حەمەسەعید حەسەن
به ڕێگه‌یه‌کی خراپ‌دا ناگه‌ینه شوێنێکی چاک،
ڕێگه‌ی خراپ به‌ره‌و خراپه‌کاریمان ده‌بات و
ڕێگه‌ی چاکیش ده‌چێته‌وه سه‌ر چاکه. بودا
بودایی، به مانای به‌رچاوڕوون یان بێ‌دار دێت، بودیزم که هه‌م ئایینه و هه‌م فه‌لسه‌فه، بودا (٥٦٣ – ٤٨٣ پ. ز) که ناوی ڕاسته‌قینه‌ی (سیدهارتا گواتاما) بوو، له سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زایین‌دا، له باکووری هیند دایمه‌زراند و دواتر له چین، کۆریا، سیریلا‌نکا، مه‌نگۆلیا، تایلاند، بورما، که‌مبۆدیا، تایوان، نیپال، ڤێتنام و ژاپۆن بڵاو بووه‌وه. کرۆکی بودایی که زێتر بایه‌خ به ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خود، خۆبه‌رزه‌فتکردن و کوشتنی ئاره‌زوو ده‌دات، وه‌ک له سرووت و ئه‌رکه ئایینییه‌کان، له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه، ئینسان له ڕێی بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ و ڕامانه‌وه، به حاڵه‌تی نیرڤانا بگات.
بودا خۆی کوڕی میری هه‌رێمی ساکاس بوو، که له بیست و نۆ ساڵیدا، له‌وه تێگه‌ییشت، هه‌موو ئینسانێک مه‌حکوومه به نه‌خۆشی و پیری و مه‌رگ، ده‌ستی له خۆشییه‌کانی دنیا و ژیانی میرایه‌تی هه‌ڵگرت و ڕووی کرده چۆڵ و هه‌رد، تا له‌ژێر داری زانیندا ئیلهامی بۆ هات. ئه‌و دره‌ختی زانینه له ئایینه ئاسمانییه‌کانیشدا هه‌یه و ئه‌وه‌یه که ئێڤا، ئاده‌م فریو ده‌دات تا له به‌ره‌که‌ی بخوات و ئیدی خودایش له به‌هه‌شت وه‌ده‌ریان بنێت. لای بودایی، (کارما) که به مانای (پاداشت و دۆنادۆن) دێت، بایه‌خێکی زۆری هه‌یه و مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه، ئینسان له پاداشتی هه‌ڵسوکه‌وتی خۆیدا، گیانی له به‌رگی ئه‌م زینده‌وه‌ره، ده‌چێته به‌رگی ئه‌و زینده‌وه‌ری دیکه‌وه.
چونکه بودایی بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌کرد، به‌زه‌یی باڵ به‌سه‌ر دنیادا بکێشێت، یه‌کسانی له نێوان هه‌موو گیانله‌به‌راندا هه‌بێت و پێویستییه ڕۆحییه‌کانی ژنان دابین بکرێت، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له‌نێو ئافره‌تاندا، هه‌واداری زۆری بۆ په‌یدابوو. بوداییه‌کانی چین، سه‌ر به ڕێبازی (زه‌مینی پاکژ)ن، که هه‌موو ئایینه‌که‌یان له دوو وشه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه: به‌زه‌یی و دڵسۆزی. (زه‌مینی چاک،) ناوی ئه‌و ڕۆمانه‌یه که پیرل باک، تێیدا باسی (چین)ی پێش یه‌که‌مین شه‌ڕی دنیاگره‌وه ده‌کات و خه‌ڵاتی پۆڵتیزه‌ر و نۆبێڵیشی له‌سه‌ر وه‌رگرت. ئه‌و خاتوونه نووسه‌ره له‌و شاکاره‌یدا، وه‌ک چۆن بایه‌خی به ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی چین داوه، ئه‌فسانه و ئایینیشی فه‌رامۆش نه‌کردووه.
پیاوی بودایی وه‌ک چۆن له کاتی یۆگادا، هه‌وڵی کۆنترۆڵکردنی هه‌ناسه‌دان ده‌دات، هه‌ر وایش له کاتی سه‌رجێییدا، هه‌وڵ ده‌دات ڕێگه له ئاوڕژاندن بگرێت، ئاخر وای بۆ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستی له ڕێی ئه‌و ئاوه‌دا دانا، بۆ مێشک ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌هێزی ده‌کات، هه‌رچه‌نده ئه‌و ئاوه به‌ره‌و میزه‌ڵدان ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ میزدا ده‌چێته ده‌ره‌وه. بودایی هه‌ر بۆ به فیڕۆنه‌دانی ئه‌و ئاوه‌یش بوو، نه‌فره‌تی له دەستپەڕ ده‌کرد و وای بۆ ده‌چوو، ئه‌وه شه‌یتانه وا ده‌کات، پیاو به ده‌م خه‌وه‌وه، ئه‌و ئاوه گرانبه‌هایه‌ی له‌کیس بچێت. بودایی پێی وابوو، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئاوه، له‌کن ژن قه‌ت وشک ناکات، بۆیه ئه‌گه‌ر ژن هانای بۆ خووی نهێنی بردبا، له‌گه‌ڵیدا توند نه‌ده‌بوو. بودایی وایشی بۆ ده‌چوو، پیاو ته‌نیا به جووتبوون له‌گه‌ڵ ژن‌دا، ئه‌و ئاوه‌ی ده‌ست ده‌که‌وێته‌وه که له‌کیسی چووه، هه‌ر بۆیه‌ش، هاوڕه‌گه‌زخوازی و لاقه‌کردنی ئاژه‌ڵ، نه‌فره‌تلێکراو بوون.
هه‌رچه‌نده له‌نێو ژنانی بوداییدا، هاوڕه‌گه‌زخوازی به نهێنی هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنێکی بودایی، ژنه خۆرئاوایییهکی دیتبا، به ئاشکرا مێردی ماچ ده‌کات، حیسابی سۆزانییه‌کی به‌ره‌ڵای بۆ ده‌کرد، ئاخر پێی وابوو، ته‌نانه‌ت سۆزانییش، ئه‌گه‌ر ڕێزی پیشه‌که‌ی لا بێت، به نهێنی کڕیار ڕاده‌مووسێت. له هیندستان (ژن: دوژمن، سێکس: شه‌ڕ و ژووری نوستنیش: گۆڕه‌پانی شه‌ڕ بوو،) تا په‌رله‌مان مۆڵه‌تی نه‌دابوو، ماچ‌ومووچ له فیلم‌دا، قه‌ده‌غه بوو.
به‌گوێره‌ی ئه‌فسانه‌یه‌کی ژاپۆنی، جه‌سته‌ی مێ، ئه‌ندامێکی که‌م بوو، هی نێریش به‌شێکی زیاده بوو، ژیان له‌و کاته‌وه ده‌ست پێ ده‌کات که به‌شه زیاده‌که‌ی نێر، ده‌چێته ناو به‌شه نوقسانه‌که‌ی مێیینه‌وه. هه‌ر به‌پێی هه‌مان ئه‌فسانه، ئه‌وه ستوونی چووکه، ئاسمانی له‌سه‌رووی زه‌وییه‌وه ڕاگرتووه، هه‌ر بۆیه سه‌روه‌ختی سه‌رجێیی، پیاو له سه‌ره‌وه ده‌بێت و ژن له‌ژێره‌وه. له زۆر جێگه‌ی ئاسیا و ئه‌فریکایش، په‌یکه‌ری چووک که له ستوون ده‌چێت، سیمبۆڵه بۆ فه‌ڕ و پیت. (شانه)یش، ڕه‌مزێکی دیکه‌یه بۆ خێر و به‌ره‌که‌ت، ئه‌و بۆیه گه‌لێک جار، له‌ژێر مێزه‌ری توند به‌ستراوی (سیخ)ه‌کاندا، شانه‌یه‌ک هه‌یه.
له ژاپۆن وای بۆ ده‌چوون، وه‌ک چۆن ئاو له ئاگر به‌هێزتره، توانای سێکسیی ژنیش له هی پیاو باڵاتره و وه‌ک چۆن بۆ به‌رده‌وامیی ژیان، ئاسمان زه‌ویی له ئامێز گرتووه، ده‌بێت پیاویش وه‌ها ژن له باوه‌ش بگرێت، ئه‌گه‌رنا ته‌مه‌نکورت ده‌بێت. له ژاپۆن هه‌ندێک جار هێنده نزم سه‌رنجی ژن ده‌درا، به پیاوی گه‌وجیان ده‌گوت: ژن! ئه‌و سووک سه‌رنجدانه‌ی ژن، که به‌شێک بوو له کولتووری فیودالیزم، زیاتر زاده‌ی ئه‌وه‌بوو، پیاو له ڕووی توانای جه‌سته‌یییه‌وه، له ژن به‌هێزتر بوو.
له چین و ژاپۆنیش، خه‌ڵکی بڕوایان وایه، له دره‌ختی سنه‌وبه‌ردا، جادوویه‌کی به‌هێز هه‌یه، ئه‌وه بۆیه هه‌میشه سه‌وزه و ئه‌وه هه‌مان سیحره وای کردووه، کیسه‌ڵیش ته‌مه‌نی هێنده درێژ بێت. له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا، هه‌م له چین و هه‌م له ژاپۆنیش، له تابلۆکاندا، وێنه‌ی ژن هه‌میشه وه‌ک جه‌سته به‌هێز نیشان ده‌درا، ڕووخساری گوشتن، مه‌مکی گه‌وره و پڕ، ناوقه‌دی باریک و سمتوکه‌فه‌ڵی قورس، دواتر هێدی هێدی ئه‌و وێنه‌یه کاڵ بووه‌وه و ته‌نیا بایه‌خ به جوانیی ڕوخساری ژن ده‌درا.
شاعیر و نووسه‌ری ژاپۆنی، ئیهارا سایکاکوو (١٦٤٢ – ١٦٩٣) له (چیرۆک)ه‌کانیدا، بایه‌خێکی زۆر به سێکس ده‌دات و کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی به‌دوای تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانیاندا، دنیا تهی ده‌که‌ن. لای ئه‌و له په‌رستگه بودایییه‌کاندا، هاوڕه‌گه‌زخوازی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه و پێوه‌ندیی سێکسیی نێوان مامۆستای ئایینی و فەقێیەکانی، له‌وه ده‌رچووه، کارێکی نهێنی بێت. به‌گوێره‌ی چیرۆکی (ئاوێنه‌ی ئه‌ڤینی نێرانه)ی سایکاکوو، هاوڕه‌گه‌زخوازان بۆ خامۆشکردنه‌وه‌ی ئاگری ئاڵۆش، ڕوو له په‌رستگه‌کان ده‌که‌ن.
گیشا که به واتای کیژێکی هونه‌رمه‌ندی لێهاتوو دێت، ڕاستییه‌که‌ی ئافره‌تێکه به سه‌ما و گۆرانی، چێژ به پیاوان ده‌به‌خشێت و ئه‌گه‌ر پیاوان بخوازن و کرێ بده‌ن، زێتریش ده‌ڕوات. ئه‌و کیژانه‌ی ئه‌و کارانه ده‌که‌ن، سه‌ر به خێزانه هه‌ژاره‌کانن و له گوند و شارۆچکه دووره‌کانه‌وه دێن و ئیدی ڕێیان ناکه‌وێته‌وه ماڵی بابیان. له ژاپۆن، ژنی گوندی له هی شاری ئازادتره، ئاخر تێکه‌ڵی پیاوان ده‌بێت و له شایی و ئاهه‌نگدا، به که‌یفی خۆی پێده‌که‌نێت و سه‌ما ده‌کات، ئه‌مه له کاتێکدا که ژنانی شارنشین ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌یان بۆ ناڕه‌خسێت.
هه‌رچه‌نده له ئه‌فریکا، به گشتی خوداوه‌ند نێره، به‌ڵام له نیگه‌ر، مێیه و کۆمه‌ڵێک مه‌مک و چه‌ندان منداڵی هه‌یه. به‌گوێره‌ی ئه‌فسانه‌یه‌کی ئه‌فریکایی، ئه‌وه دووانه‌ی ماوو و لیزا بوون، که دنیایان له مادده‌یه‌ک خوڵقاند که پێشتر هه‌بوو. ماوو که ڕه‌مزی فه‌ڕ و دایکایه‌تی بوو، له مانگ ده‌چوو، لیزایش که ڕه‌مزی هێز بوو، له خۆر ده‌چوو، به هه‌ردووکیشیان به دوای یه‌کدا هاتنی شه‌و و ڕۆژیان داهێنا. ماوه‌یه‌ک له‌دایکبوونی نموونه‌یی، دوو دوو له دایکبوونی منداڵ بوو، ئه‌و سه‌روه‌خته دووانه‌په‌رستی لای هه‌ندێک خێڵی ئه‌فریکایی باو بوو.
ئه‌فسانه‌یه‌کی تر باس له‌وه ده‌کات، که (ئه‌مما)ی خوداوه‌ندی ئاسمان، به مه‌به‌ستی جووتبوون، له زه‌وین نزیک بووه‌وه، چونکه به‌رزایییه‌ک هه‌بوو، ئه‌و کرده‌یه مه‌حاڵ بوو، بۆیه تا ئه‌و (گرد)هی ته‌خت نه‌کرد، کاره‌که مه‌یسه‌ر نه‌بوو. ده‌ڵێن خه‌ته‌نه‌کردنی کچان، زاده‌ی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌یه. دۆگۆن، ئه‌و خێڵه ئهفریکایییهی بڕوایان به‌و ئه‌فسانه‌یه هه‌یه، پێیان وایه هه‌موو ئینسانێک دوو ڕۆحی هه‌یه، یه‌کێکیان مێیه و ئه‌وی تر نێر، یه‌کێکیان له جه‌سته‌یدایه و ئه‌وی دیکه‌یان له ئاسمان یان له ئاودایه. به‌و پێیه که کوڕ خه‌ته‌نه کرا، له ڕۆحه مێیه‌که‌ی ڕزگار ده‌بێت و که کیژیش خه‌ته‌نه کرا، له ڕۆحه نێره‌که‌ی قوتار ده‌بێت و ئیدی هیچ کۆسپێکیش له‌به‌رده‌م جووتبووندا نامێنێت. له ئه‌فریکا، ئه‌فسانه و ئایین به جۆرێک تێکه‌ڵی یه‌کدی بوون، ئه‌وه زۆر ئه‌سته‌مه بزانین، ئایین زاده‌ی ئه‌فسانه‌یه، یان به پێچه‌وانه‌وه.
به گوێره‌ی ئه‌فسانه‌یه‌کی (ئاشناتی)یه‌کانی گانا، خوداوه‌ند ژن و پیاوێک له ئاسمانه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی ده‌نێرێت و له‌گه‌ڵ ژن و پیاوێکی زه‌وینشنیدا، پێکه‌وه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و هیچ له‌باره‌ی زاوزێوه نازانن، تا دواتر خوداوه‌ند مارێک ده‌نێرێت، فێریان ده‌کات چۆن منداڵیان ببێت. ئه‌وه بۆیه لای ئاشناتییه‌کان مار پیرۆزه و که‌س نایکوژێت و که ژنێک مار ده‌بینێت، بۆی ده‌نووشتێته‌وه و سڵاوی لێ ده‌کات. لای هه‌ندێک خێڵی تر، په‌لکه‌زێڕینه ڕه‌مزه بۆ مار و ڕه‌نگه سووره‌که‌ی نێره و شینه‌که‌ی مێ. چونکه مار له چووک ده‌چێت، هه‌ن ئه‌م به پیرۆز زانینی ماره، ده‌به‌نه‌وه بۆ لای (چووکپه‌رستی) و هه‌نووکه‌یش له که‌ناره‌کانی گانا، ده‌یان په‌یکه‌ری مه‌زنی چووک که له ته‌خته یان قوڕ، دروست کراون، به پێوه ماون.
له باشووری ئه‌فریکا، به تایبه‌تی لای گه‌لانی خۆسا و باسوتوو، پیاوێک خه‌ته‌نه نه‌کرابێت، به پیس و به سه‌گی ده‌زانن و که‌س کچی خۆی ناداتێ. ئێستایش ئه‌گه‌ر پیاوێکیان به هۆی ئه‌وه‌ی له ئه‌ورووپا ژیا بێت، خه‌ته‌نه نه‌کرابێت، هه‌ر که گه‌ڕایه‌وه، ده‌ستبه‌جێ خه‌ته‌نه‌ی ده‌که‌ن. به پێچه‌وانه‌ی موسوڵمان و جووه‌وه که نێر به منداڵی خه‌ته‌نه ده‌که‌ن، له‌وێ نێر تا نه‌گاته ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاری خه‌ته‌نه‌ی ناکه‌ن. فره‌ژنی له زۆر جێی دنیادا هه‌بووه، له هه‌ندێک شوێنیش به تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌ی دایکسالاردا، فره‌مێردیش هه‌بووه، وه‌لێ له ئه‌فریکا، فره‌مێردی نه‌بووه.
له نیگێریا له شاری ئیبدان، په‌یکه‌ری خوداوه‌ندی پیت و فه‌ڕ هه‌یه، مه‌مکه‌کانی هێنده گه‌وره‌ن، هاوزه‌مان شازده منداڵ ده‌میان پێوه ناون و به‌رده‌وام ژنان به‌و مه‌به‌سته‌ی منداڵیان ببێت، ده‌چنه لای و لێی ده‌پاڕێنه‌وه. له گینیا به بۆنه‌ی یادی هاوسه‌رگیریی خوداوه‌نده‌وه، فێستیڤاڵێکی ساڵانه هه‌یه، جاران تێیدا، به‌ئاشکرا سێکس ده‌کرا، هه‌نووکه ته‌نیا هه‌ر ڕامووسان تێیدا ئازاده. لای ئاشانتییه‌کان که پیاوێک به ژنێک ده‌ڵێت: بمده به‌ر ڕێژنه‌ی گولـلەی تفه‌نگه‌که‌ت! ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، ژنه ده‌ستبه‌جێ خۆی بۆ ڕووت بکاته‌وه. له هه‌ندێک شوێنی ناوه‌ڕاستی ئه‌فریکا، ئه‌وه شه‌رم نییه، ژن نزیکه‌ی به ڕووتی بچێته ده‌ره‌وه و ته‌نیا بۆ داپۆشینی خۆی، هه‌ندێک گه‌ڵا و گژوگیا به‌کار بهێنێت و پیاویش به هه‌مان شێوه، هه‌موو پۆشاکی، بریتی بێت له کیفێک بۆ چووکی.
له گانا، ئه‌وه شوومه ئه‌گه‌ر ژن و پیاوێک له دارستانێکدا، له‌سه‌ر زه‌وییه ڕووته‌که، سێکس بکه‌ن، ئاخر وای بۆ ده‌چن، به‌وه (ئاسیز یا)ی خوداوه‌ند غه‌زه‌بیان لێ ده‌گرێت و قاتوقڕی و نه‌هاتیی به دوادا دێت. له‌وێ ئه‌گه‌ر پیاوێک ناساغ بێت و چاویشی هه‌ر له دووی ژنان بێت، (سه‌گی گوند)ی پێ ده‌ڵێن و پێیان وایه سێکسکردن، وزه و توانایه‌کی زۆری ده‌وێت، به پیاوی نه‌خۆش، جێبه‌جێ ناکرێت و ئه‌گه‌ر ژنیش دوو گیان بێت، نابێت پیاو بچێته کنی، چونکه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، ئه‌و کیسه‌یه کون ببێت که منداڵ له سکی دایکیدا ده‌پارێزێت. له زۆر جێی ئه‌فریکا، پیاو نه‌ک هه‌ر کچی خزمی ناخوازێت، به‌ڵکوو له خێڵه‌که‌ی خۆی، با به خزمایه‌تیش پێی نه‌گات، ژن ناهێنێت.
که گۆڕانکاری له ئاییندا ڕوو ده‌دات، سه‌ره‌تا له کریستیانیزمه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، دواتر لای ئایینی جوو، ئینجا ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئایینه‌کانی دیکه، یان له لایه‌ن ئایینه‌کانی تره‌وه، ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه. چه‌ندان ساڵ بوو، له قامووسی ئۆکسفۆرددا له‌باره‌ی دەستپەڕەوە نووسرابوو: ڕه‌وتارێکه ئازار به خود ده‌گه‌یه‌نێت، له ١٩٧٦ به‌دواوه، ئه‌و پێناسه‌یه گۆڕا به: به‌رهه‌مهێنانی موچڕکه‌یه له ڕێی خۆ ورووژاندنه‌وه. سه‌دان ساڵ بوو، لاهووتییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وە سوور بوون که دوو جۆر ئه‌ڤین هه‌ن، جه‌سته‌یی و ڕۆحی، پۆخڵ و پیرۆز، به‌ڵام هێدی هێدی سنووری نێوان ئه‌و دوو جۆره ئه‌ڤینه کاڵ و کاڵتر بووه‌وه. جارانی زوو، ترسێکی گه‌وره له‌وه هه‌بوو که تۆوی پیاو، به‌هۆی خه‌ونبینین به شه‌یتانه‌وه، به هه‌ده‌ر ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی هێلکه‌دانی ژن‌دا، ته‌می ئه‌و ترسه‌یش هێدی هێدی ڕه‌وییه‌وه.
*
(١) جیفری بارندر، الجنس فی أدیان العالم، ترجمة: نورالدین البهلول، دار الکلمة ٢٠٠١ دمشق.
(٢) عالم الیابان العائم، جیفری بارندر.
(٣) أفریقیا التقلیدیة، جیفری بارندر.