مەشخەڵ كەوڵۆسی
ڕۆژئاوای كوردستان بە قۆناغی هەرە سەختی خۆیدا تێدەپەڕێت. ئەگەرچی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئیدارەكانی خۆسەر توانیویانە درێژە بەژیانی خۆیان بدەن. بەڵام ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەهاوكاری و پشتیوانی توركیا، ڕۆژئاوای كوردستانی خستۆتە بەردەم قورسترین تاقیكردنەوە. بەجۆرێك دەتوانین بڵێین: ئەو ناوچەیە لەنێوان بەرداشی تورك و سنگ تەسكی پەكەكە بۆ پاسدان بە لایەنەكانی تر، دوورنیە زایە ببێت.
ڕووخانی ئەسەد بەو خێراییە و، نەبوونی ئەلتەرناتیڤێكی مەدەنی مەشقپێكراو كە هەمووان لەسەری كۆك بن، ڕووداوێكە تەنانەت دەوڵەتەكانی ناوچەكەش تاكو ئێستا ناتوانن ئاسەوارەكانی هەڵبمژن. پێیان قورسە بتوانن بڕیار لەشێوەی پەیوەندییان بدەن لەگەڵ حوكمڕانی تازەی دیمەشقدا.
پرسیارە جەوهەرییەكە ئەمەیە: ئەگەر دەوڵەتانی سەربەخۆ بەو هەموو ئەزمون و پەیوەندی و كارتەوە، نەزانن چۆن لەبەرانبەر واقیعی تازەی سوریادا بڕیار بدەن، ئەی چۆن كوردی ڕۆژئاوا دەتوانن بڕیار بدەن لەكاتێكدا لەژێر دەیان فشاری كاریگەر و بێ وێنەدان؟ هاوكات كارتەكانیشیان سنوردارە و، تاكە بابەتێك پشتی پێ ببەستن بریتییە لە توانای بەرگری و پاڵپشتی ئەمریكا. لێرەشدا دووبارە پرسیاری گەورە ئەمەیە: ئەو پاڵپشتییەی ئەمریكا تاكوێ بڕدەكات و بەردەوام دەبێت؟. پێم وانیە هیچ لایەنێك بتوانێت بە وردی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
لەهەموو ئەوانەش بترازێت، دەبێ هەمووان بیربكەینەوە و لەخۆمان بپرسین: كورد چی بكات؟ چی بكات بۆ ئەوەی هەم ئەزمونی ڕۆژئاوا بمێنێتەوە، هەم كوردیش بەمافەكانی بگات.
لەم ئان و ساتەدا، مرۆڤ دەكەوێتە بەردەم بەراوردێك، ئەویش ئەوەیە: ئەگەرچی ئەم ماوەیە زۆر قسە دەكرێت لەسەر ئەزمونی سەركەوتنی ڕۆژئاوا كە هەمووان پێویستە پێمان خۆش بێت كوردی ئەو پارچەیە سەركەوتووبن. بەڵام كاتێك دێتە سەرباسی مەترسییەكان، دەبینین، قەبارەی مەترسییەكانیش بەجۆرێ وێنا دەكرێت كە ڕەنگە لەتوانای كوردانی ڕۆژئاوا نەبێت ئەو مەترسییانە تێپەڕێنن.
لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ بەراوردی ئەو مەترسییانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوون لەسەرەتای دامەزراندنیدا، هەرێم تاكە ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنی كورد بوو. سەرجەم وڵاتانی داگیركەریش فشاریان دەكرد بۆ لەناوبردنی، هاوكات یەكەم شەڕی ناوخۆش لەگەڵ پەكەكە دروستبوو. هێزەكانیش ناڕێكخراوبوون و چەك بەبەربڵاوی هەبوو لەهەموو ماڵێك و هەموو بارەگایەكی حیزبی. كەچی لەگەڵ ئەوەشدا، هەرێمی كوردستان خۆی گرت.
ئەزموون و دەستەڵات و مەقبولیەتی سەرۆك بارزانی، لەئاستی ناوخۆی كوردستان و ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، هاوكات ئامادەیی جەنابیان لەدروستكردنی ئەزمونی هەرێمی كوردستانی باشور، ئەوەندە بەهای سیاسی و سیمبولی هەیە كە هەمووان چاومان لەوە بێت، بۆ ڕۆژئاوای كوردستانیش هەنگاوێك، دەستپێشخەرییەك، ڕۆڵێكی یەكلایی كەرەوە بگێڕێت.
هەموومان دەزانین، لەدوای گەیشتنی هێزە تازەكان بەدیمەشق، یەكەم كەس بروسكەیەكیان بۆ نارد، جەنابی سەرۆك بارزانی بوو. كەواتە بارزانی هەژمونی ڕۆحی لەسەر دەستەڵاتدارانی تازەی دیمەشق هەیە و، پێویستە سەرجەم ئەم خەسڵەتانە بۆ بەرقەراركردنی ئەزمونی ڕۆژئاڤا و مسۆگەركردنی مانەوەی، وەك گەوهەری دەریا سەیر بكرێن و، بەچاوپۆشین لەوەی میدیای نەخوێندەوار و قین لەدڵ چی دەڵێت، سەرۆك بارزانی ئەزمونی پاراستنی هەرێمی كوردستان و قورسایی ڕۆحی و سیمبولی و سیاسی و دیپلۆماتی خۆی، بۆ چەسپاندنی مافی كورد لەڕۆژئاوا بخاتە كار.