متمانە و پێکهێنانی حکوومەت

شێرکۆ حەبیب
لە دوای پەسندکردنی ئاکامی هەڵبژاردنەکان حزبە براوەکان دەکەونە جووڵە بۆ ئەوەی حکوومەت پێکبهێنن، لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی لێ ئەنجام دەدرێت، بەشێوازێکی دیموکراسی و ئاکامی هەڵبژاردنەکان واتە ئیستیحقاقی ئینتخابی دەبێتە بنەما بۆ پێکهێنانی حکوومەت، زۆر جار حزبێک بەتەنها کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە حکوومەت پێک دەهێنێت، ئەوانی تر دەبنە ئۆپۆزیسۆنێکی دروست.
لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکەوت کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمە بە ٣٩ کورسی و زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگ، ئەمەش هۆکارە کەوا پارتی ڕاسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت.
بەهۆکاری ئەوەی پارتی زۆرینەی پێویستی کورسیەکانی بەدەست نەهێناوە کە بتوانێت حکوومەت بەتەنها پێکبهێنێت، هەڵبەتە دەبێ لە گەڵ یەک یا زیاتر لە حزبە براوەکان هاوپەیمانی پێکبهێنێت، مەرج نییە کام حزب بێ، حزبی دووەم بێت بەڵکو دەتوانێ لەگەڵ حزبی چوارەم و پێنجەم هاوپەیمانیەک پێکبهێنێت، بەڵام ئەوەی لە کوردستان بۆتە عورف کە پێکهاتەی سەرەکی حکوومەت لە پارتی و یەکێتییە کە ئەمەش لەڕاستی مەرج نییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و مەرج نییە ئەو دوو حزبە بەیەکەوە بن دەشێ وەک بەریتانیا یا ئەمریکا یەکیان لە دەسەڵات بێ ئەوەی تر ئۆپۆزسیۆن بێت بە گوێرەی کورسیەکان، پارتی لە ماوەی ڕابردوو سەردانی لایەنەکانی کردووە باس لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەت کراوە، شاندی پارتی هەروەک ئاماژەی پێکردووە هیچ مەرجێکیان لەسەر هیچ لایەنێک نییە و مەرجیش لەکەس قەبووڵ ناکەن، تەنیا پابەندی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەبن و پابەندی بۆ چوونی جەنابی سەرۆک بارزانی دەبن ( یەک هەرێم یەک حکوومەت یەک پەرلەمان یەک هێزی پێشمەرگە) ئەمەش لە بەرژەوەندی سەرجەم گەلی کوردستانە، بۆیە دەبێ بەشداری لە حکوومەت لەو چوارێیوەیە دابێت، نەک ئەوەی چەند کورسیەکی هەبێ هەمان داواکاری گەورترین حزبی هەبێ، دەبێ بەشداری لە حکوومەت بەکردار و خزمەت بێ نەک بە ڕۆژ تعال تعال و بەشەویش وەرە وەرە، دەبێ ئەو لایانانە ئەوەش بزانن هاوبەش و بەشدار ئەگەر بەکردار بێت هیچ لە بابەتەکان ناگۆڕێت ئەگەر نیەت سافی بێت، بەڵام ئەگەر ئاش لە خەیاڵێک بێت و ئاشەوانیش لە خەیاڵێک بێت ئەوە هەم دیس دەبن بە بەربەست لەبەردەم کارەکانی حکوومەت.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بکەین لێرەدا نەبوونی یا نەمانی متمانە سیقە لە نێوان لایانەکان ئەمەش نوێ نییە بەڵکو لە دوای ١٩٦٤ ئەم دیاردە لە نێو بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد ڕوویدا، بەر لە پێکهێنانی حکوومەت دەبێ ئەو لایانانەی متمانەیان بەیەک نەماوە کار لە پێناو گەڕانەوەی متمانە بکەن دوور لە ئەجێندای دەرەکی و لەسەر بنەمایەکی لێکتێگەیشتن و بابەتیانە داوای ئیستحقاقی خۆیان بکەن لە کابینەی نوێ، نەک لە هەوڵی گەرانەوەی سیستمی پەنجا بە پەنچا کە سیستەمێک بوو جگە لە ماڵوێرانی بۆ کوردستان هیچی تری لێ بەدی نەکرا، دەبێ هەموو لایانەکان بە لەخۆبوردەییەوە بڕواننە بارودۆخەکە و لە نزیکترین کات حکوومەت پێکبهێنن چونکە بارودۆخەکە زۆر هەستیار و ناسکە چ لەسەر ئاستی عێراق یا ناوچەکە و ئەگەری گۆرانکاری گەورە وەک چاوەروان دەکرێت لە ناوچەکە ڕوو بدات و ئەگەر کورد یەک دەنگ و هەڵوێست نەبن ماف خوراو دەبن بۆیە گرنگە حکوومەت لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن پێکبهێنرێنت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەگەرەکان بەیەک دەنگ و یەک هێز و هەڵوێست لە پێناو بەرگری لە مافەکان و ئەزموونی دیموکراسی کە ئەمڕۆ لەئارادایە.