ئەرێ بەڕاست؟

عارف ڕوشدی
ئەو گرووپانەی لە سلێمانی ( هاندەر و بکەرەکان) کە بە پێی پیلانێکی داڕێژراو ئاراستە دەکرێن و گرددەبنەوە، بۆ جارێکیش بێت پسیارێک لە ویژدانی خۆیان ناکەن (هۆکاری سەرەکی) گرفتە ئابوری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکەی لە کوێیە؟ ئەرێ لە خۆیان ناپرسن ، کە وایانکرد ( داشی شۆڤینییەکانی بەغدا) سواربێت و دەیانگوت هەمو شتێک بدریتە بەغدا ئیتر بۆیان دەبێتە شامی شەریف دەرەنجامەکەی چیان چنییەوە؟ ئەرێ گەلۆ ؛ ئەوانەی پاساوی بۆگەنی شۆڤێنییەکان دەکەنە دروشم و گردبوونەوەی قێزەوەن ئەنجامدەدەن، لە خۆیان ناپرسن بۆچی (بەغدای نمونەی باڵایان) ڕێگری دەکات لە چوونی بەروبومی جووتیارانی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عیراق؟ لەکاتێکدا هەر چی بەروبومی زیانبەخشی هاوردەکراو هەیە (ئازادانە) دەرخواردی خەڵک دەدرێت !
ئەرێ ناپرسن بۆچی پارەی گەنمی جووتیارانمان بەهەزار فەلاکەت و بێڕێزی دەدرێتەوە؟ لە کاتێکدا پارەی جووتیارانی شوێنەکانی دیکە لە کات و ساتی خۆیدا بێ دواکەوتن خەرجدەکرێت !
دڵنیابن هاوڕێیان، یەکەم ؛ ئەو سیاسەتە داڕووخاوەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات هۆکارەکەی کوردبوون و هەوڵی شکاندنی کەسایەتیمانە.
دووەم ؛ ئەو جورە خۆ بەکەمزانین و دژبەری گەل و وڵات، لە هیچ شوێنێکی دیکەی ئەم سەر زەمینەدا نابینرێت، تەنها لای ئەو لادەر و شکستخواردووانەی ئەو سنوورە نەبێت !
شاراوە نییە لە کەس، تەنانەت بە بڕیاری ئەو دادگا نادادپەروەرەش بێت نابێت ( مووچەی مووچەخورانی کوردستان) دوابخرێت بەهەر پاساوێکەوە بێت کە هیچ پاساوی یاسایی نییە جگە لە ستەم و پاساوی بی ئەخلاقی شۆڤێنیەت و تائیەفەگەرایی باڵادەستانی بەغدا نەبێت. ئینجاش ئەو کۆمەڵە دوور لە هەر پاپەندبوونێکی نیشتیمانی و مروڤبوون، لە خۆنواندنێکی زۆر ئاست نزمدا دژایەتی گەل و حکوومەتەکەمان دەکەن.