نه‌بات ئەحمەد
خێزان بەردی بناغەی كۆمه‌ڵگه‌و بچوكترین یه‌كه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه، رۆڵێكى هه‌ستیارو گرنگیی هه‌یه له بنیاتنانی کەسایەتی مرۆڤدا، یەکەم ژینگەیە کە منداڵ تێیدا کارلێک له‌گه‌ڵ دونیاى ده‌ره‌وه‌ى ناو جه‌سته‌ى دایكى ده‌كات و فێری ئەو بنەمایانە دەبێت کە ڕەفتارەکانی له‌سه‌ر بنیاد دەنێت، وەک ڕاستگۆیی، میهرەبانی، هاوکاری و ڕێزگرتن، ئه‌وه‌ش لە ڕێگەی ئەو مامه‌ڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وته گونجاوو جوانانه‌ى دایک و باوک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پیاده‌ى ده‌كه‌ن و له‌ده‌رون و یاده‌وه‌رى منداڵه‌كانیاندا ده‌یچه‌سپێنن.
پەروەردەی بەها تەنها بە قسە نابێت، بەڵکو لە کرداردایە، کاتێک منداڵ دەبینێت دایک و باوکی پابەندن بە بنەما په‌سه‌نده‌كانه‌وه، ئەوا ئه‌ویش ده‌بێته هه‌ڵگرى كۆى ئه‌و بنه‌مایانه‌و ده‌یكاته سه‌رمه‌شقى ره‌فتاره‌كانى له‌ژیانى رۆژانه‌یدا.پەیوەندییه‌كی دروست و بەردەوام لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، ئەم بەهایانە بەهێزترو كاریگه‌رتر دەکات، چونکە گفتوگۆکردنى ئه‌ندامانى خێزان لەسەر بارودۆخی ڕۆژانە و چۆنیه‌تى ئیش و كاره‌كانیان، یارمەتی منداڵ دەدات زانیارى باشى له‌سه‌ر ژینگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى خێزانه‌كه‌ی و چۆنیه‌تى ژیانكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شته نوێكاندا كۆبكاته‌وه، هه‌روه‌ك فێرى ئه‌وه‌ش ده‌بێت له‌رێگه‌ى گفتوگۆ‌و راگۆڕینه‌وه‌وه باشترینى بژارده‌كانى ده‌ستبكه‌وێت و بگاته ته‌ندروستترین بازنه‌ى بیركردنه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ى دروست.
لەگەڵ پێشکەوتنه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و گۆڕانكارییه‌كانى سەردەمدا، خێزان ڕووبەڕووی چه‌ند كۆسپ و ئاستەنگێكی نوێ دەبێتەوە، وەک كێشه‌ى کاریگەری تەکنەلۆجیا و میدیا لەسەر ره‌فتارو مێشکی منداڵان، لێرەدا جارێكى تر ڕۆڵی خێزان، رۆڵێكى كاریگه‌ر ده‌بێت بۆ دورخستنه‌وه‌ى منداڵه‌كانیان له‌كه‌وتنه ژێركاریگه‌رى ئه‌و ته‌وژمه‌و سنورداركردن و فلته‌ركردنى كات و ناوه‌ڕۆكى ئه‌و بابه‌تانه‌ى له‌رێگه‌ى ئامێره زیره‌كانى ناو خێزانه‌كانه‌وه به‌رى ده‌كه‌وێت و ته‌ماشایان ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌رپرسیار ده‌بن له‌هاندانى منداڵه‌كانیان بۆ ته‌ماشاكردن و بایه‌خدان به‌و ڤیدیۆ‌و به‌رهه‌مه میدیاییانه‌ى ئاستى ژیرى و پارێزگاریكردن له‌جه‌سته‌و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانى گه‌وره‌و ژینگه‌ى چوارده‌وریدا گه‌وره‌ترو كامڵ تر ده‌كات.بۆیه هه‌ر خێزانێک کە گرنگی بە چاندنی بەها باش و خێزانییه‌كان بدات، نەک هەر بەشدارە لە پەروەردەکردنی منداڵه‌كانى خۆیدا به‌شێوه‌یه‌كى باش و نمونه‌یی، بەڵکو به‌شداریش ده‌بێت له بونیادنانى کۆمەڵگایەکی سەقامگیرتر و بەهێزتردا.