شێرکۆ حەبیب
لە جیهانی ئەم سەردەمەدا زانیاری خێراتر دەگوازرێتەوە بەهۆی بوونی ئامرازی پێشکەوتووی گواستنەوەی بواری ڕاگەیاندن، کە ئەمەش وای کردوە ڕاگەیاندن ببێتە شمشێرێکی دوو سەرە دەتوانرێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا و پەروەردەکردن و هاوکاری سەردەمیانە بەکاربهێنرێت و لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆکارێک کە دەتوانرێت بۆ لەناوبردن و زڕاندنی ناوبانگ و تێکدانی متمانە و یەکڕیزی کۆمەڵگا بەکاربهێنرێت.
ڕاگەیاندن یا کاری میدیای بەگشتی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی ڕای گشتی و ئاراستەکردنی ڕەفتاری کۆمەڵگا، کاریگەری زۆری لەسەر بەها و داب و نەریت و ئاراستە سیاسی و کولتوورییەکان ناو کۆمەڵگا هەیە، دەتوانێت بە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری ئەرێنی بێت، یا بە پێچەوانەوە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە نەرێنی دەبێت.
سەرەڕای ئەو سوودانەی کە میدیای سەردەم ڕەنگە بیبەخشێت، بەڵام چەندین کاریگەری نەرێنی هەن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن یەکێک لە گرنگترین ئەو کاریگەریانە بڵاوبوونەوەی زانیاری و دەنگۆی هەڵە و دوور لە ڕاستی، کە متمانەی گشتی تێکدەدەن و ژینگەیەکی گوماناوی دروست دەکەن.
ئەگەر ڕاگەیاندن و کاری ڕۆژنامەگەری ئەرکەکانی وەک پێویست و بەگوێرەی رێنماییەکان و راستگۆیانە و بابەتیانە و بە وێژدانەوە پیادە نەکرد بێگومان دەبێتە هۆکاری شڵەژانی و دروست بوونی کۆمەڵگایەکی ناتەندروست.
ئەرکی سەرەکی ڕاگەیاندن، گەیاندنی ڕاستی و ئازاری میللەتە کە چاودێر بێت لەسەر ئەرکەکانی دەسەڵات، و خستنەڕووی پێداویستی میللەت و ڕەخنە لە دەسەڵات بەڵام بە بێ لایانانە بەتایبەتی ئەوانەی وەک ئۆپۆزسیۆن کار دەکەن.
لەسەرەتای ئەم مانگە لە دیدارێک لە گەڵ برای بەرێز کاک هاودەنگ سەرنووسەری ڕۆژنامەی هەولێر ساتێک باسمان لەو بابەتەکرد و تەنانەت دیمانەیەکی لەگەڵ سازکردم لە وێبتیڤی رۆژنامەی هەولێر بەکورتی باسی کاری ڕۆژنامەگەریمان کرد لە کوردستان لەبەر کەمی ماوەی بەرنامەکە زۆر نەمانتوانی بە درێژی باسی بکەین.
بەڵێ لە کوردستان هەندێ لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە چ لە ڕووی ئامێر یا کەسانی شارەزا و راگەیاندکاری پرۆفیشناڵ، بەڵام لە هەمان کات هەندێ دەزگای ڕاگەیاند ئەگەر چی ئامێری پێشکەوتوو بەکار دێنن بەڵام لە ڕووی ناوەرۆکەوە نەیانتوانیوە سوود بە بزاڤی رزگاریخوازی کورد و کۆمەڵگا بگەیەنن، بەڵکو بە پێچەوانەوە وەک نەیار و دوژمنێکی سەرسەختی کورد مامەڵە دەکەن، هەندێ لەو ڕاگەیاندنانە بەبێ گوێدان بە بەها نیشتمانییەکان و خەبات و شەهیدانی ئەم میللەتە ڕەفتار دەکەن، دوور لە هەموو ئینتمای نەتەوەیی، لە هیچ وڵاتێک ئەوەی هەندێ لایەنی ڕاگەیاندنی بەناو ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان کاری پێدەکەن بەدی ناکرێت، لە هیچ وڵات و کۆمەڵگایەک پشتگیری دوژمن ناکرێت، تەنیا ئەوە لە کوردستان هەندێ بەناو ڕاگەیاندن پیادەی دەکەن، هەر بۆ نموونە یەک لەو بابەتانەی بەردەوام دەیوروژێنن بابەتی مووچەیە، لای هەمووان ئاشکرایە کە بابەتی کێشەی مووچە هۆکاری سەرەکی حکوومەتی فیدراڵە کە هەر مانگێک بیانووەک بۆ هەرێم دروست دەکات، بەڵام هەندێ لەو لایانانە حکوومەتی هەرێم تۆمەت بار دەکەن بە پێنەدانی مووچە و هەواڵی دوور لە ڕاستی بڵاودەکەنەوە، بۆ ئەوەی خەڵک دژی حکوومەت هان بدەن، کە لە ساتێک حکوومەتی بەغدا خۆشی دەزانێ کە هۆکارەکە ئەوانن، و جەندین بابەتی تر کە لە بەرژەوەندی کوردە ئاماژەی پێناکەن وەک برگەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، کە ڕوون و ئاشکرایە کێ بەربەستە لە جێ بەجێ نەکردنی، یا ڕێگری کردن لە بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە و دەیان کەیسی دیکە.
بۆیە گرنگە ئەو جۆرە ڕاگەیاندنانە بەهەمان شێوازی خۆیان وەڵامیان بدرێتەوە تا رووی راستیەکان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بێت. ناپلیۆن دەڵێ “رۆژنامەگەری یەکێکە لە پایە گەورەکان کە بناغەکانی شارستانییەت و گەشەسەندنی لەسەر بنیات نراوە”.
ڤولتەر، دەڵێ”ڕۆژنامەگەری ئامێرێکە مەحاڵە شکاندنی، بەڵکو جیهانی کۆن دەڕوخێنێت تا بتوانێت جیهانێکی نوێ دروست بکات”.