هەنگاو بەرەو دواوە

حیات مجید
رۆژی٢١/١/٢٠٢٥ رۆژێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ کورد، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زه‌وى و موڵک و ماڵى بۆ خاوەنەکانیان پەسەند کرد،، بەڵام هه‌مان رۆژ، له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، دەنگدرا لەسەر پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩.
لە رێگەی ئەم هەموارەوە دەست براوە بۆ ماددەی (٢)ى ئه‌و یاسایه‌، كه‌ گەڕانەوەیه‌ بۆ مەزهەبی شیعەو سووننە و یاسا پابەند ده‌كات پێوه‌ى، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكدان و پچڕاندنی شیرازەی کۆمەڵگە، ئه‌وه‌ش به‌كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌رى هه‌ندێك بیركردنه‌وه‌ى مه‌زهه‌بییانه‌.یه‌كێكى تریش له‌و بڕگانه‌ى له‌و دانیشتنه‌ى نوێنه‌راندا هه‌مواركرایه‌وه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕگەی(٥) بوو لە ماددەی (١٠)، كه‌ رێگه‌ به‌په‌سه‌ندكردنى ئه‌و هاوسه‌رگیرییانه‌ ده‌دات كه‌له‌ ده‌ره‌وه‌ى دادگا ئه‌نجامدراون، ئه‌مه‌ش هیچ به‌هایه‌كى بۆ یاساو دادگا نه‌هێشتۆته‌وه‌ و چاره‌نووسى كچانى منداڵى خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
دەستبردن بۆ هەموارکردنەوەی یاسا به‌م شێوه‌یه‌، پاشەکشەیە لە پرۆسەی دیموکراسی، رێگەدانە بە چەوساندنەوەی ئافرەتان و دروستکردنی ئاشووب و ئاژاوەی ناوخێزان و پچراندنی شیرازەی خێزان و دروستبوونی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی. ئه‌م هه‌مواره‌، كه‌ ناڕه‌زایه‌تى زۆرى ژنان و پیاوانى یه‌كسانخوازو ئازادیی خوازو چالاكوانى لێكه‌وته‌وه‌، بەشه‌رعیه‌تكردنى به‌زۆر به‌شوودانى كچانى منداڵ و کۆیلەکردنی منداڵ و نەوجەوانانە، دژایه‌تیكردنى ته‌واوى بڕگه‌و به‌نده‌كانى جارنامەی جیهانی پاراستنى مافه‌كانى منداڵه‌، ئه‌م هه‌مواره‌، له‌سه‌ده‌ى 21دا، عیراقى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ مێژووى سه‌دان ساڵ پێش ئێستا.هه‌مواره‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، بێ بەهاکردنی مرۆڤ و بچوکكردنەوەی ئافرەتە لە چوارچێوەی خێزان و کۆمەڵگەدا، بەجۆرێک منداڵ وای لێدەکرێت لە تەمەنێکی بچوکەوە رووبەڕووی بەرپرسیاریەتی گەورە بکریتەوە کە کاریگەرییەکی نەرێنی گەورە دروست دەکات لەسەر توانا جه‌سته‌یی و عه‌قڵییه‌كه‌ى.
لەلایه‌كى تره‌وه‌، کاریگەری خراپی دەبێت لە رووی تەندرووستییەوە، چونكه‌ وه‌ك پزیشكان ده‌ڵێن جه‌سته‌و لەشولاری کچێکی منداڵ ئامادەی ئەو پرۆسەیە نیە و توانای پەیوەندی سێکسی و منداڵ خستنەوەی نیە و ئه‌گه‌رى زۆرى هه‌یه‌ تووشی کارەساتی تەندروستی گەورە ببێت تا ڕادەی مردن. له‌ ئه‌گه‌رێكیشدا ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ له‌دایك ببێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ منداڵێكى ناتەندروست و كه‌م ئه‌ندام ده‌بێت له‌رووى جه‌سته‌یی و ته‌ندروستییه‌وه‌، دایكه‌كه‌ خۆى هێشتا منداڵە و پێویستى به‌چاودێرى و ئاگالێبوون هه‌یه‌، ئیتر چ توانایه‌كى هه‌یه‌ منداڵیک بخەیتە ئەستۆی و به‌خێوو پەروەردەی بکات.
ئەم پرۆسەیە دورو درێژەو داهاتوویەکی خراپ چاوەریی کۆمەڵگی عیراقی دەکات، ده‌یخاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسى تێكچوونى شیرازه‌و سه‌قامگیرى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاشته‌وایی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ته‌واوى ده‌شێوێنێت. ده‌نگده‌رانى ئه‌و هه‌مواره‌،هەڵەیەکی مێژوویان کرد بەرامبەر بە ئافرەت و نەوجەوان و منداڵان، پێویستە لەسەر هەموو دڵسۆزانی كه‌یسى ئافرەتان، رێکخراوەکان،پەرلەمانی کوردستان، رێگە نەده‌ن ئەو یاسایە لە کوردستان جێبەجێ بکرێت و ئەولەوییەت بۆ یاساکانی پەرلەمانی کوردستان بیت.