حەمەسەعید حەسەن
(من بۆچی منم؟) ئه‌مه ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌کییه‌یه که (ئۆرهان پاموک) له ڕۆمانی (قه‌ڵای سپی)دا به دوای وه‌ڵامه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌ز وه‌ها به‌رسڤی ئه‌و پرسه ده‌ده‌مه‌وه: من بۆیه منم، چونکه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌نووسم. هه‌قه ئه‌وه‌یش بڵێم: (وه‌ک چۆن چیرۆک‌نووس له پێناوی ژیاندا چیرۆک نانووسێت، له پێناوی چیرۆکنووسیندا ده‌ژی،)(١) منیش له پێناوی دابینکردنی بژێویدا ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نانووسم، له پێناوی نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ده‌ژیم.
(تاعوون)ی ئه‌لبێر کامۆ (١٩١٣- ١٩٦٠) که ساڵی ١٩٤٧ دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، ڕۆمانێکی ئالیگۆرییه، (چیرۆکی ڕه‌مزی) باس له‌و په‌تایه ده‌کات، که به شاری (ئۆران)ی باکووری جه‌زائیردا، بڵاو ده‌بێته‌وه. بۆیه ده‌ڵێم ڕه‌مزییه چونکه کامۆ مه‌به‌ستی له‌و په‌تایه، داگیرکردنی فه‌ره‌نسایه له لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه. تاعوون تیشک ده‌خاته سه‌ر خه‌باتی ئینسان له پێناوی ژیاندا و له دژی مه‌رگ، مه‌رگێک که به هه‌مان چاو سه‌رنجی هه‌مووان ده‌دات و هیچ جیاوازی له نێوان تاوانبارێک و منداڵێک‌دا ناکات. که ئه‌ده‌بی کامۆ به‌گشتی ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌ده‌بی ناماقووڵهوه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه باسی ئه‌و ناماقووڵییهی ژیان ده‌کات. له تاعووندا که هه‌م فه‌لسه‌فه هه‌یه و هه‌م مۆراڵ، کامۆ باس له‌وه ده‌کات که ئینسان له ته‌نگانه‌دا چۆن ڕه‌وتار ده‌کات و بۆ ئه‌وه هانمان ده‌دات که هه‌ر یه‌کێک له ئێمه پێویسته خۆمان بین و وا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین که خۆمان وه‌ک تاک ده‌خوازین، ئازادانه بڕیار بده‌ین و له ڕه‌وتاری خۆمان به‌رپرس بین.
بۆیه باسی تاعوونی کامۆم کرد، چونکه زۆر شتی هاوبه‌ش له نێوان تاعوون و (قه‌ڵای سپی)ی ئۆرهان پاموکدا هەن که ساڵی ١٩٨٥دا بڵاو کرایه‌وه و له‌سه‌ر ئاستی دنیا ده‌نگی دایه‌وه. پاموک له (به‌یاز قه‌ڵا)دا، که ڕۆمانێکی دیرۆکییه و باس و خواسی فهلسهفییانهیش ده‌ورووژێنێت، چیرۆکی ژیانی خانه‌دانێکی ڤینیسایی ده‌گێڕێته‌وه که له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌مدا، چه‌ته زهریایییه تورکه‌کان دیلی ده‌که‌ن و دواتر له ئه‌ستانبووڵ، (خۆجه) که ئه‌ستێره‌ناسه، ده‌یکڕێت و ده‌یکاته کۆیله‌ی خۆی. لایه‌نه هاوبه‌شه‌کانی دوو ڕۆمانه‌که بریتین له: بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا، هه‌ڵسوکه‌وتی تاکه‌کان سه‌روه‌ختی ته‌شه‌نه‌کردنی په‌تاکه و نیشاندانی ترس و دڵه‌ڕاوکێیان. لای کامۆ ڕۆژنامه‌نووسێک تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ کن خۆشه‌ویسته‌که‌ی که له پاریس ده‌ژی، لای پاموک خانه‌دانی به کۆیله بوو، تاسه‌ی ڤینیسیا و خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات، وێڕای ئه‌مانه هه‌ردوو ڕۆماننووس به‌درێژی باس له بوون ده‌که‌ن.
(یوسف سائیغ که‌سێک بوو ته‌نیا، کریستیانێک بوو له نێوان موسوڵماناندا، کۆمۆنیستێک بوو له‌ناو به‌عسییه‌کاندا، موسڵاوییهک بوو له‌نێو بهغدادییهکاندا.)(٢) یوسف سائیغ هه‌مان ڕێی به‌در شاکیر سه‌ییابی تاقی کرده‌وه و له‌ویشی تێپه‌ڕاند. سه‌ییابی کۆمۆنیست، بوو به نه‌ته‌وه‌یی، سائیغی کۆمۆنیستی کریستیان، هه‌م بوو به ناسیۆنالیست و هه‌م بوو به موسوڵمانیش! کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی قه‌ڵای سپی، که‌سێکه به هه‌موو مانای وشه‌که ته‌نیا، دیله له نێو ئازاده‌کاندا، غه‌ریبه له وڵاتێکی بێگانه‌دا و کریستیانە له‌نێو موسوڵماناندا، وه‌لێ که پێی ده‌ڵێن: (ئه‌گه‌ر ببیت به موسوڵمان، ئازادت ده‌که‌ین، ئه‌گه‌رنا ده‌تکوژین، ل٣٤) ئه‌وێک که پێی وایه، ئایین شییاوی ئه‌وه نییه ژیانی له پێناودا به‌خت بکرێت، که‌چی له نێوان گۆڕینی ئایین و مردن‌دا، دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرێت. خانه‌دانی دیل، که ئاماده‌یه ده‌ست له ژیان و له ئازادی هه‌ڵبگرێت، له پێناوی ئاییندا نییه، له پێناوی ئه‌وه‌دایه که ده‌خوازێت خۆی، خۆی بێت و له‌ژێر گوشاردا بوونی خۆی له‌کیس نه‌چێت. ئه‌مه ئه‌و مه‌سه‌له هه‌ره گرنگه‌یه که جێی بایه‌خی ئه‌لبێر کامۆیش بووه له تاعووندا.
(کێ له ڤیرگینیا ۆڵف ده‌ترسێت؟) ناونیشانی شانۆنامه‌یه‌کی به‌ناوبانگی، شانۆنامه‌نووسی ئه‌مریکایی، (ئەدوارد ئه‌لبی)یه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ناوی شانۆنامه‌که و ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا هه‌بێت، ئاخر له‌و تێکسته‌دا هێج باسێک له ڤرگینیا ۆڵف (١٨٨٢ – ١٩٤١) نییه! پاموک له ساڵی ١٩٩٠دا ڕۆمانی قه‌ره کیتاپ که ده‌بێته (کتێبی ڕه‌ش) بڵاو ده‌کاته‌وه، له (قه‌ڵای سپی)یه‌وه بۆ (کتێبی ڕه‌ش،) ئه‌و وه‌ک ئه‌دوارد ئالبی ناکات، له خۆڕا ناو له کاره‌کانی نانێت. مه‌به‌ستی له قه‌ڵای سپی، ئه‌و قه‌ڵایه‌یه که ده‌که‌وێته پۆڵۆنیاوه و له‌شکری عوسمانی ده‌یه‌وێت به هۆی ئه‌و چه‌که زه‌به‌لاحه‌وه که خۆجه دروستی کردووه، ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت.
ڕۆمان هونه‌رێکه تایبه‌ت به شار، له شاردا ده‌نووسرێت و هه‌ر له شاریشدا چاپ ده‌کرێت و ده‌خوێنرێته‌وه. شیعر هونه‌رێک بوو، بۆ هه‌ڵبژارده ده‌نووسرا، ڕۆمان له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانیدا، ڕووی ده‌می له زۆربه بوو. جاران شیعر ئه‌م خێڵی له دژی ئه‌و خێڵ هان ده‌دا و ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی ده‌کرد به‌گژ ئه‌و نه‌ته‌وه‌دا، وه‌لێ ڕۆمان هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنیدا، بانگه‌شه‌ی بۆ لێبورده‌یی ده‌کرد و ڕێزی له جیاوازی ده‌گرت. ڕۆماننووس که‌سێکی شارنشینی سه‌ر به چینی ناوه‌نده، که‌سێکه چاوی له داهاتووی ڕۆشن بڕیوه. ده‌ستۆیفسکی شه‌یدای پهتروسبورگ بوو، قاهیره شوێنی ژیانی کاره‌کته‌ره‌کانی نه‌جیب مه‌حفووز بوو، جیمس جۆیس پێی وابوو، بۆ ئه‌وه‌ی جوان له‌سه‌ر دیبلن بنووسێت، پێویسته لێی دوور بکه‌وێته‌وه، چارڵس دیکنز خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی له‌نده‌ن بوو. له ڕۆمانی (به‌فر) دا، شوێن شاری قارسه، وه‌لێ ئه‌ستانبووڵ له زۆربه‌ی کاره‌کانی دیکه‌ی (ئۆرهان پاموک)دا، کاره‌کته‌رێکی سه‌ره‌کییه.
له (قه‌ڵای سپی)یشدا، شوێن هه‌ر ئهستانبووڵه، ئه‌ستانبووڵی سه‌ده‌ی حه‌ڤده که (په‌تایه‌ک وه‌ک سه‌رسه‌رییه‌کی بێ ئامانج به شاردا ده‌سووڕێته‌وه، ل١٠٧) که تێیدا دوو که‌سه سه‌ره‌کییه‌که‌ی ڕۆمانه‌که، به‌رده‌وام بیۆگرافیای خۆیان بۆ یه‌کتری ده‌گێڕنه‌وه و له ڕێی ددانپێدانانه‌وه، ڕه‌خنه‌ی توند له خۆیان ده‌گرن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، ناخی خۆیان پاکژ بکه‌نه‌وه، خودی خۆیان بدۆزنه‌وه و هه‌ر یه‌کێکیان له‌وه تێبگات که (ئه‌و بۆچی ئه‌وه؟) پاموک له قه‌ڵای سپی‌دا، له ڕێی ته‌کنیکگه‌لی گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه، مۆنۆلۆگ، خه‌ون و مۆتهکهوه، فێرمان ده‌کات خودی خۆمان بڕیار له‌سه‌ر ڕه‌وتار و هه‌ڵوێسته‌کانمان بده‌ین و لێ نه‌گه‌ڕێین، ببینه بووکه‌شووشه و هێزێکی ده‌ره‌کی بمانبزوێنێت. وه‌ک چۆن (نوورا)ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی (ماڵی بووکه‌شووشه)ی ههنریک ئیبسن (١٨٢٨ – ١٩٠٦) به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی خۆی، ماڵ جێ ده‌هێڵێت، په‌یامی (قه‌ڵای سپی)یش ئه‌وه‌یه، سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆمان بین. ماڵی بووکه‌شووشه که له ١٨٧٩دا نووسراوه، نموونه‌یه‌کی باڵای ئه‌ده‌بی مۆدێرنه، وه‌لێ قه‌ڵای سپی ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنه.
زۆرن ئه‌وانه‌ی توانای گێڕانه‌وه‌یان هه‌یه، که‌من ئه‌وانه‌ی به هۆی گێڕانه‌وه‌وه چیرۆکی هونه‌ری ده‌خوڵقێنن. ڕاسته چیرۆک هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، وه‌لێ ئه‌رکی سه‌ره‌کیی داهێنه‌ر به تێکستی ئه‌ده‌بی کردنی، گێڕانه‌وه‌یه. نووسه‌ر ڕه‌نگه که‌سێک بێت که ته‌نیا توانای نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیای خۆی هه‌بێت، وه‌لێ داهێنه‌ر، وێڕای نووسینه‌وه‌ی هونه‌رییانه‌ی ژیاننامه‌ی خۆی، توانای خوڵقاندنی ده‌یان و بگره سه‌دان کاره‌کته‌ری هه‌یه. سه‌رنجی ڕۆمانی (شه‌ڕ و ئاشتی)ی تۆلستۆی (١٨٢٨ – ١٩١٠) بده‌ن، ده‌ڵێیت که‌ڕنه‌ڤاڵی کاره‌کته‌ره. ئۆرهان پاموک یه‌کێکه له‌و نووسه‌ره داهێنه‌رانه‌ی توانای خوڵقاندنی کاره‌کته‌ری نه‌مریان هه‌یه، ئه‌وه بۆیه ئه‌وی قه‌ڵای سپی بخوێنێته‌وه، ئه‌سته‌مه هه‌رگیز خۆجه و کۆیله ڤینیسایییهکهی له‌بیر بچێته‌وه. ڕه‌نگه جیاوازیی سه‌ره‌کیی نێوان گێڕانه‌وه و تێکستی هونه‌ری ئه‌وه بێت، یه‌که‌میان پشتی به واقیع قایمه و دووه‌میان زاده‌ی خه‌یاڵه، یان ده‌توانین بڵێین، یه‌که‌میان ڕووداوی ڕاسته‌قینه ده‌کات به سه‌رچاوه و دووه‌میان، گۆنته‌ر گراس گوته‌نی: جۆرێکه له جۆره‌کانی درۆ، ئاخر ئه‌وی نووسین بکات به پیشه، ناچار ده‌بێت، درۆیش بکات. (ڕۆمان نه له بازنه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌کدا گیر ده‌خوات، نه مل بۆ هیچ ڕێسایه‌ک که‌چ ده‌کات، ئه‌وه بۆیه ژان ڕیکاریۆ که ڕه‌خنه‌گرێکی فه‌ره‌نسایییه، ده‌بێژێت: ڕۆمان نووسینه‌وه‌ی سه‌رکێشی نییه، سه‌رکێشییه له نووسیندا.)(٣)
*
(١) ئۆرهان پاموک، قه‌ڵای سپی، وه‌رگێڕانی له تورکییه‌وه: به‌کر شوانی، ل٢٤ ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٨ هه‌ولێر.
(٢) علی بدر، ٣ سنوات علی الرحیل ٢٠/ ١٢/ ٢٠٠٨ الحیاە.
(٣) د. جابر أحمد عصفور، إبتدأ زمن الروایه، الروایه العربیه، ممکنات السرد، أعمال الندوه الرئیسیه لمهرجان القرین الثقافی الحادی عشر، ص ١٥٥ المجلس الأعلی للثقافه و الفنون و الأداب ٢٠٠٨ دوله الکویت.