فەزیلە شۆرش
رێکخراوەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لەماوەی خەباتی خۆیدا هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەرەنگار بوونەوەی جیاکاری، بەردەوامیش هەوڵی ڕێکخستنی ئافرەتانی داوە بۆ بەشداری کردنیان لەخەباتی نەتەوەیی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دوارۆژێکی پرشنگدار بۆ ئافرەتان و کۆمەڵگە.
بێگومان کارکردنی ئافرەتان و ئەندامەتیان لەم رێکخراوە هەر لە دامەزراندیەوە دەرگا بۆ بەشداری کردنیان لە شۆرشەکانی ئەیلول و گولان و لە سێکتەرە سیاسیەکانی تری حزب و بەرێوەبردن و بریاردان واڵا کردوە.
ئەندامانی ئەم رێکخراوە پیرۆزە بە بوێری و باوەر بەخۆبوونەوە، رۆلێکی گرنگیان لە خەباتی نەتەوەیی هەبووە و هەیە، کاتێک لە ٢٥-٩-١٩٧٠ لە بەغدا بەشداری کۆنگرەی (اتحاد نساء العراق ) یان کرد، بەلام کە بۆیان دەرکەوت ئامانجەکانی (اتحاد نساءێلعراق) دوورە لە ئامانجەکانی (ی.ئا.ک) دەست بەجێ ئەندامەکانی(ی.ئا.ک) بوێرانە لەم کۆنگرەیە کشانەوە، پاش چەند مانگێک کۆنگرەی دووەمی خۆیان هەر لە بەغدا لە رێکەوتی ١٨-٤-١٩٧١ بەست، راسپاردەکانیان لەگەل کات و ساتی ئەوکاتی کوردستان دەگونجا.
بێگومان بوێری ئافرەتی کورد و بەتایبەتی ئەندامانی (ی.ئا.ک) رەنگدانەوەی باوەر و متمانەیانە بە رێبازی بارزانی نەمر.
رێکخراوەکە وەک بزاڤێکی ئازادیخواز بۆ داکۆکی کردن لە مافە رەواکانی کورد و کوردستان و ئافرەتی کورد بە راسپاردەی بارزانی نەمر هاتە دامەزراندن بە مەبەستی رێکخستن و بەردەوام دان بە خەباتی ئافرەتان، بە شێوەیەکی رێکخراوتر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، لە ١٩٥٢ تا ١٩٦٣ بە شێوەیەکی نهێنی بووە و بریتی بووە لە کۆمەڵێ ئافرەتی بوێرو پێشەنگ، بەلام دوایی فۆرمی رێکخراوەیی وەرگرت و بەشێوەیەکی رێکخراوتر و مەدەنی کار و چالاکیەکانی جێبەجێ دەکراو تا ئێستاش بەردەوامە لە پێناو پاراستنی شکۆی ئافرەتانی کوردستان.
جێگای شانازیە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک قوتابخانەیەک توانیویەتی ئافرەتانی سەرکردە پێبگەیەنێ و ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی ببنە ئافرەتی سەرکردە.
لە ئەوروپاش لە سالی ٢٠٠٧ وە ئۆڤیسی هەیە کە ئێستا بە ناوەندی ئەوروپا ناونراوە، کارو چالاکیەکانی لە خزمەتی ئافرەتی کورد و کوردستانە، لە کاتە سەختەکانی کوردستان بەتایبەتی لە سالی ٢٠١٤ وە چالاکیەکانی خستەگر بۆ خزمەتی کوردستانیان بەتایبەتی پاش هێرشەکەی داعش بۆ سەر کوردستان .
ناوەندی (ئۆفیسی) ئەوروپا لە پال ناردنی هاوکاری بۆ کوردستان، توانی دەنگی ئافرەتانی کوردستان بگەینێتە نەتەوەیەگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و پاشای هۆلەندا و پەرلەمانەکانی ئەوروپی.
لە ٢٨-٧-٢٠٢٤ دەستەی نوێی ناوەندی ئەوروپا دەست بەکار بوون بۆ بەردەوامی دان بە چالاکیەکان.