بە عەلی دەڵین: وەلیی خوا. وەلی کە لە قورئانیشدا هاتووە، (ألا إن أولیاء اللە لا خوف علیهم ولا هم یحزنون. یونس ٦٢) لەکن شیعە، خەلیفە یان ئیمامە، ویلایەتیش هەر دەچێتەوە سەر وەلی کە سەرچاوەی چاکەیە. وەلی کە سۆفییە لە لوتکەی خواپەرستیدا، هەم لە خوادا فانی بووە و هەم لە خوادا باقییە. وەلیی هەرە گەورە کە ئاوێنەی حەق و مەرجەعی هەرە باڵایە، قوتب، یان غەوسی پێ دەڵێن و عەبدولقادری گەیلانی، یەکێکە لە قوتبە هەرە گەورەکان. پایەی قوتب لای سوننە، هەمان پایەی ئیمامی غائیبە لای شیعە کە لە ئاخرزەماندا بە دیار دەکەوێتەوە.
وەلی پلەیەک لە خوار (نەبی)یەوەیە. وەک چۆن وەلی دوا پلەی سۆفیبوونە، پەیامهێنیش دوا پلەی وەلیبوونە، ئاخر هەموو نەبییەک، لە سەرەتاوە وەلی بووە. پەیامهێن وەک جەستە چووەتە حوزووری خوا، وەلی تەنیا وەک ڕۆح دەگاتە حوزووری. وەلی بە خۆشەویستیی خوا مەست دەبێت و لە خۆشەویستیی خوادا دەتوێتەوە، پەیامهێن هەرچەندە پێوەندییەکی بەهێزی بە خواوە هەیە، بەڵام هەمیشە هۆشی لای خۆیەتی، نە بە عیشقی خوا مەست دەبێت و نە لە خوایشدا دەتوێتەوە. پەیامهێن موعجیزەی هەبووە، بەڵام وەلی خاوەنی کەرامات بووە کە نزیکە لە موعجیزەوە. بۆچی وەلی پێش ڕوودانی، پێشبینیی مەترسی دەکات؟ چونکە بە کۆمەکی نووری خوا دەبینێت.
ئەوە ساغ نەبووەتەوە، کەرامات لە کاتی مەستبوونی وەلیدا بە عیشقی خوا، ڕوو دەدات، یان لە کاتی ئاسایی و هۆشیاریدا. لە خەیاڵدانی میللیدا، وەلی دەتوانێت لە تەنگانەدا فریای لێقەوماوان بکەوێت و لە مەترسی بیانپارێزێت، ئاو فریای تینووان و نان فریای برسییان بخات، دڕندە گوێڕایەڵی خۆی بکات و لێ نەگەڕێت پەلاماری شوێنکەوتووانی بدەن، دەتوانێت ئەوی وەجاخی ڕۆشن نەبێت، منداڵی پێ ببەخشێت. ئەوەیش ڕەگوڕیشەیەکی قووڵی هەیە کە وەلی توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵی دوکتۆر وازی بکات و بە تفێک، فوویەک، یان بە فاتیحایەک نەخۆش چاک بکاتەوە. دەڵێن وەلی دەتوانێت لەناو ئاگردا نوێژ بکات، بەبێ ئەوەی بسووتێت، یان ئازاری پێ بگات، ئاخر ئەگەر خوا مەیلی لەسەر نەبێت، ئاگر ئینسان ناسووتێنێت. نەک هەر وەلی، دەروێشیش کە حاڵ دەیگرێت، وەها بە ئەڤینی خوا بەنگ دەبێت، ئەگەر زەرگ لە خۆی بدات، هەست بە ئازار ناکات. دەک خوا بتکات بە بەرد! دەڵێن وەلی هەبووە، دوژمنی خۆی کردووە بە بەرد! بەرد مێتافۆرە، مەبەست ئەوەیە دوژمنی خۆی وەک بەرد، بێ جووڵە و بێ دەنگ کردووە. گوتوویانە: کەرامات سیحرە، ئەمما سیحرێکی حەڵاڵ.