شێرکۆ حەبیب
بەهیوای ساڵێکی بەختەوەر بۆ گشت لایەک بەئومێدی ساڵی تازە ساڵێکی ئارام و بێگرفت بێ بۆ هەموولایەک، بەتایبەتی کوردستان ئارام و ئاوەدانتر بێت وگرفت و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەکۆتا بێت و نێو ماڵی کورد دوور بێت لە دووبەرەکی و یەک هەڵوێست و یەک ئامانج بێت.
وەک نەریتێک ساڵانە لەسەر تاپای جیهان ئاهەنگ بەو یادە ساز دەکەن و هەر میللەت و نەتەوەیەک لەسەر شێوازی خۆیان.
لە ڕاستی ئەوەی ئەم ساڵ لە کوردستان بەدیمان کرد لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن دیمان و سەرەڕای قەیرانی دارایی کە حکوومەتی فیدراڵ بودجە پچڕ پچڕ بۆ هەرێم دەنێری کە تاوەکو ئەم ساتە وەختە بە دروستی نەیناردووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ئاهەنگ لە شارە جیاجیاکانی کوردستان سازکرا، لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان زۆر دوور بوون لە دابونەریەتی میللەتی کورد، ساتێک ئێمە وەک کورد خاوەن هەڵپەرکێ و گۆرانی ڕەسەنین، بۆ لاسایی وڵاتانی رۆژئاوا بکەینەوە، لە سەرتاپای ئەم جیهانە هیچ وڵاتێک لاسایی وڵاتێک یا نەتەوەیەکی دیکە ناکاتەوە بەڵکو هەموو شانازی بە هونەرەکەی خۆیان دەکەن ئەمەش هۆکارێکی پێشکەوتنی ئەو میللەتانەیە، تەنها ئێمەی کورد نەبێ کە بە نادروستیش لاساییان دەکەینەوە، بەداخەوە لە گەڵ هەندێ گۆرانی و سەما ئاڵای کوردستانیان هەڵدابوو کە هیچ پەیوەندی پێوە نەبووە، یا هەندێ گۆرانی وشەی بێ سەروبەر کە هیچ مانایەکی نەبوو نەک هەر ئەوە بەڵکو نەمانزانی بەچ زمانێک بوو، بەداخەوە هەرزەکارەکان و گەنجەکان فێری کلتورێکی سەقت و بێ بنەما دەبن کە دوورن لە خەسڵەتی کوردایەتی و پابەند بوونی نەتەوەیی و ئەو ئاهەنگانە لە سۆشیال میدیا زۆر ڕەخنەی لێگیرا.
ساڵانێکی زۆرە دوژمن و نەیاران لە هەوڵی لەناوبردنی کەلتور و رۆشنبیریی ڕەسەنی کوردن کە نەیانتوانی بە ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب کردن و ڕاگواستن ئەو مێژووە ڕەسەنە لە ناوببەن یا بیشێوێنن، ئەوەی ئێمە جیاواز دەکاتەوە لە دوژمن و نەیاران زمان و کەلتورەکەمانە وا خەریکە خۆمان بەدەستی خۆمان لەناوی دەبەین و کەلتوری بیانی زاڵ بێت بەسەرماندا، زۆر جار لە کاتی پێشکەش کردنی بابەت بۆ رۆژنامەنووسان چەند ساڵێک لەمەوبەر دووپاتی ئەوەم دەکردەوە کەوا هەر شت و بابەتێکی باش لە بیانییەکان وەریبگرین و ئەوەی خراپە و لەگەڵ دابونەریتی ئێمە ناگونجێ بۆ خۆیان وەک دەڵێن (ماڵی قەڵپ سەر بەساحێبیەتی)، بەڵام بەداخەوە وا خەریکە دابونەریەت و کەلتوری خۆمان لەدەست دەدەین و خۆمان بەدەستی خۆمان کەلتوری خۆمان دەشێوێنین، میللەتی کورد وەک میللەتانی جیهان خاوەن مێژوویەکی پر لە بەها و پرشەنگدار لە ئەدەب و مۆسیقا لە پاڵ بابەتەکانی دیکە، با ئەو مێژووە و ڕەسانایەتیە بپارێزین کە ئەوەش ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژووی هەموو تاکێکی کوردە.