عومەر چنگیانی
پشتیوان بە خوا ئەم خەلەکەی ئیمڕۆ لێکدانەوەی مانای ئایەتی ٣٧ – ٤٠ـی سوورەتی قیامە و دوابەشیەتی، کە هۆکاری سەرەکیی بیرهێنانەوەکەی، کە پێشتریش بڵاوم کردۆتەوە (١) ئەو هەموو ڕووداو و گۆڕانکارییە خێرا و نەچاوەڕوانکراوەی ناوچەکەیە کە هەندێک بەڕێز وەک بریکاری خوا بن – کەس بریکاری نییە – کەوتنە خەڵک تۆقاندن و وەک زەنگی کۆتایی ژیانی سەرزەوی و مەترسی باسیان لێ دەکەن؛ دەچینەوە لێکدانەوەکە: (دوێنێ و سەردەمی هاتنەخوارەوەی ئایەتەكان ئەوەندەی لێتێگەیشتن كە ببێتە یارمەتیدەری بڕواهێنان بۆ یاران – ڕەزای خوایان لێ بێت – و ئێمەیش وەك ئەوی ئەوان بۆیان گوتووین و وەك خۆمان زانستمان پێی گەیشتووە، لێی تێدەگەین و دوای ئێمەیش بە سوودكردن لە ئێمە و پێش ئێمە و بە بۆدەركەوتنی زۆرتری زانستیی پەیوەست بە”زیندەوەرزانی” و نهێنییەكانی “بوون” لە گەردووندا زیاتری لێ تێدەگەن. دەبینین دەفەرمێت: “باشە ئەم مرۆڤە لەوە ورد بۆتەوە كە بۆ خۆی لە دەرەنجامی تۆمێك دروست بووە، كە “نما” و گەشە دەكا و گەورە دەبێ و پەرە دەستێنێ، یان تۆوێك كە دێنرێتەوە!”. ئەم بەكارهێنانی لكە “كنایە” پڕ لە ڕەوانبێژییەی قورئان ڕەنگە دوێنێ تا ئەندازەیەك سوودەكەی لە “بەرجەستەبوون”ـی شێوازی ڕەحەتبوون و هەڵدان و دەرهاتنی “مەنی”ـدا بووبێت! بەڵام خۆ زانستی سەردەم ئەمڕۆ زۆر شتی ڕوون كردۆتەوە دەربارەی ئەو دروستبوونی تۆمە خۆی و چۆنیەنتیی گەشەكردنی پێش دەركردنی و پاشان لە دوای ئاوێتەبوونی بە تۆمی بەرانبەر و تێپەڕینی بە قۆناغەكانیدا، كە جێی خۆیەتی بۆ مرۆڤ ببێتە جێگای بڕواهێنان و بەخۆداهاتنەوە! داخۆ ئەوە چ دەستەڵات و توانستێكە زیاتر لە ١٤٣٧ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئەم زانستە بدات بە كابرایەكی نێو ئەو بیابانە – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت؟! پاشان زیاتر ڕووی گوتارەكە دەكاتە مرۆڤ و وەبیری دێنێتەوە و قۆناغەكانی دروستبوونەكەی دێنێتە پێش چاو، كە بە پلەی یەكەم، ئەو چاك هەندێك لە دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی لای خۆی لە پێش چاوە، كە چۆن لە ئاوێكدا كرمی “زەروو” یان “كرمەلیقە”، دەبێنێ كە بە شوێنێكەوە دەلچكێ، تا لێی تێر نەبێ و هەڵنەئاوسێ لە هەڵاواسینی دەم بەرنادا!. خۆ ئەمی مرۆڤیش بە ڕێگەیەك لە ڕێگاكان، تۆمی خۆی بینیوە و تێیگەیشتووە كە چۆن لینجییەكی تێدایە و، كاتێ دەیهاوێژێ بۆ خۆیشی قێزی لێ دەكاتەوە! دەیخۆ هەر دروستبوونەكەی خۆیشی لەوە و، بەو لچكینەیە، كە ئەمڕۆ زانست لە دەریای پڕیدا زۆری بۆ گوتووین. زانست لەو لێكچواندنەدا، قسەی خۆی هەیە، نەخاسمە ئەو مامۆستا بەڕێزانەی ئەركی گەڕانەوە بۆ لای ئایەتەكانی كە پڕن لە موجیزەی زانستی دەدوێن، زۆر شتیان فەرمووە. “پاشان هەر ئەو تۆمەیە كە بووەتە زەروویەكی لچكاو و خوا دروستی كردووە و بۆتە مرۆڤێكی دروست”. ئایتە، “دروست”، كە ئەوكاتەی مرۆڤەكە ڕێگای نادروست دەگرێتە بەر، لە خۆیەوەیە، نەك وای لێ بخوازرێت! بەمەوە ناوەستێ و جارێ بووبێ، نا “هەر لەم دەرەنجامی ئاوێتەبوون و كردنەی تۆمەیە، كە لێیان جووتەی نێر و مێی دروست كردووە”. جووتەی نێرو مێ، ببینن جووتە، ئیتر ئەم جووتەی جووت بووە، بە “جووتبوون و سەرجێیی”ـانە، كە بەردەوامی دەدات بە ژیان و گواستنەوەی کنێت و بۆماوە و “جینە”، بۆ یەكدی! جا هەیانە هەر خودی جووتبوونەكە لایان مەبەستە و كاریان نە بە پێشەكی و نە بە دەرنجامەكانی نییە، كە ئەوە پەڕینێكی ئاژەڵی و تێركردنی حەزە كاتییەكەیە! هەیشە كە بڕوادارە، بۆ ئەو پرۆسە پیرۆزە، ڕێگاكانی بە دروستی دەگرێتە بەر و قۆناغەكانی بە ڕیزبەندی و ڕێزەوە بەڕێ دەكات. باوك و دایك هەریەكەیان دوایی دەبنە بەرپرسیار و هەریەكەیان بە شێوازی سروشتی فێربوو و فێركراو لەگەڵ كارەكە و دەرەنجامەكانی هەڵسوكەوت دەكەن. “دەی كەسێك كە خوایە و ئەمە تواناكەیەتی، لە توانایدا نییە كە مردوو زیندوو بكاتەوە؟”. بەڵێ بەڵێ خوا گیان زۆر توانایە.
پەراوێز:
(١) سەیری ئەرشیفی ڕۆژنامەی هەولێر بکەن؛ ژمارە 2411 لاپەڕە 19سێشەممە 19ـی تەمووزی 2016 و ژمارە 2415 لاپەڕە 9 سێشەممە 26ـی تەمووزی 2016 و ژمارە 2420 لاپەڕە 19 سێشەممە 2ـی ئابی 2016 و ژمارە 2425 لاپەڕە 9 سێشەممە 9ـی ئابی 2016ـی زایینی.