هاودەنگ فارووق
لە دوایین پەیامیدا بەبۆنەی ساڵی نوێ، سەرۆك بارزانی داوای كرد پەلە بكرێت لە دروستكردنی كابینەی دەیەمی حكوومەتی كوردستان. هەڵبەت ئەو بابەتە جگە لەوەی شایستەیەكی یاسایی و ئاسایی دەرئەنجامی دوای هەڵبژاردنە، پرسێكی چارەنووسسازیشە بۆ ئێستای گەلی كوردستان. بەڵام دەپرسین: بۆچی سەرۆك بارزانی داوا لە لایەنەكان دەكات دەستوبرد بكەن لە پێكهێنانی كابینەی دەیەم؟
ڕاستییەكەی ناوچەكەمان بە قۆناغێكی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. كورد بەشێكی گرنگی ناو كایە و جموجوڵی گۆڕانكارییەكانە، هەم نەیاری زۆر و دڵڕەقی هەیە، هەم دۆست و لایەنگری جێگەی متمانەیشی هەیە.
دۆستانی گەلی كوردستان چاویان لەسەر ئەوەیە ئەمجارە كورد پێگەی خۆی وەربگرێتەوە لە ناوچەكەدا ڕۆڵ و قەبارەی شایستەی خۆی هەبێت. بەڵام بۆ ئەو ئامانجە گرنگە، بە تەنها ڕۆمانسیەت و شیعر و شانامە بەس نییە، بەڵكو پێویستە كورد لە ڕووی هێز و پێگە و پێكهاتەوە زەمینەسازی بكات، خۆی بەهێز بكات و ئەو ڕۆڵە ئەدا بكات كە ببێتە جێگەی متمانەی یاریكەرە گەورەكان. ئەگەر وا نەبێت، كێ ئامادەیە هێلكەكانی خۆی بخاتە ناو سەبەتەی دڕاوی پینەكراو؟
هەرچی زووترە، پێویستە كورد یەكەم هەنگاو بنێت، ئەویش جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆك بارزانییە. كاتێ داوا دەكات پەلە بكرێت لە دروستكردنی كابینەی دەیەم.