زانیاریەکان هەرس نابن

پ.د. نەزاکەت حسێن
سەردەمی تەقینەوەی زانیاریەکان یاخود هەڵڕژانی زانیاریەکان و بڵێوبونەوەی بەلێشاو و زۆربوونی سەرچاوەی زانیاریەکان و بێسنوربوونی خاڵەکانی داخلکردنی زانیاری، بەتایبەتی بەسەرهەڵژانی سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکانی زۆرتر ئەو بوارە هەبوو کەزانیاریەکان بەربڵێو زۆربن. هەندێک لە پسپۆڕان ئەم بەلێشاو هاتن و بڵێو بونەوەی زانیاری بە گرنگ دەزانن و پێیان وایە هۆکارێکە بۆ گەشەی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گەیشتنی هەواڵ بە خێرایی بەخەڵک و هۆشیاربوونی تاک و کۆمەڵگە بەوەی چی روودەدات لەدەوروبەریان. بەڵام لەروانگەی سایکۆلۆژی ناس و پسپۆڕانی بواری مێنتاڵیتی مرۆڤ ئەمە بەنەرێنی دەبینن، چونکە دەرگای بۆ زانیاری فەیک و ساختە و ناڕاست و بێ بەها و پوچ کردەوە، ئەم جۆرە لەزانیاریەش بێ متمانەیی دروست کرد، زانیاریە ناڕاستەکان زۆرن، بەڵام زۆربەیان خەیاڵن، درۆن، فەیکن، زانیاری راست دەگمەنە، چونکە بەرهەمهێنانی قورسە، گرانە، ئەگەر بڵێوی بکەیتەوە دەنیشنە بنەوە، لەسەردەمی سۆشیاڵ میدیا ئەم هەموو پلاتفۆرمانە زانیاریان دەوێت و بەرهەمهێنانی زانیاری ڕاستیش بۆیان تێچوونی دەوێت، بەڵام زانیاری ناڕاست هەرزانە، خەیاڵە، خەیاڵیش هەرزانە، بەڵام راستی ئاڵۆزە، لەبەر ئەوەی واقع ئاڵۆزە. نموونە تێگەیشتن لەپارە، سیاسەتی نێودەوڵەتی، پەتا، زۆر ئاڵۆزە تێگەیشتن لێیان، خەیاڵ ئەوەندە ئاسانە کە تۆ حەزی لێبکەیت، خەڵک حەزی لە چیرۆکی ئاسانە وەک لە ئاڵۆز. راستی زۆربەی کات نەک هەموو کات ئازاربەخشە و سەرنج راکێش نیە، بۆ نموونە تۆ دەتەوێت شت بزانیت لەسەر خۆت لەسەر پەیوەندیەکانت، لەسەر ژیانت، رابردووت، بەڵام زۆرجار هەندێکیان ئازار بەخشن، یان زانیاری لەبارەی وڵاتەکەت، زۆر نەتەوە شتانێک هەیە لە باسی نەتەوەکەیان حەزناکەن بیبیستن، چونکە ئازار بەخشە، راستی زۆرجار ئازاربەخشە، بەڵێم خەیاڵ سەرنج راکێش و خۆشی بەخشە، لەم کێبڕکێی زانیاری راست و ناراستە ئەگەر یارمەتی راستی نەدەیت بەرزبێتەوە خەیاڵ دەیباتەوە لێی. ئەگەر میکانیزمان نەبێت بۆ پشتگیری راستی و برەوپێدانی، ئەگەر ئێمە دەرگا بکەینەوە زانیاری خەیاڵ و درۆ بڵێوبێتەوە جیهانی پڕدەبێت لەوانە و بەرزدەبێتەوە راستی دەچێتە بنەوە، وەک ئەمرۆ دەیبینین لەسۆشیاڵ میدیا کە ڕاستی کەمتر بەرەواجە وەک فەیک. ئەرکی زانیاری چیە؟ ئەوەیە مرۆڤەکان پەیوەست بکات بە یەکەوە لە تۆڕێکدا لە هێزێکی سەربازیدا، لەئاینێک، کەنیسەیەک، یان لە خێڵێکدا یان لەبزنسێکدا کە هاریکاری بکەن لە بازارێکدا کە ئیشیان هەیە پێکەوە، هەندێک جار زانیاریەکان لینکیان دەکەن بەیەکەوە لەسەر راستیەتی، بەڵام نەک هەمیشە. گرفتەکە لەوەشدایە زۆری و بڵێوی ئەم زانیاریانە پێویستیان بە هەرس کردنە، مرۆڤ چۆن پێویستی بەخواردنە و دەیخوات کاتێکی دەوێت بۆ هەرسکردنی، ئەگەر کات نەدات بەهەرسکردنی و بەردەوام بخوات توشی ژەهراوی بوون دەبێت. هەرواش مرۆڤ پێویستی بەخۆراکی مەعریفیەو وەریدەگرێت، وە پێویستی بەکات هەیە بۆ هەرس کردنی ئەو زانیاریانە، بەڵێم کاتێک هێندە زانیاری وەردەگرێت و دەکەوێتە بەردەستی کات نیە بۆ هەرس کردنی، جگە لەوەش زۆرێک لەزانیاریەکان ساختەن و بوار نیە جیایان بکاتەوە لەنێوان چی راستە و چی ساختەیە، چونکە یەکەم شتێک کە دەچێتە مێشکت پێویستت بە سێرچ نیە خێرا دواتریش هیندەی تر زانیاری دێت کات نیە بۆ سێرچ، توشی ژەهراوی بوونی مێشک و زانیاری دەبیت. هۆکاری بەشێکی زۆری قەلەقی و بێتاقەتی تاکەکانی کۆمەڵگە ئەمەیە کەمێشکی پڕە لە زانیاری یەک لەدوای یەک و ماندوکەر، بواریش نیە بۆ هەرس کردنی. لەوەش ناخۆشتر بە پێی وتەی ‘یوڤاڵ نوح هەراری’ فەیلەسوفی سەردەم دەڵێت” ئەڵگۆریزمەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا هەر ئەوە ناکەن هاکی مێشک و ناخیان کردوویت کە چیت دەوێت و چۆن بیردەکەیتەوە، بەڵکو بەدوای خاڵەلاوازەکانتا دەگەڕێن، بەچی دڵتەنگ دەبیت، بەچی توڕەدەبیت و هەستت دەگرن و ماندوت دەکەن، ئەوە دەخەنە بەرچاوت لەبابەت و زانیاری کە شتی توندو رقاوی وناخۆشن زۆرجار “.