بەكر كەریم حەسەن
(سومرست موم) ڕۆماننوس و نووسەری ئینگلیزی دەڵێ: “وامان دەزانی بەختەوەری لە وەرگرتندایە؛ دوایی دۆزیمانەوە كەوا بەختەوەری لە بەخشیندایە.”
تێگەیشتن لە بەختەوەری لە كەسێك بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت هەر یەكەوە بە پێی تێگەیشتن و هەست و تێڕوانینی خۆی وەسفی بەختەوەری دەكات، هەیە بەختەوەری بە پارە و سامان و دەسەڵات دەبەستێتەوە، هەیە بە سەركەوتن و دەستكەوت دەیبەستێتەوە، هەیە بە تەندروستی و ئاسوودەیی دەیبەستێتەوە یان بە جێبەجێكردن و بەدیهێنانی ئامانج؛ هەریەكە و بە جۆرێك وەسفی بەختەوەری دەكات. لەبیرمان نەچێت بەختەوەریی ڕاستەقینە بریتییە لە بڕیاردان، بڕیار بدەی كەوا بەختەوەر بین هەر تەنها خۆت بەرپرسیاری لە بەدیهێنانی بەختەوەری، بۆیە دەبێ مرۆڤ هەردەم ڕازی و چاوتێر بێت لە خۆی و بەشی خۆی دڵی خۆش بێت بەو شتانەی كە هەیەتی و لە دەوروبەرت، هەمیشە ئەرێنی بێت و گەشبین بیت نرخ و بەها بۆ شتە جوانەكان دابنێ ئەوكات هەست بە بەختەوەری ڕاستەقینە دەكات، دەگێڕنەوە پێشكەشكارێك لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی لە میوانەكەی پرسی كەوا پیاوێكی دەوڵەمەند بوو زیاتر چ شتێك لە ژیاندا بەختەوەری كردی، پیاوەكە وەڵامی دایەوە گوتی” من بە چوار قۆناغی بەختەوەری لە ژیانمدا ڕەت بووم تا مانای بەختەوەری ڕاستەقینەم زانی، یەكەمیان پەیدا كردن و دەست بەسەرداگرتنی شتەكان، بەڵام بەختەوەری ڕاستەقینە كە دەمویست نەمدیت. دووەمیان پەیدا كردن و دەست بەسەرداگرتنی شتە گران بەهاكان هەستم كرد كاریگەری بەختەوەریەكە كاتیە و تروسكە و درەوشاوەكەی زوو دەكوژێتەوە. سێیەمیان بەدەستهێنانی پڕۆژەی گەورە وەكو كڕینی باڵەخانە و میوانخانەی زۆر و شوێنی گەشتیاری گەورە، بەڵام ئەم بەختەوەریەمان هەست پێ نەكرد كە خەیاڵم دەكرد زۆر بەختەوەر و دڵخۆشبم وانە بوو. چوارەمیان هاوڕێیەكەم داوای لێم كرد بەشداری بكەم لە كڕینی كورسی جولاو بۆ كۆمەلێك منداڵانانی خاوەن پێداویستی تایبەت چیرۆكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات بەڵێ ڕاستەوخۆ ڕازی بووم و بەشداریم كرد لە بەخشینەكە بۆ كڕینی كۆمەلێك كورسی، بەڵام هاوڕێیەكەم سوور بوو لە سەر ئەوەی لەگەڵی بچم و خۆمان دیارییەكان پێشكەش بە منداڵەكان بكەین بە دڵنیایی ڕازی بووم و چووم لەگەڵی كورسیەكانم پێشكەش كردن لەوێ دڵخۆشی گەورەم بە چاوم خۆم دیت لە ڕوخسار و ڕەنگ و ڕووی منداڵەكان چۆن جولە دەكەن بە هەموو لایەك بە كورسیەكانیان و پێدەكەنن لە دڵەوە زۆر دڵخۆش و بەختەوەر بوون، بەڵام ئەوەی بەختەوەریی ڕاستەقینەی خستە دڵم ئەو منداڵە بوو كاتێك ویستم بڕۆم منداڵێك لەسەر كورسییەكەی بە دڵخۆشی قاچی توند گرتم ویستم بڕۆم قاچم بەر بدات قاچم ڕزگار بكەم لەنێو دەستەكانی بە نەرمی، بەڵام ئەو قاچی بەرنەدام و بە چاوەكانی تێدەڕوانیم بە توندی و خۆم خوار كردەوە و پرسیم لێی ئایا هیچی ترت پێویستە بۆت بكەم پێش ئەوەی بڕۆم، بەڵام لە وەڵامێكی كوتوپڕ و سەرسوورهێنەردا كە لە ئەوان فێری مانای بەختەوەری ڕاستەقینە بووم و هەموو ژیانمی گۆڕی بەتەواوی پێی گوتم دەمەوێ ئەدگار و سیمای ڕوخسارت لەبیر نەکەم و وەبیرم بێتەوە كاتێك لە بەهەشتدا دەتبینمەوە تا جارێكی تر سوپاست بكەم لە پێش خودای گەورە زۆر حەپەسام و لێرەوە زانیم مانای بەختەوەریی ڕاستەقینە چیە و چ جۆرە شوێنەوارێكی كاریگەر جێ دەهێڵێت لە ژیانی مرۆڤەكان.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی