حەمەسەعید حەسەن
دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم
سۆفی کە هەستی بە خەوشێک لەوی دیکەدا کرد، هەوڵ دەدات سەرەتا ئەو خەوشە لە خودی خۆیدا چاک بکات، ئاخر ناکرێت هەوڵی چاککردنی خەوشێک لەوی دیدا بدات کە هێشتا ئەو خەوشەی لە خۆیدا چاک نەکردبێت. سۆفی تەنیا کەسانی سەر بە تەریقەتەکەی خۆی خۆش ناوێت، کەسانی سەر بە تەریقەتەکانی تر و ئایینەکانی تریشی خۆش دەوێت. سۆفی ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت، چی چاکەی لە دەست دێت، لە پێناوی ئەوانی دیدا بیانخاتە گەڕ، ئەوانی تر پێش خۆی بخات و خۆی پێ لە کەس گەورەتر نەبێت، با خاوەنی پلە و پایەی بڵندی کۆمەڵایەتییش بێت. سۆفی پێی وایە، ئەگەر دڵی کەسێکی خۆش کرد، وەک ئەوە وایە دڵی پەیامهێنی خۆش کردبێت و ئەگەر بە هانای خەڵکەوە نەچێت، لێبوردەییی خوا نایگرێتەوە. سۆفی بڕوای بەوەیە، (ئەوی خۆی لە خزمەتکردنی خەڵک بدزێتەوە، خزمەتی خوایشی پێ ناکرێت.)
خۆشەویستیی سۆفی دەبێت بەشی هەمووان بکات بە چاک و بە خراپیانەوە، ئاخر ئەگەر خوا خراپەکارانیش بە عەبدی خۆی بزانێت، چۆن دەبێت سۆفی وەک خوشک و برای خۆی سەرنجیان نەدات؟ سۆفییەکان لەوەدا لە شیوعییەکان دەچن کە بڕوایان بە موڵکی تایبەتی نییە، خۆیان بە خاوەنی هیچ نازانن و ئەگەر شتێک شک ببەن، پێکەوە سوودی لێ دەبینن. سۆفی مافی ئەوەی نییە، بۆ نموونە بڵێت،:باخەکەم، یان خانووەکەم، چونکە هەر چی هەیە و نییە، بە ئینسانیشەوە موڵکی خوان. هەر ئەم هەستەیشە وای کردووە، خەڵکی ڕۆژهەڵات پێیان خۆشە زۆرترین خزمەتی میوان بکەن و چییان هەیە بۆ میوانی دابنێن و هیچی لێ نەشارنەوە. سۆفییەکان هەستێکی وایان لەکن هەیە، وەک لە ئەزەلەوە یەکتری بناسن و ئەگەر سەر بە یەک تەریقەت بن، ئەوا خۆیان بە خێزانێکی ڕۆحی دەزانن و من و تۆ لە نێوانیاندا نییە، هەر دەڵێیت هەموویان یەکێکن.
سۆفی گۆشەی خانەقا بووم، ئێستە پیری مەیکەدەم
زاهیدی خەڵوەتنشین بووم، ئێستە مەست و مەیزەدەم
هێمن
کە ژمارەی سۆفییەکان ڕووی لە هەڵکشان کرد، ئیدی ماڵی شێخ، جێی هەموویانی تێدا نەدەبووەوە، بۆیە خانەقایان دامەزراند کە تێیدا درێژە بە خواپەرستی بدەن. خانەقا جێی مورید و فەقێیان بوو، (گۆشە)یش هەرچەندە هەر سەر بە خانەقا بوو، بەڵام جێیەکی تەریکبوو، تایبەت بە شێخ، وەک چۆن هەنووکە لە مزگەوتدا ماڵی تایبەت بە مەلا هەیە. (تەکێ)یش کە بۆ یەکەم جار تورکەکان بەکاریان هێناوە، بە مانای بارەگای ئەهلی تەریقەت دێت. زۆر جار مەزاری شێخ لە هەمان جێی خانەقادا بووە، ئیدی یان کە کۆچی دوایی دەکرد، لەوێ دەیانناشت، یان بە دەوری مەزارەکەیدا تەکێ و خانەقایان دادەمەزراند. ئەو دوو ڕێبازەی لە کوردستاندا شوێنکەوتووی زۆریان هەیە، قادری کە عەبدولقادری گەیلانی (١٠٨٨ – ١١٦٦) ڕێبەری بووە و نەقشبەندی کە مەولانا خالید ( ١٧٧٩ – ١٨٢٨) لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا دایمەزراندووە.
مورید لە (خانەقای مەولەوی)دا، دەبوو هەزار ڕۆژ لە ناندیندا کار بکات و هاوزەمان بتوانێت مەسنەویی مەولانایش بە ڕەوانی بخوێنێتەوە و لێی تێبگات. لە ڕێوڕەسمی قەبووڵکردنی موریددا، دەبوو خەرقە و کڵاوی تایبەت کە بە تاجی دەزانن، وەربگرێت، دەست بخاتە ناو دەستی شێخەوە و بەیعەت بدات. یونس ئیمرە گوتوویەتی: دەروێش بە کڵاو نابێت بە سۆفی، چونکە سۆفیبوون لە سەردایە، لە کڵاودا نییە.(*) سۆفییان چونکە هەمان پۆشاکیان لەبەر دەکرد، وایان هەست دەکرد یەک جەستەن، گوتوویانە: ئەوی دەیەوێت لەگەڵ خوادا دابنیشێت، با بچێت لەگەڵ سۆفییاندا دابنیشێت، بەڵام ئەوی تێکەڵیان ببێت و لەگەڵیاندا نەبێت، نووری ئیمان ڕێی ناکەوێتە دڵی.
پەیامهێن گوتوویەتی کە بۆ ماڵی دۆست دەچین، دەبێت لاقی ڕاست پێش بخەین، لای سۆفییانیش ئەوە بەدئەخ(لاقی)یە، ئەگەر (لاقی) ڕاست پێش نەخەین. سۆفی کە بە وڵاتانی ئیسلامیدا دەگەڕێت، پێویستە عەسا و دەفری دەرۆزەکردنی پێ بێت و ئەو سۆفییانەیشی پێشوازیی لێ دەکەن، دەبێت بە گەرمی میوانداریی بکەن، هەلی خۆشووشتنی بۆ بڕەخسینن و پۆشاکی پێ ببەخشن. ئەرکی سۆفی لە خانەقادا، بەوەوە بەندە، چەند ڕێی بڕیوە و لە کام مەقامدایە، ئەو جیاکارییە پێوەندیی بە جێپێی چینایەتییەوە نەبوو، زادەی خۆماندووکردن، خواپەرستی و جیهادی سۆفی بوو لەگەڵ خودی خۆیدا. شێخ لەسەر کورسیی دەسەڵات دانانیشت، مافوورنشینە، ئەوی جێی بگرێتەوە، لەسەر هەمان مافوور دادەنیشێت. دەبێت خەلیفەی شێخ، کەسێکی شیاو بێت، ئاخر شێخایەتی وەک میراتی لە باوکەوە بۆ کوڕ نامێنێتەوە، ئەگەر وای لێ هات، بایەخی نامێنێت.
*
(*) گرنگ ئەوە نییە، کاسکێتێکی وەک ئەوەی لینینمان لە سەردا بێت، گرنگ ئەوەیە، سەرێکی وەک ئەوەی لینین لەژێر کاسکێتەکەوە بێت.