حه‌فتاو دوو ساڵه‌ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، هه‌ر پێشه‌نگی خه‌باتی ئافره‌تانه‌

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*
ئه‌و گۆرانكاریی و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی له‌سه‌ده‌ی رابردوو دروستبوون، به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ و دنیابینی كۆمه‌ڵگه‌ بوو بۆ باشتركردنی ره‌وشی كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی و ئافره‌تان به‌تایبه‌تی. ئافره‌تانی جیهان به‌رده‌وام هه‌وڵیانداوه‌ كه‌ مافه‌كانی خۆیان وه‌ك تاك ده‌سته‌به‌ربكه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ به‌شێك له‌مافه‌كانیان بێته‌دی، و هێنانه‌دی ئه‌و مافانه‌ش به‌سانایی نه‌بووه‌ به‌ڵكو دوای چه‌ندین خۆپیشاندان و قوربانیدان بووه‌. ئاشكرایه‌ كه‌ له‌هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌ ئافره‌تان داوای مافی خۆیان كردووه‌ به‌ڵام هاوكات پیاوانیش هانده‌رو پاڵپشت بوون، یه‌كێك له‌م نموونه‌ دیارانه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌.
له‌ساڵی 1952 له‌و كاته‌ی پرسی ئافره‌ت له‌جیهاندا به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندن ده‌چوو، له‌كوردستان رێكخراوێك بۆ داكۆكیكردن له‌ ئافره‌تان و ژنانی كوردستان به‌ناوی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان دامه‌زرا كه‌ له‌سه‌ر پێشنیار و راسپارده‌ی بارزانی نه‌مر باوكی روحی نه‌ته‌وه‌ییمان بوو.
بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوێك تایبه‌ت به‌ پرسی ئافره‌تان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ چه‌ند فاكته‌رێك، یه‌كه‌م: بارزانی نه‌مر خاوه‌ن هزرێكی سه‌رده‌میانه‌ی هه‌بووه‌ و بڕوای ته‌واوی به‌ پرسێك هه‌بووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش پرسی ئافره‌تانه‌، و پێیوابووه‌ ده‌بێت ئافره‌تان هاوشانی پیاوان چۆن له‌ له‌خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد به‌شدارن، پێویسته‌ له‌چوارچێوه‌ی دیسپلینی رێكخراوێكدا كۆبكرێنه‌وه‌ و رێكبخرێن. دووه‌م ئافره‌تان ده‌توانن رۆڵی كاریگه‌رتر له‌پیاوان ببینن له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ و باشتر له‌كاروباره‌ خێزانیه‌كان و دروستكردنی لینكی په‌یوه‌ندی نێوان كاری سیاسی و مه‌ده‌نی تێده‌گه‌ن. سێیه‌م: بارزانی نه‌مر به‌ئاگا بووه‌ له‌و خه‌باته‌ی ئافره‌تانی جیهان بۆی تێده‌كۆشن و جیهانبینی بۆ ئاینده‌ی ئافره‌تانی كوردستان فراوان و دوورمه‌ودا بووه‌، وبه‌ گه‌شبینیه‌وه‌ ته‌ماشای ئاینده‌ی ئافره‌تانی كوردستانی كردووه‌. چواره‌م: ده‌بێت ئافره‌تان به‌رێگه‌یه‌كی دروست و رێكخراو په‌روه‌رده‌ بكرێن به‌تایبه‌ت كچانی گه‌نج له‌سه‌ر ئینتیمای نیشتمانی و خۆشویستنی خاك و نیشتمان گۆش بكرێن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن له‌دوارۆژدا نه‌وه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و خاكدۆست ته‌سلیم به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن. پێنجه‌م: بارزانی نه‌مر متمانه‌ی به‌توانا و لێهاتوویی ئافره‌تانی كوردستان هه‌بووه‌ كه‌ ده‌توانن ببنه‌ پێشه‌نگ و له‌چوارچێوه‌ی رێكخراوێكدا په‌ره‌ به‌ هزری مرۆڤدۆستی بده‌ن و ئاستی رۆشنبیر و هۆشیاری ئافره‌تان به‌رزبكه‌نه‌وه،‌ و هاوشانی ئافره‌تانی جیهان به‌رده‌وام پێداگیری له‌ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان بكه‌نه‌وه.
هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ بوونه‌ هه‌وێنی دامه‌زراندنی رێكخراوێك كه‌ تائێستا خزمه‌ت و چالاكیه‌كانی گه‌یاندۆته‌ هه‌زاره‌ها ئافره‌ت و بۆته‌ چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی ئافره‌تان له‌پێكهاته‌ و ئاین و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ببێته‌ رێكخراوی دایك و ئامێزی بۆ سه‌رجه‌م ئافره‌تانی كوردستان بكاته‌وه‌.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان كه‌ ئه‌مرۆ ته‌مه‌نی خه‌بات و تێكۆشانی ده‌بێته‌ 72 ساڵ، ئه‌و ته‌مه‌نه‌ پریه‌تی له‌ئه‌زموون و پریه‌تی له‌ هه‌ڵكشان به‌ره‌و لووتكه‌، هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵدان بووه‌ بۆ گه‌یاندنی باشترین خزمه‌ت و كاری نوێ به‌ ئافره‌تانی كوردستان، چونكه‌ خۆی به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێت له‌به‌رامبه‌ر ئافره‌تان و ژنان و ئامانجیه‌تی ئافره‌تانی كوردستانیش وه‌ك ئافره‌تانی كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌باشترین بارودۆخدا بن.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، كه‌ رێكخراوێكی جه‌ماوه‌ری بنكه‌ فراوانه‌، له‌ساتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ هه‌تا ئێستا له‌سه‌ر هه‌مان دیدگا و بروابوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پرسه‌ جیاوازه‌كان به‌تایبه‌ت تێگه‌یشتن و روئیای بۆ پرسی ئافره‌تان، به‌رده‌وامی به‌خه‌باتی خۆی داوه‌. هه‌روه‌ها هه‌میشه‌ پشت ئه‌ستور و خاوه‌ن متمانه‌ی ته‌واوین كاتێك كه‌ له‌لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆك بارزانیه‌وه‌، پاڵپشت و پشتگیری ده‌كرێین، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین شانازیی و ده‌ستكه‌وته‌ بۆ ئافره‌تانی كوردستان كه‌ جه‌نابیان بروای ته‌واوی به‌ دۆزی ئافره‌تان هه‌یه‌ و پێداگیری له‌سه‌ر نه‌هێشتنی جیاكاری ده‌كات له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز، هه‌ر ئه‌و پشتیوانیه‌ به‌هێزه‌ بووه‌ كه‌ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستانی گه‌یاندۆته‌ لوتكه‌ و پێشه‌نگی كاری رێكخراوه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، به‌ڵێنی خزمه‌تی زیاتر و چالاكی جۆری باشتر و فراوانتر به‌ ئافره‌تانی كوردستان ده‌دات، و سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ پشتگیری مافه‌كانی ئافره‌تانه‌ و ئه‌وپه‌ری كارئاسانی و خه‌مخۆری بۆ باشتركردنی ره‌وشی ئافره‌تان گرتۆته‌به‌ر، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌هاوشانی رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی ئافره‌تان و ژنان و خوشكان له‌هه‌رێمی كوردستان بره‌وی زیاتر به‌و چالاكیانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ كلتور و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مرۆی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌گونجێت، و ئه‌و مافانه‌ی تا ئێستا ده‌سته‌به‌رنه‌بوون، هه‌وڵی به‌دیهێنانیان ده‌ده‌ین.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، تێده‌كۆشێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ تێیدا مافه‌كانی ئافره‌تان به‌رجه‌سته‌بن و یه‌كسانی له‌نێوان ئافره‌تان و پیاوان له‌كۆی بواره‌ جیاوازه‌كان بنیاد بنرێت. دیدگای ئه‌م رێكخراوه‌ بۆ پرسی جێنده‌ر و یه‌كسانی، له‌سه‌ر بنه‌مای بروابوونیه‌تی به‌ چه‌مكی مرۆڤسالاری واته‌ مرۆڤبوون چه‌ق و ناوه‌ند بێت، هیچ جیاكاری و نایه‌كسانیه‌ك نایه‌ته‌ بوون. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پین و مۆڵكداری له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ كۆتایی پێ بێت و هیچ كام له‌ئافره‌تان و پیاوان ئاماژه‌ به‌ خاوه‌ندارێتی وده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ پاراستنی خێزانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن و خۆشه‌ویستی. رێگه‌ناده‌ین كه‌ نه‌ریتێكی نامۆ تێكه‌ڵ به‌ خێزان وكۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بێت كه‌ ببێته‌ هۆكاری تێكچوونی شیرازه‌ی خێزان.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌، یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌خه‌می پرسی ئافره‌تانی كوردستانه‌، و هه‌موو كۆششێكی بۆ گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی تواناكانی ئافره‌تانه‌، و له‌گۆشه‌ نیگای جیاوازه‌وه‌ پلان بۆ پێشكه‌وتنی ئافره‌تان داده‌رێژێت.
ساڵیادی ئه‌م رێكخراوه‌ سه‌نگینه‌ له‌ته‌واوی ئافره‌تانی خۆشه‌ویستی كوردستان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئازیز رێكخراوه‌كه‌مان پیرۆز بێت.