د. نەزاکەت حسێن
وتاری سەرکردە، بەتایبەتی سەرکردە جیهانیەکان کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە لەهاوکێشە سیاسی و نێودەوڵەتیەکاندا، یەکجار کاریگەرە و دەبێتە بنەما بۆ پەیوەندەیەکانی نێوان وڵاتان و ستراتیژی کاری داهاتووی ئەو وڵاتە، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش کاریگەری دەکاتە سەرستراتیژی ئەو وڵاتانەی هاوپەیمان و ئەوانەی دۆستی ئەو سەرکردەیەن.’ دۆناڵد ترەمپ’ سەرکردەیەکی کاریزما و کاریگەر و ڕەفتار سەرنج ڕاکێشە، بە بەروارد بەسەرکردەکانی تری پێشووی ئەمریکا، هەموو هەڵوێست و کردار و گوتاری دەبێتە جێی باسوخواس و شیکار و راڤەی جۆراوجۆر. وتاری رۆژی سوێندخواردنەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی، گەرچی من ناچمە ناو بڕگە بڕگە و مەغزای بابەتەکە . ئەوەندەی لەچەقی مانا گشتیەکەی کە لێی دەڕوانیت ستراتیژ و ئەجندای کۆکردوەتەوە لە ‘Just America’’ بەتەنها ئەمریکا. باسەکە ئەوە نیە کە ئەو جیهان پشت گوێ دەخات، بەڵکو کۆی ستراتیژی بۆ جیهان بریتیە لە ‘بەهێزکردنی ئەمریکا’ ئەمە مافی هەموو سەرکردەیەکە کە بەهێزی بۆ وڵاتەکەی فەراهەم بهێنێت. بەڵام لەولاشەوە ئەگەر ئێمە لەکێشە جیهانیەکان بڕوانین ئەگەر لە ڕابردوودا لەکۆنگرە جیهانیەکاندا باس دەکرا بریتی بووبن لە’ چەکی ئەتۆمی و گۆڕانی کەشوهەوا و ڕێکخستنی تەکنەلۆجیا و پەتا ڤایرۆسیە جیهانیەکان…هتد’ کە هەموویان پێویستیان بەهاریکاری و پێکەوەیی و هەبوونی دامەزراوە و رێکخراوی نێودەوڵەتیە، کەبەهاوبەشی وڵاتان کار بۆ ررووبەروبوەنەوە و کەمکردنەی زیانەکانیان بکرێت. بەڵام سەرباری ئەم کۆڕبەندەی ئابوریەی ئەمساڵی داڤۆس جێ سەرنج و نوێ بوون، دووربوون لە سەرباسی کۆربەندەکانی پێشووتر،تارادەیەک باسەکانی پەیوەست بەخودی مرۆڤ و پەیوەندیە سیاسی ونێودەوڵەتیەکان وترس لەگەشەی شاراوەو گرتنە دەستی هێز، کە دیارتیرینیان بریتی بوون لە” سەرلەنوێ بونیات نانەوەی متمانەRebuilding trust، جارێکی تر وێناکردنی گەشەReimagining growth، وەبەرهێنان لەمرۆڤداInvesting in people، پاراستنی هەسارەSafeguarding the planet
، داهات وپیشەسازی لەسەردەمی زیرەکی دەستکردIndustries in the intelligent age .
ئەمانە کە سەیریان دەکەیت پێمان دەڵێن هەسارەی زەمین و مرۆڤەکانیش لەقەیراندان و پێویستیان بە پاراستنە، لەولاشەوە متمانە بوونیاتنان قەیرانی متمانەی جیهانیمان بۆ دەردەخات، بەتایبەتی لەم سەردەمی زانیاری بەلێشاو زیرەکی دەستکرد، کە زۆربەی هەواڵ و زانیاریەکان ناڕاستن و متمانە دروست ناکات. جگە لەوەش باسی متمانە بوونیاتنانەوە و وێناکردنەوەی گەشە، بەڵگەی تەواو ڕوونن کە ئەمڕۆ بەشێک لەکارەکان و گەشەسەندن و داهێنانە زانستییەکان بەتایبەتی گەشەی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد و بەرهەمهێنانی ڤایرۆس بەشاراوەیی دەکرێن و وەک جاران نییە، کە هەر بەرهەمهێنان و داهێنان کار یەک لەچەک و بواری سەربازی بکرایە ئاشکرا بوو ئاسان بوو هێز و گەشەی وڵاتێک بزانیت. بۆیە ئەم سەرباسە لەم کۆربەندە جیهانیە پێمان دەڵێت کە وڵاتان ترسی ئەو گەشە و داهێنان و دەستکەوتنی هێزە شاراوەیان هەیە، کە ڕەنگە دیارترینیان ‘هێزی داتا’ بێت کە ئەمڕۆ بەهۆی زیرەکی دەستکرد و تەکەنەلۆجیا، هەندێک وڵات و ناوەند تیایدا باڵا دەستن و دەیانەوێت زۆرترین داتای نەک بایۆگرافی بەڵکو بایۆلۆجی کەسەکانیان لابێت، کە هەبوونی ئەم داتایە دەبێت هێزی ئایندە لای هەروڵات بێت، لەولاشەوە باسی وەبەرهێنان لەمرۆڤ، کەواتە سەردەمەکە ترسی فەوتانی مرۆڤە نەک بەهۆی مردنی بەڵکو بەهۆی پێویست نەبوون بە هێز و بازوو تواناکانی، بەهۆی جێگرەوەی رۆبۆتەکان و ئامێری زیرەک. تا ترسی بۆشایی گەردوون کە ئەمڕۆ داگیرکاری بۆشایی گەردوون و سایبەر و ئاسایشی سایبەری وپاراستنی گەردوون بوتە سەرباس. نامەوێت شیکار زیاتر بۆ سەرباسەکانی ئەم کۆربەندە بکەم کەهەریەکەیان چەندین توێژینەوە شیکاری قوڵی دەوێت. ئەوەندەی دەمەوێت هەماهەنگی بدۆزمەوە لەنێوان وتاری ‘ئەمریکا ئەمریکای’ی ترەمپ و ئەم کێشانە و کێشەکانی پێشوتری ئەم گەردونە و ئەم هەسارەی زەویە، کە هیچیان بە بێ هاریکاری و هاوبەشی وڵاتان چارەسەر و رووبەرووبونەوەیان بۆ ناکرێت. واتە گرفتەکانی جیهان و ئاڵنگاریەکانی جیهان داوای هاریکاری دەکەن، ئەوەش بزانین کە زۆرێک لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەی پێشووتر هەبوون لەبواری تەندروستی و مافی مرۆڤ و ژینگە …هتد هەڵێوسانیان کردووە و پێویستمان بە زیندوکردنەوە هەیە. زیاتریش لەوە پێویست بە چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی تر هەیە کە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاڵنگاریە سەردەمیە جیهانیانە بکات، ئەگەر ستراتیژی ‘دۆناڵد ترەمپ’ یەک نەگرێتەوە هەماهەنگ نەبێت لەگەڵ ئەم خواستە هەماهەنگی و هاریکاریە پرسیارێک دەبێت بکرێت،ئایا جیهان رووبەرووی زیاتری قەیران و دەستەوەسان لەبەردەم ئەم قەیرانانەش نابێتەوە..؟ وەڵامەکە رەنگە لە دوای ساڵانێک کە قاچی ستراتیژی ئەم سەرکردەی ئەمریکا بدات لەزەوی دەستمان دەکەوێت کەئایا بەرەو چارەسەر دەڕۆین یان بەرەو قەیرانی زیاتر یان بەرهەم هێنانی قەیرانی زیاتر.