‎ئەگەر كورد بیەوێت ‎براوەی یارییەكان بێت

‎هاودەنگ فارووق
‎ئەگەر حزبەكان دەستوبرد بكەن لە پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئەو پەیامە دەدەن بە جیهان، كە ئەگەرچی لەم ناوچەیەدا خوێن و ئاگر دەبارێت، بەڵام ئەوەتا كورد كار بە ڕۆحی دیموكراسیەت دەكات و ئامادەیە بۆ دروستكردنی حوكمی مەدەنی. ئەم پەیامەش هۆكاری دڵنیاكردنەوەی دۆستەكانە لەسەر بەردەوامی كورد لەسەر ڕیتمی دیموكراسی. ئەوەش لە كاتێكدایە پێكهاتەكانی دیكەی ناوچەكە بە لوولەی تانك و شریخەی فیشەك لەگەڵ یەكتر دەدوێن و بە شمشێر و قەمە یەكتری قەتڵوعام دەكەن.
‎ لە كاتێكدا دۆستەكان چاوەڕوان دەكەن سەركردایەتی كورد ئەدایەكی سەركەوتووتر بكات، نابێت كورد وەكو حزبی بچووكی كورتبین و پەرتەوازەو بەرژەوەندی تەسك بچێتە كایەكەوە. بەڵكو پێكهێنانی حكوومەت وا دەكات كورد وەك یەك قەوارەی سیاسی، یاسایی و شەرعی، وەك كەناڵێكی بەرپرسیار بۆ هەڵگرتنی ئەركەقورسەكانی ئێستاو داهاتوو، سیاسەت و ستراتیژی خۆی نمایش دەكات. بێگومان ئەوەش متمانەیەكی زۆر بە دۆستەكانمان دەبەخشێت كە بزانن كێ نوێنەری كوردە و لەگەڵ كێ وتوێژ و
‎ڕێككەوتن بكەن.
‎پێكهێنانی كابینەی داهاتوو، چاوپۆشینی لایەنەكان لە هەندێ ماف و داخوازی حزبی لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان، وا دەكات كورد وەكو یەك جەستە بێتە بەرچاو، وەك نەسیجێكی توندوتۆڵ و یەكگرتوو. لە كاتێكدا ئەوانیتر یەكتر دەتوێننەوە، باشتر كورد خەریكی تۆكمەكردنی خۆی بێت. كەواتە گەلی كورد لەبارترە بۆ هەڵگرتن و پێڕاسپاردنی ئەركە قورسەكانی ناوچەكە.
‎هەروەك بەدەر لە دۆخی ناوچەكەش، حزبەكان پێویستە حیساب بكەن بۆ داخوازی و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان. خەڵك بۆیە دەنگی داوە تاكو ئەنجامەكەی لەسەر ئەرزی واقیع ببینێت. ناكرێت لایەنەكان پرس بە خەڵك بكەن و لە چاوەڕوانیدا بیانهێڵنەوە. دەبێ كار بەو پرنسیپە جوانە بكرێت كە دەڵێت: سازشكردن بۆ یەكتر، سەركەوتنە.
‎ئاخر لەوەختێكدا خەڵك چاوەڕوانی خزمەتگوزاری و باشتركردنی گوزەران و چارەسەركردن و بنەبڕكردنی كێشەكانی لە حزبەكان دەكات، نابێ حزبەكان ئیجازە بە خۆیان بدەن ببنە كێشە و خەڵك دووچاری بێئومێدی بكەن.
‎هەرچۆن بێت، چ لە ناوخۆی كوردستان وە چ لە ئاستی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا، ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان دەیانەوێت براوەی یارییەكان بن، پێویستە زوو ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی جێبەجێ بكەن، ئەگینا نە دەبنە جێگەی متمانەی دۆستەكانمان، نە دەشبنە دڵخوازی جەماوەرەكەی خۆیشیان.