لیا سەیفەدین
لەسه‌ره‌تاكانى مێژووی مرۆڤایەتییه‌وه، خێزان بە شێوازی نەریتی و وەک ئێستا لەئارادا نەبوو، ئامرازەکانی کارکردنیش خۆرسک و سروشتیی بوون و موڵکی کەس نەبوون، بۆیە دابەشبوونی ئەرکەکان، بەهاو بەرژەوەندییەکانیش وەک ئێستا نەبوون، مرۆڤ به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه، نێر و مێ، ته‌نها لە پێناو مانەوەدا دەژیان و کەسیان بیریان لە چەوساندنەوەی ئەوه‌ی ترنەدەکردەوە.ئافرەت هه‌ر له‌سه‌رتاوه بەرهەمهێنەرێکی سروشتی بوو، چی لە ڕووی بایۆلۆژییەوە، چی لەڕووی جەستەیی و فیزیکییەوە وای کردبوو ئافرەت لەو سەردەمەدا لە پێگەیه‌كی ناوەنددابێت و رۆڵی سەرەکی لەژیانی کۆمەڵایەتی و یه‌كه‌بچووكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خێزاندا بگێڕێت.
دواى ئه‌و گۆڕانكارییه ریشه‌ییانه‌ى به‌سه‌ر ژیان و ژینگه‌و سروشت و مرۆڤایه‌تیدا هات، سروشتى ژیان سروشتێكى به‌رژه‌وه‌ند ئامێزى وه‌رگرت، دابەشبوونی کار بوو بە پێویستییه‌كی سه‌ره‌كى مرۆڤ، لەو دابەشبوونەشدا ئافرەتان گیرۆدەی ئەرکەکانی ماڵەوە کران و پیاوانیش ئەرکە گشتییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ماڵ و کۆمەڵگەیان گرتە ئەستۆ. پاوانكارى و ده‌سه‌ڵاتخوازى، كه‌وته نێوان مرۆڤه‌كان و له‌نێوان ئه‌وانیشدا كه‌وته نێوانى ره‌گه‌زه‌كانى نێر‌و مێوه، قۆناغ لەدوای قۆناغ ئافرەتان زیاتر پەراوێز ده‌خران و پێگەیان لەق و لاوازكرا.
پەراوێزخستن یەکێکە لە کاریگەرترین توندژتیژی و سەرچاوەیه‌كیشه بۆ جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی، چونکە کاتێک ئافرەت پەراوێزخرا، نا‌توانیت سود له بەهرەو تواناکانی وەربگرێت، بۆ بەدیهێنانی ئامانجه په‌روه‌رده‌یی و كلتوورى و ئابوورى و پەروەردەیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى خێزان و كۆمه‌ڵگه.ئافرەتان قۆناغ دوای قۆناغ باروودۆخیان خراپتربوو، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوە و جەورو ستەم بەسەر ده‌رون و جه‌سته‌یاندا سه‌پێندرابوو.
لە قۆناغی کۆیلایەتیشدا، ئافره‌تان پشكى شێریان به‌ركه‌وت و وه‌ك كاڵایه‌كى هه‌رزان کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا، لە قۆناغی دەرەبەگیشدا، ئافره‌تان رووبه‌رووى چه‌وساندنه‌وه بوونه‌وه‌و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كارێكى زۆر‌و تاقه‌ت پڕوكێنیان پێده‌كرا، هاوكات كه‌مترین ماف و ده‌ستكه‌وتیان هه‌بوو.لە قۆناغی سەرمایەداریشدا لە کارگە و كێڵگه‌كاندا، ئافره‌تان له‌ژێر بارێكى قورسى كاركردن و چه‌وساندنه‌وه‌و ده‌ستدرێژى سێكسیدابوون و خاوه‌نى هیچ ماف و رۆڵێك نه‌بوون، سەرەڕای ئەمانەش لە ماڵەوە ئەرکى به‌ڕێوه‌بردنى خێزان و پێداویستییه‌كانى رۆژانه‌و به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنى منداڵ، ئیش و كارى ناوماڵى خرایه ئه‌ستۆ و زۆرینه‌ى كات وەک خزمەتکار مامەڵەی لەگەڵ ده‌کرا.
چەوساندنەوەی ئافرەتان بوو بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی جیهانیی، جۆری چەوساندنەوەکە لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازبوو، بەڵام له‌سه‌ر ئاستى كۆى كلتور‌و كۆمه‌ڵگه‌كان، هه‌مووان هاورابوون له‌سه‌ر بێرێزى و چه‌وساندنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له‌ناوبردنى ئافره‌تان. دوای ئەم قۆناغانه‌و له‌ماوه‌ى دووسه‌ده‌ى رابردوودا، تاڕاده‌یه‌ك، رێزگرتن و باوه‌ڕبوون به‌ماف و پێگه‌و رۆڵى ئافره‌ت له‌حاڵه‌ته‌وه بوو به‌دیارده‌و دواتریش كلتورێكى باڵا‌و فراوان، لێره‌و له‌وێ به‌شێوازو میكیانیزمى جیاجیا هەوڵی گه‌ڕاندنەوەی مافەکانی ئافرەتان ده‌درا، لەوڵاتانى خۆرئاوا خەباتی بێ وچان کرا لە پێناوی رزگارکردنی ئافرەتان لە ژێر کۆت و ستەم و زەبر و چەوساندنەوە، تاڕادەیەکی باشیش ئەنجام و ده‌ستكه‌وتیان هه‌بوو، ئەم خەباتە گشتگیر‌و درێژخایانه تا ئاستی دڵخۆشی و رزگارکردنی ئافرەتان لە کۆیلایەتی و گەڕانەوەی ماف و پێدانی دەرفەت و سودوەرگرتن لە تواناکانیان و هاوسەنگ کردنەوەیان بە رەگەزی نێر به‌رده‌وامیی هه‌بوو، بەشێوەیەک مافه دەستوری و کلتوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییه‌كانى ژنان بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
ئێستاش كه ئه‌و خه‌باته به‌رده‌وامه‌و له‌سه‌ر ئاستى جیهانى كۆده‌نگیی له‌سه‌ر كۆى مافه سیاسى، ده‌ستورى، ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى، كلتورییه‌كانى ئافره‌تان هه‌یه، به‌ڵام لێره‌و له‌وێ ده‌نگ و ویستى نه‌شاز، له‌سه‌ر ئه‌و یه‌كسانییه به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت، ئه‌مه‌ش ئه‌ركى خودى ئافره‌تان و رێكخراوه‌كانى ئافره‌تان به‌تایبه‌ت و كه‌سانى ئازادیی خواز‌و یه‌كسان خوازى قورسكردووه، به‌وه‌ى سازش له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وت و مافانه نه‌كه‌ن كه‌تا ئێستا به‌ده‌ست هاتوون و رێگه نه‌ده‌ن كاروانى خه‌باتى ئافره‌تان به‌ره‌و دوا بگه‌ڕێته‌وه.