چەند پێشنیازێک بۆ ئەندامانی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

تاریق جامباز
بە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی دەتوانن پێشنیاز بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکەن تاوەکو بخرێتە کارنامەی دانیشتنێک و دواتر لە لیژنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ بکرێت، پێشتر لە فراکسیۆنەکان شەن و کەو دەکرێ، پاشان بە یاسای نوێ یان هەموار کردن یان بڕیار دەردەچوێندرێ، بە پێویستم زانی کە ئەو پێشننیارانەی کە پێویستن بۆ ئایندە ئامادەیان بكەم. ئەم کەموکوڕیانەی کە هەن بە ئەرکی وڵاتپارێزیم زانی کە بە وردی و قوڵی بخوێنینەوە، مەبەستم ئەوەیە تاوەکو پەرلەمان بە ڕاست و دروستی دەسەڵاتی یەکەم و حکوومەت لە حزب جیا بکرێنەوە بۆ یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی پێشمەرگە و هێزی ناوەخۆ.. هتد. یاسا سەروەربێ بە کردەیی، هەوڵ بدرێ گەندەڵی کارگێڕی و دارایی بەرە و نەهێشتن ببردرێت.
قسە و پێنوسمان راستەڕێ بن یان سەرلەنوێ بە خۆیاندا بچنەوە، کە شوێن و جێگایان لە کوردستان نابێتەوە گەر (کوردستان یان نەمان) یان لە هزر و بیر نەبێ و ئەمەش کاتی پێویستە و لە پێشنیازەکان باشتر و چاکتر بۆتان ڕوون و دیار و ئاشکرا دەبێ، گەر راستەڕێ بن و کاروانی خەباتی وڵاتپارێزی بە ئاسۆی پڕ لە هیوا و گەیشتن بە ئامانج و ئاوات و هیوای دواڕۆژ کە خەون ببێتە ڕاست و ئەمەش ئاسان نییە بەڵکو دژوار و ئاڵۆزە، بەڵام مەحاڵ نییە و زۆرمان دژی یەکتر کرد و دوژمنانمان دڵخۆش کرد، دەبا چیتر بەم جۆرە هەڵسوکەوت نەکەین بەڵکو بە لۆژیک دەبا هەر هەموو لایەنەکان و تاکەکانی کوردستان لە بەرپرس لە هەر بوارێکدا، کوردستان وڵاتمانە و چیتر بیری زۆر چیتر تەخشان و پەخشانی نەکەین و چیتر بەرژەوەندی خۆ خۆری بەڵکو بە ستراتیژی دوارۆژی کە هەموومان ئاسودە و دڵنیا و ئارام پێکەوە بە خۆشەویستی بژین.
١- مافی دەنگدان مافێکە لە دەستوور و یاسا فەراهم کراوەکانە، هەر کەسە ئازادە دەنگ بدا یان نەدات و قەدەغەیە ناچارکردن بەترساندن و برساندن چونکە ئەمەیان دژی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ڕادەربڕینە و پێیوستە ئەو لایەنەی ئەم کردارە ئەنجام دەدات سزای یاسایی بۆ دابنرێ و هەرگیز نابێ لەنێو کەرتی گشتی و تایبەتی حزبایەتی بکرێ و بە زۆری بەشداری بۆنە و یادەکانیان پێ بکرێ و نابێ میوانداریی لەکاتی دەوامکرن بکرێ چونکە پێویستە کاتەکە بۆ راهیکردنی ئیشوکاری هاوڵاتیان بێ. دوای دەوام دەتوانرێ لە شوێنێکی دیکە میوانداری و حزبایەتی بکرێ و حکومەت لە حزبایەتی جیا بکرێتەوە و دەبێ دادوەرەکان زانکۆکان سەربەخۆ بن و حزب لە دانان و لابردنیان تێکەڵ نەبێ.
٢- کاندیدی پەرلەمانی کوردستان دەبێ خوێندەوار بێ بە گوێرەی پێویست بە کەمی قۆناغی ئامادەیی تەواو کردبێ.
٣- لیژنەی زمان لە حکوومەت و پەرلەمان هەبێ بۆ داڕشتنی پێشنیاز و پڕۆژەکان بەزمانی کوردی و عەرەبی لەلایەن پسپۆڕانی یاسایی و زمانەوانی ئەوانی لەم دوو بوارەدا جێپەنجەیان دیارە و بە کردەیی کاریان کردووە.
٤- ناوی یاسای ئەکادیمیای کوردی بکرێتە ئەکادیمیای زمانی کوردی وەکو وڵاتان و هەرێمەکانیان.
٦- ژمارەی بارەگای لایەنەکانی لە پارێزگا و قائیمقامیەت و ناحیەکان دیار بکرێ.
٧-ژمارە و قەبارەی وێنەی کاندیدەکان لە یاسای هەڵبژاردنەکان دیار بکرێ.
٨-نابێ ماشێنی حکوومەت دوای دەوام بە مۆڵەتی تایبەت نەبێ بەکاربهێنری.
٩-کەناڵێک هەبێ بۆ ئەوەی پەخشی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بە بەردەوامی راستەوخۆ قسەکانی پەرلەمانتارانیش ماوەی بۆ دابنرێ و ئەگەر داخراویش بێ ئەمەیان شتێکی دیکەیە.
١٠-یاسای تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی دەربچێ کە سەرجەم لایەنەکانی میدیا بگرێتەوە.
١١- نابێ کادیری لایەنەکانی سیاسی لە بارەگاکانیان دەوام بکەن لە حکوومەتیش موچە وەربگرن.
١٢- نابێ فۆڕم بەسەر ماڵان لەلایەن موختارەوە بۆ زانیاری سیاسی دابەش بكرێت، تەنیا وەزارتی پەیوەندیدار بەم کارە ڕابێ.
١٣- کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکان ناویان چۆن لە کارتی نیشتمانی نووسراوە بەهەمان جۆر بنووسرێ و گەر بەناوێکی دیکە ناسراو بێ لەنێو دوو کەوانە دابنرێ و جگە لە وێنەکانیان نەبێ نابێ وێنەی کەسێکی دیکە لە تەکیدا بڵاو بکرێتەوە.
١٤- ئەوانەی کاندید دەکرێن پێویستە لیژنەیەک لە بواری لێهاتووی بۆ هەڵبژاردنەکان بزانرێ تاوەکو بتوانێ بەم ئەرکە رابێ و بۆ کاندیدە سەربەخۆکانیش لیژنەیەک لە کەسانی سەربەخۆ پێک بهێنرێ.
١٥- ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان دیار بکرێ تاوەکو کۆمەڵگایەک بۆ هەرسێ دەسەڵاتە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و کەسە سەربەخۆکان) دروست بکرێ.
١٦- فەرمانگەکانی حکوومەتی کوردستان خانویان بە کرێ گرتووە و لایەنەکانیش دەستیان بەسەر خانوەکانی حکوومەتی بەعسیزمدا گرتووە و دەبێ چارەسەر بدۆزرێتەوە و بەم جۆرە سەیرە نابێ و ناکرێ بەردەوام بێ.
١٧- سانسۆر لەسەر میدیاکان بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی دابنرێ لەلایەن زمانەوانییەوە چونکە زمانی کوردی وا دەشێوێنرێ لە تابلۆی کەرتی تایبەتی و گشتی و بۆیە پێویستە لیژنەیەکی زمانەوانی لە پارێزگا و قائیمقامیەت و ناحیەکان بۆ دابنرێ تاوەکو بە کوردێكی پاڕاو بنووسرێن.
١٨- ئەوانەی دەبنە پەرلەمانتار، وەزیر و بریکاری وەزارەت، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆک فەرمانگەکانی سەربەخۆ پێیوستە فۆڕمی ئەستۆ پاکی پڕ بکەنەوە. تاوەکو بزانرێ لە موڵکی گوازراوە و نەگوازراوە چیان هەیە و دوای لە پۆستەکەی نەما وردبینی لەوەی هەیبووە و هەیەتی بکرێ و نەوەک پۆستەکەی قۆزتبێتەوە بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن.
١٩- نابێ زەوی دابەشکراو یان شوێنی نیشتەجێ بوون تاوکو دە ساڵ بفرۆشرێ چونکە پێشتر زۆرینەی ئەوانەی وەریان گرت یەکسەر فرۆشتویانە.
٢٠- لە ئایندەی زۆر نزیکدا فەراهەمکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بکرێتە ئەلیکترۆنی تاوەکو چیتر هێندە کاغەز بەکار نەهێنرێ و بواری واستەش نەمێنێ و بەخێرایش مامەلەکە جێبەجێ بکرێ.
٢١- یاسای ئارامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربچوێنرێ.
٢٢- یاسای سرودی هەرێمی کوردستان دەربچوێنرێت.
٢٣- کتێبێک ساڵانە لەبارەی هەرێمی کوردستان لەهەموو بوارەکان دەربچێ و بدرێتە میوانە فەرمییەکانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
٢٤- وەرگرتنی کوردانی هەندەران لە زانکۆکانی کوردستان بۆ نموونە (لبنان، ئوردون، میسر) تاکو کوردبوونیان بەردەوام بێ و ناوی کوردی لە جگەرگۆشەکانیان بنێن.
٢٥- ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین زمانی کوردی نازانن خولی زمانی کوردیان بۆ بکرێتەوە چونکە لە دەستووری کۆماری عێراق(٢٠٠٥) لە ماددەی چوارەمیدا زمانی کوردی لەتەک زمانی عەرەبی یەکسانە.
٢٦- سندوقی دەنگدانی گەڕۆک بۆ ئەو کەسانە دابنرێ کە ناتوانن بچنە بنکەکانی دەنگدان لەبەر نەخۆشی یان پیری و هەروەها بۆ زیندانیان.
٢٧- پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی کارا و کاریگەر بێ پێویستە کەسی یەکەم یان دووەمی حیزبەکان بچنە پەرلەمان.
گەر بە خۆماندا نەچینەوە و بەگوێرەی گۆڕانکاری ئێمەش خۆمان نەگونجێنین ئەوا لە کاروانی پێگەیشتن و پێشکەوتن دوا دەکەوین، دەبێ کوردستانیان (کوردستان) لە پێش بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەت و ناوچەگەری و حزبایەتی تەسک و تروسک دابێ ئینجا لە سەرکەوتن، ئاوات، ئامانج، هیوا نزیک دەبینەوە، پەنجا بە پەنجا تور دەینەوە و بە پەلەیەکی قێزەوەن بزانین و هەرگیز یەکی من و یەکی تۆ یان هی خۆم دەخۆم و بەشی تۆش دەخۆم گەر خاکمان کوردستان بێ ئەوا هاوڵاتیبون فرە نەتەوە و ئاین ورەنگەکان و لەخۆ بگرێ و دەستە گوڵەکە بۆنی هەمووان ئارام دەکات و خۆشی دەخاتە هزر و بیری گشتمان.
حکوومەت بۆ هەمووان بێ نەک بۆ ئەوانەی پشتیوان و پشتگیر و لایەنگری لایەنێک دەکەن، ئەمەیان حکوومەت لە خەڵک دوور دەخاتەوە، گەر هێز و پارەیان نەما نەک بچوک بەڵکو دەتوێتەوە، ئینجا دەگوترێ حزبێکی ناسراو هەبوو.
دەبێ ستراتیژمان وڵاتپارێزی کوردستان بێت پێش حزبستان (منستان). دەنا بەرە و تونێڵێکی نادیار دەچین كە ئێستا لە باشووری کوردستان لەنێویدا دەژین!

ئەندامی خوولی یەکەم و دووەمی پەرلەمانی کوردستان