فیدراڵی وەك ئامانجێکی هاوبەش لە سوریا

سیروان مینەخان
سوریا وڵاتێکی فرەپێکهاتە لە ڕووی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەوە. لەم پێناوەدا، پێویستە سیستەمی سیاسی نوێی وڵات ئاوێنەی دادپەروەرانەی ویست، بەرژەوەندی و مافی هەموو پێکهاتەکان بێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەتی فیدراڵی باشترین فۆڕمی دەوڵەتداری بۆ سوریای فرەپێکهاتە دەبێت.
بە پێچەوانەوە، بەردەوامبوون لە سیستەمی ناوەندگەرا، سوریا بەرەو دەوڵەتێکی داڕووخاو و پڕكێشە دەبات کە تیایدا یاسا و دامەزراوەکان بەئامانجی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بەڕێوە ناچن.
هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەڵسوکەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا بتوانن فیدراڵیزم وەک ستراتیژێکی سیاسی بگرنە بەر.
گرنگترین ئەرک بۆ پێکهاتەکان، بەتایبەت کورد، ئەوەیە کە فیدراڵی بوونی سوریا بکەنە ئامانجێکی هاوبەش. ئەمەش دەبێت لە ڕێگەی دانانی دەستورێکی نوێوە بێت کە فۆڕمی دەوڵەت و بنەماکانی سیستەمی سیاسی لەخۆ بگرێت.