دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
وەجد وەک بەهەشتی ئاسوودەیی
زیکری ڕاستەقینە، لە بازنەی حەرف و وشە و بیرۆکەدا گیر ناخوات، زیکرخوێن لە هەڵکشانیدا لاڵ دەبێت، ئاخر کە دڵ هاتە گۆ، زمان بێدەنگ دەبێت. کە سۆفی بە تەواوی لە خوا نزیک دەبێتەوە، هەموو ئەندامانی جەستەی دەبن بە دڵ و زیکری خوا دەکەن، ئیدی خەو و خۆراکی لێ حەرام دەبێت و لەناو زیکردا دەژی، زیکر و هیچی تر نا. هەندێک لە سۆفییەکان زیکریان وەک پەردە لە نێوان خۆیان و خوادا لێک داوەتەوە، حەللاج گوتوویەتی: زیکر تۆم لەبەر چاو بزر دەکات. سەهلی توستەری پێی وایە: هەر هەناسەیەک زیکری خوات تێدا نەکردبێت، هەناسەیەکی مردووە، هەر هەناسەیەک زیکری خوات تیدا کردبێت، زیندووە، چونکە ئاوێزانی خوا بووە.

ئەوانەی پێیان دروست نییە، زیکر بە دەنگی بڵند بکرێت، پشتیان بەو گوتەیەی پەیامهێن قایمە کە دەڵێت: (خۆ ئێوە بانگی نابیستێک یان بزرێک ناکەن، ئەوی بانگی دەکەن، هەم گوێی سووکە و هەم لێتانەوە نزیکە.) زیکری ناوی خوا، بە کۆمەڵ و بە دەنگی بڵند و بە هەمان ڕیتم و بە جووڵەی تایبەتەوە، مورید بەرەو وەجد دەبات. زیکری بە کۆمەڵ دەشێت بە لا إلە ألا الـلە دەست پێ بکات، هێدی هێدی ببێت بە الـلە و ئینجا ببێت بە (هـ) کە دوا حەرفی (ألـلە)یە و بە ڕیتمێکی خێرا بگوترێت. مەبەستی دەروێش لە زیکری بە کۆمەڵ تەنیا ئەوە نییە، بە عیشقی خوا مەست ببێت، بەڵکوو پێی وایە پاداشتیشی بۆ دەنووسرێت. دەڵێن مورید ئەگەر حەوت هەزار جار شایەتوومان بڵێتەوە، هەم خۆی لە دۆزەوخ قوتاری دەبێت، هەم دەتوانێت یەکێکیش بەهۆی خۆیەوە لە ئاگر ڕزگار بکات.

گوتنەوەی ناوە جوانەکانی خوا کە نەوەد و نۆن و هەر ناو نین، ئاوەڵناویشن و لە قورئاندا هاتوون، لای سۆفی بایەخێکی زۆری هەیە. بۆچی تەزبیح نەوەد و نۆ دەنکە؟ بۆ ئەوەی زیکری هەر نەوەد و نۆ ناوە جوانەکەی خوای پێ بکرێت. هەر لەبەر هەمان هۆکار تەزبیحی سی و سێ دەنکیش هەیە، ئەوسا بە سێ جار نەوەد و نۆ ناوەکە دەگوترێن. زیکری ناوەکانی خوا، بە یا ڕەحمان و یا ڕەحیم دەست پێ دەکات و بە یا سەبوور دوایی دێت.

سەما و سووڕانەوە بە دەوری ڕەمزێکدا، بەدەم گۆرانی و موزیکەوە، کە دەشێت دێرینترین سرووتی ئایینی بێت، تایبەت نییە بە دینێک. سەمای موریدانی تەریقەتی (مەولەوی)یش هەر درێژەپێدانی ئەو سرووتە دینییە دێرینەیە. سەمای سۆفییانە، بەر لەوەی جەستەییی بێت، ڕۆحییە. کە بە (جونەید)یان گوتووە: سۆفییەکان خول دەخۆن و تۆ دانیشتوویت! پێی گوتوون: (با پێمان وا نەبێت، چیا لەجێی خۆی نابزوێت، نا، چیایش وەک هەور دونیا تەی دەکات.) دەشێت سۆفی بەدەم سەماوە، بە تەواوی لە دونیا داببڕێت و هەست لە دەست بدات، ئەوە بۆیە کە بە تیغ بریندار دەکرێت، ئازاری پێ ناگات، وەک بەنگ کرابێت.

روزبەهانی بەقەلیی شیرازی (١١٢٨ – ١٢٠٩) گوتوویەتی: (سۆفی لەگەڵ خوادا سەما دەکات.) عەوام پێی وایە، موزیک دەرگای بەهەشت بە ڕووماندا دادەخات، بەڵام لەکن سۆفی، موزیک دەرگای بەهەشت بە ڕووماندا دەکاتەوە. بەهۆی سەمای عاشقانی خواوە، ئاوی ژیان هەڵدەقوڵێت و مردووان لە کفنەکانیاندا دێنە جۆش، ئاخر ڕۆحی ئەڤیندار لەدەوری خوا خول دەخوات. بەهۆی سەماوە کۆت و زنجیری دەوری جەستە دەشكێن و ڕۆح ئازاد دەبێت. سۆفی بە تەنیا ناڕەقسێت، چی بوونەوەرە لەگەڵیدا دەڕەقسن، ئیدی هەر لە شنەی باوە، تا لەنجەی گەڵا و گوڵ، هەر لە کۆچی هەورەوە، تا ڕەوتی ڕووبار. سۆفی بە سیمفۆنیایەک مەست دەبێت، چی مەخلووق هەیە، لە ژەنینیدا بەشدارن. حەللاج بە کۆت و پێوەند و زنجیریشەوە، بەدەم سەماوە بەرەو سێدارە ڕۆیشتووە. لای مەولانا، سۆفی بەدەم فەنابوونەوە لە سەمادا، لە خوا نزیک دەبێتەوە.