(بیرهێنانەوەیەکی ئایەتی٣٢- ٣٦ی سورەتی ئەلقیامە)

عومەر چنگیانی
دێینەوە نێو سورەتەكە كە تێمان دەگەیێنێ ئەم نموونەیە باس لە كێ دەكا و، وەك پێمان بڵێ: “دەزانن ئەو مردووەی باسی لێدەكەین كێیە؟ ئەوكەسەیە كە “نە بڕوای بە ڕاستێتیی پەیامەكە هەبووە نە قورئان و پێغەمبەرەكەمانی بە هەق زانیوە!” “الصدق (سەددەقە) بەڕاستگێڕانە، نەك بە مانا “تصدق” خێری كرد یان خێركردن. “نەك هەر هێندە و بەس نوێژیشی نەكرد!”. ببینن: “نوێژیشی نەكرد.” ئاخر نوێژ، كە كۆڵەكەی ئایین و بەڵگەی بڕوادارییە، نابێ فەرامۆش بكرێت، چوونكە خوای گەورە لە قورئانەكەی خۆیدا بە هەموو داڕشتنەكانی وشەكەوە “نەوەدونۆ” جار بەكاری هێناوە و بە تەنها بە وشەی “الصلاە” 67 جار و بەشێوەی فەرمان بۆ تاك “أقم الصلاە” پێنج جار، كە دەكرێ ئاماژەیەكی وردی زمانی ژمارەی قورئانی بێت بۆ پێنج نوێژەكە و بە شێوازی فەرمانی گشتیش “أقیموا الصلاە” دوانزە جار كە “پێنج كۆ دوانزە، دەكاتە حەڤدە” و ڕكاتەكانی نوێژی پێویست “واجب” لەسەر بڕوادار ڕۆژی حەڤدە ڕكاتە؛ ئیتر دوای قورئان كە ئەو هەموو فەرموودەیەی لەبارەیەوە هاتووە، نە كەمن و نە دەبێ بە كەمیش سەیر بكرێن.ئەی ئەم كەسە لاوازەی ئێستا توانای دوورخستنەوەی مردنی نییە لە خۆی لە بەرانبەر ئایین لە بریتی بەهەقزانین و نوێژكردن، چی دەكرد؟ “نەخێر لە بریتی ئەوە دەچوو ئایینەكەی بە درۆ دەخستەوە”.نەك بە درۆی دەزانی و بەس “كذب” بە درۆی دەخستەوە و هەر ئەوەیش نەبوو كە گوێی بۆ نەگرێ، بە ڵكوو وا هەڵسوكەوتی دەكرد:”هەم پشتگوێی دەخست و هەم وای نیشاندەدا كە بۆ پشتگیریكردن لە خۆی خۆیی بەسە و بەو بەخۆ نازییەوە، پشتی دەكردە پەیامەكە و ئاوڕی لەوهەقە نەدەدایەوە كە ناردبوومان”؛ “لەگەڵ ئەم لایەنە دەروونییە نەخۆشە بەخۆنازییە بەرزفڕە بەرچاوتاریكە ئاسمان بە چاتۆڵزانییە.”چوو بۆ لای خانەوادەكەی و ئەوانەی وەك ئەو بیردەكەنەوە و هەواداری هەمان ملهوڕی و سەركەشین و وەك هەنگاو و شاقاڵی درێژی دەهاویشت و بێنیازی خۆی نیشاندەدا!”.وشەی “یتمطی” جوانكارییەكی وردی تێدایە! ئاخر سەیری نامیلكەی “ئەحمەدی” جەنابی شێخ مەعرووفی نۆدێیی بكەن دەفەرمێت: “دابە و مطیە اسمی وڵاغە”.”یتمطی” بە مانا وڵاخانە ڕەفتار دەكات….دوای ئەوەی پێشتر باسی لە سەركەشی هەندێك لە مرۆڤەكان كرد، بە شێوازی ڕووتێكردنی گوتار “خیتاب” پێیان دەڵێ: گەر تۆی مرۆڤی سەركەش، ئاستی بیركردنەوەت وایە كە ئەو پشت هەڵكردنەت لە ئایین و لە داخوازییەكانی ئایین بۆتۆ باشترە. “دوای ئەوە، هەر بزانە تۆڵەی دوای لێپێچانەوەی تووند بۆ تۆ باشترە”. بەمانا كە تۆی مرۆڤ لە ڕووی جۆری بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی دەرەنجامی بیر لە وابەستەیی بە ئایین نەكردنەتەوە گەیشتوویتە ئەو بۆچوونە كە ئەوەی تۆی لەسەری – لە مل نەدانت بە یاساكانی خوا -، بۆت باشترە، دەی كەوابوو ئەو سزا پێ چێژتنە بۆتۆ و بە تۆ شایانترە. پاشان جارێكی تر ڕووی گوتارەكەی گشتگیر دەكاتەوە – كە ئەم گۆڕینی ڕووی گووتارە، جۆر و تایبەتمەندییەكە لە تایبەتمەندییەكانی ڕەوانبێژی قورئان و ئەوانەی لە خزمەتیدان لێی دەزانن و تێی دەگەن و چێژی لێدەكەن – و دەفەرموێت:”ئەرێ مرۆڤ پێی وایە وەلاوە دەنرێ؟”. بەمانا وەك هەر بوونەوەرێكی بێ گیان، یان ئاژەڵەكان، كە ئەم وا دەزانێ بێ یاسان و ئەم بێ بوونی ڕێنمایی و بێ بەرنامە و بێ لێپێچانەوە و بێ پاداشت، یان تۆڵە، هەروا لەو گۆڕەی دروست كراوە، تا چۆنی بوێت بیگوزەرێنێ و لە تێركردنی نەوس و حەزە نەبڕاوەكانی كەمتەرخەمی نەكا و ئازادییەكان وەك خۆی دەیخوازێ بۆی فەراهەم بێت و هیچ یاسایەك نەیگرێتەوە و بكە و مەكە لە ژیانی ئەودا بوونی نەبێ و ناردنی ئەم هەموو پێغەمبەر و پەیامانە زێدەن و ئیتر ئەم دنیایە لەوەڕگایەكی كاتیی و یەكجارەكییە و شتێكی تر نییە پێی بگوترێت ڕۆژی سەڵاو ڕووبەڕووبوونەوە؟ ئەگەر وا بیر دەكاتەوە خۆی بە هەڵەدا دەبات! بۆیە دەبینین دواتر لە ئایەتی “سی و شەش” بەدواوە بەهۆش خۆیی دێنێتەوە و سەرەتاكانی دروست بوونی خۆیی دێنێتەوە یاد، بەڵام بەشێوەیەك كە هەر كەسە و بە پێی خۆی دەتوانێ ئەندازەیەك لێی تێبگات! ماویەتی