سەگڤان هالو
مێژووی سیاسی کورد و کوردستان پێمان دەڵێت کورد نەیتوانیوە سوود لە وەرچەرخانە سیاسییەکان ببینێت و لە گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی خۆی دوور کەوتووەتەوە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: کورد لە کوێی هاوکێشە سیاسییەکاندا بووە؟
سەرەتای ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، واتە قۆناغی سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەکان دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، وەرچەرخانێکی گەورە ڕوویدا دوای سەرکەوتنی بەرەی هاوپەیمانان لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا. بەڵام کورد بەهۆی هۆکارگەلێکەوە لە گەیشتن بە ئامانج دواکەوت. لێکترازانی سیاسی کورد وەک هۆکارێکی سەرەکی بووە هۆی ئەوەی خەونی لەمێژینەی نەهاتە دی.
قۆناغی چۆڵکردنی گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتی دوای شەڕی دووەمی جیهانی و دەرکەوتنی سیستەمی دوو جەمسەری کە بە شەڕی سارد ناسراوە، دیسان کورد لە دەرەوەی ئەم وەرچەرخانە سیاسییەدا مایەوە، سەرەڕای خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی بەردەوام.
کۆتایی هاتنی شەڕی سارد لە کۆتاییی ساڵانی هەشتاکاندا گەورەترین وەرچەرخان و باشترین دەرفەت بوو بۆ دۆزی کورد، کە سەرهەڵدانی چەمکەکانی دیموکراسی، ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بوو. جیهان لە دوو جەمسەرییەوە بەرەو یەک جەمسەری گۆڕانکاری بەسەردا هات. بەڵام جارێکی تر کورد لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دواکەوت و ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی نەپێکا.
بە درێژایی قۆناغەکان دەرفەتی زۆر ڕەخساون بۆ ئەوەی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تری ناوچەکە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوونی کورد بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە.
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی، ئەگەر بەرژەوەندی تەسکی حزبی و تاکەکەسیان وەلا نابایە و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەنگاویان نابایە، لەمێژ بوو کورد بووبووە خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی و کیانێکی سیاسی سەربەخۆ.
سەرۆک بارزانی بە پێی ئەزموونە سیاسییە گەورەکەی، هەمیشە جەختی لە ڕێکخستنەوەی ماڵی کوردان کردووەتەوە. لە هەر بەشێکی کوردستان گۆڕانکارییەک هاتبێتە ئاراوە، بە هەموو هێز و تواناوە هەوڵی داوە بۆ یەکگرتنەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای کوردایەتی.
لە کۆتاییدا دەپرسین: ئایا کورد لە گۆڕانکارییە هەنووکەییەکاندا خۆی لە کوێدا دەبینێتەوە؟ هەتا کورد ماڵەکەی لێکترازاو بێت و ڕێکی نەخاتەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبایەتی دانەنێت، گەیشتن بە ئامانج وەک خەونێک دەمێنێتەوە و بەس.