دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
میوانی ئازیزی ڕۆح
ڕێبواری ڕێی ناسینی خوا، بەر لەوەی بگاتە هەوار، بە کۆمەڵێک (مەقام)دا ڕەت دەبێت. ڕێبواری ئەو ڕێگە سەختە، لەم مەقامەوە ناگاتە مەقامی دواتر، ئیللا بە خەباتێکی سەخت نەبێت، خەباتێک کە بەر لە هەر شتێک دژی نەفسی خۆیەتی. مەقامەکان بە تۆبە دەست پێ دەکەن و بە توانەوە لە (موحیببەت)ی خوادا تەواو دەبن. مەقامەکان: قۆناغەکانی گەشەسەندن و هەڵکشانی ڕۆحیی (سالیک)ن کە دوای خۆ تەرخانکردن بۆ خواپەرستی، ڕژدبوون لە سەری و ڕەچاوکردنی ڕێنوێنییە دیاریکراوەکان، لەم پلەیانەوە، بۆ ئەوەی دیکەیان بەرز دەبێتەوە.
جیاوازیی سەرەکیی نێوان مەقام و حاڵ ئەوەیە، سۆفی بە کۆششی خۆی لەم مەقامەوە دەگاتە مەقامێکی بڵندتر، بەڵام حاڵ دیارییەکی خودایییە، وەک ئیلهام وایە. حاڵ: ڕۆشنبوونەوەی دڵە و ڕەوشێکی کاتەکییە، درێژە ناکێشێت، هەر لەو ئیلهامە دەچێت کە ناوبەناو بۆ شاعیر دێت. سۆفی بە هەوڵی خۆی مەقامەکان دەبڕێت، بەڵام حاڵ زادەی بەزەیی و سۆزی خوایە، وەک چۆن لەناکاو دێت، لەپڕیش بزر دەبێت. مەقام: دەستکەوتە، دوای کۆششێکی سەخت بە دەستی دەهێنین، بەڵام حاڵ: بەهرەیە خوا پێمانی دەبەخشێت. شاعیر هەیە (کەسبی)یە، دوای خوێندن و بەدواداچوون و خۆماندووکردنێکی زۆر، ئینجا دەبێت بە شاعیر، شاعیریش هەیە (وەهبی)یە، نە خۆی ماندوو کردووە و نە سەوادێکی ئەوتۆیشی هەیە، بەڵام شاعیرێکی چاکیشە. ئەم کەسبی و وەهبییە، وەک مەقام و حاڵ وەهان، کە یەکەمیان خەباتی بێوچان و درێژخایەنی دەوێت و دووەمیان دیارییەکی یان بەهرەیەکی خوایییە.
حاڵ ڕەوشێکی جێگیر نییە، ڕەوتەنییە، وەک میوانی ناوەخت وایە، لەپڕ دێت و زوو دەڕوات. حاڵ میوانێکە بۆ ماوەیەکی کورت، دڵ ڕۆشن و ئاوەدان دەکاتەوە. مەقام پێوەندیی بە ویستی ڕێبواری ڕێی خواپەرستییەوە هەیە، بەڵام حاڵ پێوەندی بە خواستی سۆفییەوە نییە، پێوەندیی بە هەستییەوە هەیە، هەڵچوونێکی ڕۆحییە و گۆڕانێکی وەختەکیی دەروونییە، وەک چۆن سۆفی دەستی لە سەرهەڵدانیدا نەبووە، دەستی لە کۆتایی پێ هاتنیشیدا نابێت. هەرچەندە حاڵ زادەی نوقمبوونە لە زیکری خوادا، بەڵام مەرج نییە خوا بیخاتە دڵی هەموو ئەوانەوە کە هاوزەمان پێکەوە زیکر دەکەن، ئەوە بۆیە هەیانە حاڵی لێ دێت و هەیانە نا. ڕێبوارێکی ڕێی ئەڤینی خوا کە تازەکار و بێ ئەزموون بێت، کە حاڵی لێ دێت، خۆی پێ بەرزەفت ناکرێت، وەها هەڵدەچێت دەشێت سنوور ببەزێنێت، بەڵام سۆفییەک ئەزموونی هەبێت، شەپۆلی هەڵچوونی جڵەو دەکات.
گەیشتن بە حەقیقەت پێوەندیی بە حاڵەوە نییە، ڕێبواری تەریقەت وەختێک دەگاتە حەقیقەت کە مەعریفەتی لەگەڵ شەریعەتدا کۆک بێت، ئاخر ناکۆکبوون لەگەڵ شەریعەتدا، بەڵگەیە بۆ نەگەیشتن بە حەقیقەت. حاڵ پێش ئەوەی بەرهەمی درەختی زیکر بێت، زادەی نیازی پاک و کاری چاکە. حەسەنی بەسری گوتوویەتی: ئەوە گرنگ نییە سەر بە کام تەریقەتی و موریدی کام پیری، گرنگ ئەوەیە، ئاخۆ ڕێنوێنییەکانی ئەو تەریقەتە ڕەچاو دەکەیت و ڕەوتارت وەکی هی ئەو پیرەی شوێنی کەوتوویت، جوانە. لای خوا هەمووان مەقامێکیان هەیە، ئەوە ڕەوتاری جوان و ڕادەی خۆ بۆ خواپەرستی تەرخانکردن و دوای زانین کەوتنە، مەقامی ئەم و ئەو دیاری دەکات. سالیک هەتا ئەرکەکانی مەقامێک جێبەجێ نەکات، ناگاتە مەقامێکی بڵندتر.
(وما منا إلا لە مقام معلوم. الصافات ١٦٤) یان: (عسی أن یبعپک ربک مقاما محمودا. ألإسراء ٧٩) کە عاریفان کۆک نین لەسەر ئەوەی، چەند مەقام و چەند حاڵ هەن، هەم پێوەندیی بە لێکدانەوەیانەوە بۆ دەق هەیە و هەم بەوەیشەوە هەر یەکەیان پشتی بە ئەزموونی عیرفانی خۆی بەستووە. هەر لەبەر ئەو دوو هۆکارەیش هەندێک جار ئەوەی لای ئەمیان حاڵە، لەکن ئەوی دیکەیان مەقامە. عاریفان لەسەر ئەوە کۆکن، حاڵ خوا دەیبەخشێت، بەڵام مەقام بەری ڕەنجی (عەبد)ی خوایە.
ئادەمیزاد (عەبد)ی خوایە و بۆ ئەوە خوڵقاوە خەریکی (عیبادەت) بێت. ئادەمیزاد موڵکی خوایە و پێشەکی خوا چارەنووسی دیاری کردووە، لە ئەزەلەوە چی لە چارەی نووسیبێت، تا ئەبەد ئەو قەدەرەی بە نسیب بووە و دەبێت، بەبێ ئەوەی لە دەستی بێت، هیچی لێ بگۆڕێت. ئێمە کە عەبد و موڵکی خوا بووین، ئیدی ئینسانبوونمان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەوە بۆیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە ئیسلام نامۆ بوون و لە شارستانیی خۆرهەڵاتەوە بۆ وەڵاتانی ئیسلام پەڕیونەتەوە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەوە ئەوپەڕی ڕێزلێنانە لە ئینسان کە بەرهەمی خوا خۆیەتی و خۆی لە ڕۆحی پیرۆزی فووی پێدا کردووە و ژیانی پێ بەخشیوە. (ونفخت فیە من روحی. ألحجر ٢٩) خوا ئادەمی لە باڵاترین شێوەدا خوڵقاندووە و پلەی سەروەری هەموو مەخلووقاتی پێ ڕەوا بینیوە. خوا ناوە جوانەکانی خۆی فێری ئادەم کردووە تا ئەو ناوانە کە ئاوەڵناویشن لە ئینسانیشدا ڕەنگ بدەنەوە. خوا نەک هەر ئادەمی بە خەلیفەی خۆی لەسەر زەوی دەستنیشان کردووە، بەڵکوو داوای لە فریشتەکانیش کوڕنووشی بۆ ببەن.
هەرچەندە ئینسان لەسەر زەوی ئەو پایە بڵندەی هەیە، کەچی سۆفی هەر تامەزرۆییی بۆ نیشتمانی یەکەمی هەیە، بۆ بەر لە ئەلەست، ئەو شوێن و زەمانەی هێشتا نەخوڵقابوو، بۆ بەر لە هەبوون. دونیا بۆ ئینسان مەنفایە، وەتەن ئەو شوێنەیە کە بەر لە (نەفخ) لێی بوو، یان وەتەن دەشێت ئەو بەهەشتە بێت کە ئادەمی لێ وەدەر نرا. (خوا گەنجینەیەکی شاراوەبوو، بەوەی دونیای خولقاند، خۆی ئاشکرا کرد.) ئەوە فەرموودەیەکی قودسییە. خوا لەبەر خۆشیی ئینسان دونیای خولقاندووە، ئینسانیشی بۆیە خوڵقاندووە تا بە هۆیەوە، هێزی خۆی نیشان بدات، بۆیە مەولانا گوتوویەتی: (ئینسان ئەسترلابی سیفەتەکانی خوایە.)(*) ئینسان بەر لە هەر شت، حەوجەی بەوەیە خۆی بناسێت، ئاخر تەنیا لەڕێی ناسینی خۆیەوە، خوایش دەناسێت، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، عەتتار گوتوویەتی: (سەفەری سۆفی بریتییە لە تەیکردنی زەریای ڕۆحی خۆی،) ئاخر ڕۆح پردی پێوەندیی نێوان ئینسان و خوایە و خوا میوانە ئازیزەکەی ڕۆحی ئینسانە.

(*) ئەسترلاب: دەزگایەک بووە وەک سەعات، لە پێش زایینەوە هەبووە، گەردوونناسان بە هۆیەوە هەم وەختیان دیاری کردووە، هەم شوێنی خۆر و مانگ و ئەستێرەکانیش.