شێرکۆ حەبیب
زۆر جار لەگەڵ هەڤاڵان لە گفتوگۆی نێوانمان باس لەوە دەکەین کە مرۆڤ ئەگەر بۆی بڕەخسێ لە خەیاڵدا بژیەت و دونیا بەهەند وەرنەگرێ، بەڵام ئەوە بۆ هەموو کەس نارەخسێ.
لە هەفتەی ڕابردوو هەندێ هەوڵی نەشازی سیاسی لە کوردستان ڕوویدا، بەداخەوە سیاسەت بگاتە ئاستێکی لەو شێوازە و هەرزەکارانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن، لە چ وڵاتێکی دیموکراسی دونیادا حزبی زۆرینە و سەرەکی فەرامۆش بکەی، ئەوەی ساتێک کاری سیاسی کردبێت هەوڵێکی وو و داوایەکی وەها ساویلکە باس ناکات، لە ئاکام سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە، چونکە ئەوان شارەزای سیاسەت و بارودۆخی کوردستانن نەک لە بەر خاتری پارتی، بەڵکو ئەوانیش هەمان بۆچوونیان هەیە بەڵام ئەوان دەزانن پارتی مانای چیە، هەندێ بەناو ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار پێشوازیان لەو پێشنیارە کرد، کە بێ پارتی حکوومەت پێک بهێنن، لە ساتێک پارتی دەنگەکانی بەرامبەر بەڵکو زیاتر لە دەنگی سەرجەم حزبەکانی تر و دەنگی یەکەمی لە لایەن جەماوەر بەدەست هێناوە.
گوناهی پارتی نییە یەکەمە و زۆرینەی کورسیەکان و دەنگی کوردستانیانی بەدەست هێناوە جگە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و هەندران، گوناهی پارتی چییە نزیکەی ٨٠ ساڵەی خزمەتی میللەت دەکات و سەدان داستانی بێ وێنەی تۆمار کردووە، گوناهی پارتی چییە میللەت دوای رێبازێکی کوردایەتی و نیشمانپەروەری ئەویش رێبازی پیرۆزی بارزانە، گوناهی پارتی چییە ڕابەر و مەرجەعێک سەرکردایەتی دەکات کە هیچ کات و ساتێک سازشی لەسەر مافی میللەتەکەی نەکردووە و نایکات ئەویش سەرۆک بارزانییە.
پارتی هەڵقوڵاوی ناو هەست و ناخی جەماوەرە بە کۆتا نە هاتۆتە دەسەڵات بەڵکو بە خەبات و تێکۆشان و دەنگ و ئیرادەی زۆرینەی میللەت، پارتی هەردەم باوەڕی بە دیموکراسی و پێکەوە ژیانە هەر بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراوە، ئەوانەی لە هەوڵی فەرامۆشکردنی پارتی دان با چاوێک بە مێژوو دا بخشێنن کە چەند حکوومەت و هێز و بەکرێگیراو نەیانتوانی تۆزقاڵێک لە گەورەیی و شایستەی پارتی کەم بکەنەوە، تا پارتی میللەتی لەگەڵدابێ و پارتی لە نێو میللەت دابێ هەر پێشەنگ و یەکەمە هەر پێشرەوی کوردە، ئەگەر دەتوانن بە بێ پارتی حکوومەت پێک بهێنن فەرموون، بەڵام راستیەک هەیە دەبێ بگوترێ نە پارتی بە بێ یەکێتی حکوومەت پێکدەهێنێت و نە یەکێتیش لەگەل لایەنێکی دیکە هاوپەیمان دەبێ بێ پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام دەبێ رێز لە ئیرادەی میللەت بگیرێ دەبێ بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێ، ئەوەی تر قسەی بێ بنەمایە بۆ حەلاوی باس بکەن، هەروەک کاک جەلال پەریشان گوتی. “دانیشە کەریم”.ئەوەش وەک چیرۆکی فیل و بۆقەکەی لێ هاتووە زۆرێک لە داخی پارتی فەموو لە خۆیان دەکەن تا بگەنە گەورەیی پارتی، بەڵام لە ئاکامدا پارچە پارچە دەبن.