عومەر چنگیانی
بەشی دووەم
5. كە تەنها و تەنها وەڵامەكەی لای قورئانە كە لە ئایەتی “پەنجاوحەوت”ـی سوورەتی “ئەعراف”دا دەفەرمێت: “خوایە دروستكەر و بەگەڕخەر و نێرەری”.
6. وشەی “رسول و مرسل و رسالە و مرسلین و ارسال” بە داڕشتنە لێكجیاكانیەوە، لە قورئاندا زۆر مانا دەگەیێنن و هەر كەس – تایبەت بانگەوازخواز – بیەوێ لەم قورئانە نزیك ببێتەوە بۆ لێكدانەوەی، پێویستە زۆر زۆر خوێندەوار بێت دەربارەی زمانەكەی قورئانەوە و بە لانی كەمەوە دەبێ: “ڕێزمان (نحو صرف) و ڕەوانبێژی (بلاغە) بە هەرسێ بەشەكەی (بیان و بدیع و معانی) و، هۆكاری ناوەكان و زمانەكە – فقه اللغە ـ …هتد” بزانێ، دەنا بیكەنە خاتری خوا مەبنە هۆی ناشیرینكردنی خۆتان، ناڵێم ناشیریننەكردنی قورئان، چونكە خۆتان وەبەر خەشمی خوێندەوار و مێژوو دەخەن. وەك چەند جاری تریش ئاماژەمان پێ كردووە هەر سوێندێك چەند پایە (ركن)ـی هەیە و ناكرێ هیچ پایەیەك فەرامۆش بكرێت، جا یەكێك لە پایەكانی سوێند ئەوەیە ئەو سوێندە بۆچی دەخورێت بەمانا بۆ بەهێزكردنی چ شتێكە كە پێویستی بەو سوێندە هەبێت؟
دیارە خوا پێویستی بە سوێند نییە بیخوات، بەڵكو بۆ ئەوەیە فێرمان بكات كە ئەو شتە لەلای ئەو جێگای بایەخە و لە ڕێگای سوێند خواردنەكەوە فێرمان دەكات كە چ بەهایەكی هەیە.
دوای ئەوەی لە شەش ئایەتەكەی پێشووی سورەتی “والمرسلات عرفا” كە ئەو سوێندانەی خوارد بە دوویاندا فەرمووی:
“بە ڕاستی ئەوشتانەی بۆ ئێوە باس دەكرێت و پێتان دەگوترێت كە ڕوو دەدەن، یان وێتان دەدرێت، یان لێی دەترسێنرێن، ڕاستە و ڕوو دەدات”.
وەك تێبینی دەكەین بە شێوازی داڕشتنی پڕ لە ڕەوانبێژی پێمان دەڵێ: ڕوو دەدەن و وەك ڕووداو وان!
قسەیەك لەسەر دوو وشەی “وەعد” و “وعید”:
لە خوێندنەوەیەكی وردماندا بۆ ئایەتەكانی قورئانی پڕ لە بەخشش، بۆمان دەردەكەوێت كە بەكارهێنانی ئەم دوو وشەیە هەر یەك بۆ مانایەك دێت و لە جێی یەكتریش بەكار دەهێنرێن بەڵام بەشێوەیەكی گشتی “وەعد” بۆ سۆزی و بەڵێن پێدانە بۆ بە دەستخستنی شتێك كە جێگای دڵخۆشی بێت و، “وەعید”یش بۆ تۆقاندن و ترساندنە لە ئاكامی كار یان گوتارێكی دیاریكراو، ئەوەتا لە شیعرە بەناوبانگەكەی كە لە بەردەم پێغەمبەردا – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – كە “كەعبی كوڕی زوهەیر” (1)خوێندییەوە و دەستپێکەکەی ئاوهایە:
بانت سعاد فقلبی الیوم متبول
متیم إثرها لم یفد مكبول
پاشان دەڵێ:
نبئت أن رسول الله أوعدنی
والعفو عند رسول الله مأمول
واتە: “من هەواڵی ئەوەم پێ گەیشتووە كە پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، وەعیدی بۆ بەكار هێناوم و فەرمانی ترساندنی لە هەق مندا گوتووە، کەچی لە بەخشین و خەڵاتكردن بەو لاوە، لەو چاوەڕوان ناكرێت”.
دوا بەدوای ئەو سوێندخواردنانە و ئەو ڕوونكردنەوانە، دێتە سەر باسی كۆتایی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە لەلایەك و باسیش لە هەندێك لە نیشانەكانی گەورەیی دەسەڵاتی خۆی دەكا و دەفەرمێت:
“ئەوكاتەی ئەستێرەكان وەك چاوی كوێراییداهاتوو بێ ڕووناكی دەمێننەوە و ئاسمان كە یەكپارچەیی پێوە دیارە چەندین كەلێنی تێ كەوت و چیاكان ڕۆچێنران و پێغەمبەران چیدییان بە شوێندا نەهات و ئەو باسانەی ئەوان كردبوویان كاتەكەی هاتە جێ و، خەڵك كەوتنە بیستنی وەڵامی پرسیارەكانیان بۆ ڕۆژی جیاكردنەوەی هەق لە بەتاڵ و چاك لە خراپ”.
بە ئەركی دەزانم لێرەدا بە بیری خوێنەرە بەڕێزەكانی ئەم بابەتەیدا بێنمەوە، كە هەرگیز نابێ لە ئاستی ئەم ئایەتانەی لە لای زانایان، پێیان دەگوترێت: “ئایەتی كەونی” كە باس لە نهێنییە گەردوونی و شێوازی دروست بوون و گەڕ و خولی مانگ و خۆر و ئەستێرەكان دەكەن، تەنیا دۆش دابمێنن بە دیار چەند وشەیەكەوە كە من یان پێش من هەر كەس نووسیبێتی، بەڵكوو بگەڕێنەوە بۆ لای زانستەكانی ئەو بوارە و بە سەدان سەرچاوەی نووسراو و گرتەڤیدیۆ هەیە سوودیان لێ بكەن.