خالید کۆچەر
لە دەسپێکی ئەم نووسینەم ئاوردانەوەیەکی خێرایە بۆ تەماشاکردنی شیعر، شیعر ئەو ترپە جوانەیە لە قوڵایی دەربڕیندا بە چاوێکی تێڕاماندا خەونە جێماوەکانی ناو ئەدڕێسی ژیاندا دەخوێنینەوە، گەلێکجار لەگەڵ سەرابدا کێبڕکێ لەگەڵ تەمتومانی خێرا دەکەین نە دەستمان دەیگاتێ و نە پێکەوەش باس لە حیکایەتی خۆشەویستی دەکەین، ژانرە ئەدەبییەکان هەموومانی کۆ کردەوە و ئێمەی بە یەکتر ناساند (شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، ڕەخنە، بابەتی ئەدەبی) ئەوەی جێگای سەرنجە لە ناو پرشنگی دارئەرخەوانەکانی ئەدەبدا شیعرم هەڵبژارد و شیعرم خۆش ویست، شاعیری دیدە ڕاستگۆ لە ناو هێڵە تەریبەکانی پانتایی خەونە جوانەکاندا چ دەنووسێت، جواننووسین لەناو فەزای ئێستێتیکای سۆفیگەرانەی خەڵوەتدا (شێواز، وێنە، نەغمە، زمان) شیعرێک بەرهەمدار دەکات خوێنەر دەست بۆ لاپەڕەکانی دەبات بەوپەڕی تاسەی حەزێکی سەر شێت دەیخوێنێتەوە، ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی شیعری ئەم سەدەیە و پێش ئەم سەدەیەش بخوێنینەوە، ئەوانەی لە دەرگای شیعریان دا و شیعریان هەڵبژارد هەموویان بوونە شاعیری مژدەبەخش، لە وەڵامدا نەخێر، بەڵام دەنگی دەیان شاعیری مژدەبەخش و جوان و سەرکەتوو لەناو نەخشەی ئەدەبی کوردی وەک ڕۆشنایی ئەستێرە بوونەتە ناسنامەی ئەم نەتەوەیە، شیعری جوان هەر جوانە، هەر بە جوانییش دەمینێتەوە، دەستم بۆ کتێبخانەکەم درێژ کرد، کۆشیعرێکی جوانم کەوتە بەرچاو (دوا پێکی تەمەن) ئەوەم هاتەوە یاد هەر خۆشم شەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا لە دەمەوعەسرێکی خرۆشدا ئەم ئێوارەکۆڕەم بەڕێوە برد لە کتێبخانەی ئاشتی، کۆشیعری (دوا پێکی تەمەن) دیوانە شیعرێکی نەجم ئەڵوەنی شاعیرە، ساڵی 2022 ئەم کتێبەی چاپ کردووە، لە دووتوێی 182 لاپەڕەی لە ئامێز گرتووە لە چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین چاپ کراوە، چەندین شیعری بێژماری لە لاپەڕەکانی هەڵگرتووە، نەجم ئەڵوەنی وەک مامۆستای زانکۆ بە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دەناسرێت، چەندین کتێبی چاپ کردووە، نووسەرێکی خاکی، مامۆستایەکی شەکرەباران، لێکۆڵەرێکی وردبین و ڕەخنەگرێکی ژیر لە بواری چیرۆک و ڕۆماندا جێی پەنجەی دیارە لەم بوارەدا، قەڵەمێکی وریا لە بواری ئەفسانە و پەندی کۆمیدی و گاڵتەئامێزی کوردی خزمەتێکی زۆری بەم بوارە کردووە (دوا پێکی تەمەن) یەکێکە لەو کۆشیعرە جوانانەی غەدری لە شیعری کوردی نەکرووە، بۆ جوانیی ئەشق دەنووسێت، ژن کائینێکی مەزن و، پەریزادێکی بێوێنەیە لە قووڵایی هەستی جوانی دەستی بۆ دەبات و پێناسەی دەکات، توانەی ئەشق لەناو مەستیی جوانی ژندا خۆی لە خۆیدا سۆفیگەری ئەشقی خوداییە، زۆرن ئەوانەی بۆ جوانی ژن دەنووسن هەندێکیان لەم بوارەدا سەرکەتوو بن و هەندێکیان لە نیوەڕێگا بەجێ مان، ئەڵوەن لەم بوارەدا سەرکەتوو بووە، لەناو چوارچیوەی ڕۆمانسیەت ژن ئەو سیحرە غەدارەیە شاعیر مەست دەکات و بە مەستی دەنووسێت :
ژنێک لێی پرسیم
من کوێم جوانە؟
گوتم: گیانە! چما چ جوانییەک ماوە خودای گەورە بە تۆی نازداری نەدابێ !
ئەگەر ڕۆژێ دڵم تەنگ بێ
ئەگەر دنیام لێ ببێتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە و
هیچ شتێکم لا جوان نەبێ
تەنیا بە دیتنی ژنێ
تەنیا بە خەندەی شیرینی سەر لێوی ناسکی ژنێ
دەبمەوە بە دڵخۆشترین پیاوانی نێو ئەم جیهانە!
لە فەرهەنگی خوێندنەوەدا و لە ئامێزی شیعری جواندا شاعیر ئەو هونەرمەندە جوانەیە وێنەیەکی خوڵقێنەر وێنە دەکا، چاو، نیگا، برۆ، لێو، خەندە، ڤژ، سینەیەکی جووت مەمکی سەرنجڕاکێش دەمانباتە ناو شەوێکی یەڵدا، شیعری بێگەرد، مەودای دوورییەکان ناژمێرێ، پاکیزەکان بە عەتری وشە خۆیان دەشۆن، ترپەی شێتی بە دوای ئەشق ڕادەکا، سۆزداری لەناو مانیفێستی جوانییدا خۆی دەنووسێتەوە، ئاخاوتنی جووڵەی ڕامان ئەوەمان پێ دەڵێت: شیعری جوان لە هەموو ڕووبەرێکی خۆناسیندا خۆی وێنە دەکات، کۆشیعری دوا پێکی تەمەنی نەجم ئەڵوەنی یەکێکە لەو کۆشیعرە جوانانەی بە ئاوازی جوان گۆرانیمان بۆ دەڵێت، ئەوەتا لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت :
(نا) تکایە من نامەوێ لە دووری و غوربەتی تۆدا
دوا ڕۆشنایی چاوەکانم
لە گریاندا بزر ببێ و
بە کوێری گوێ لە دوا ئاوازی دڵداری
خۆمان بگرم …
(نا) ئازیزم تکایە تۆ
دەرگەی سۆزت
لە ڕووی ئەم عیشقە دامەخە
زۆر دەترسم بەم تەمەنە پڕژانەوە
دوا پێکی خۆم بە تەنیایی بخۆمەوە
بێگومانبە لەم دوورییە بێ عیشقی تۆ
بەرگەی ژیانم نامینێ
دوا ئەستێرەی خۆزگەکانم
دەڕژێتە کۆشکی تاریکی
بێگومان بە، من ناتوانم
بەم پاییزی تەمەنەوە
دوور لە سێبەری باڵای تۆ
نیشتمانێ بۆ دڵداری بدۆزمەوە …