پاڵەوانی مەیدانی خۆت بە

بەكر كەریم حەسەن

(جیم رون) نوسەر و پیاوی كاری ئەمریكی دەڵێ “یان ڕۆژەكەت بەڕێوە دەبەی یان ئەو بەڕێوەت دەبات”.
گومانی تێدا نییە مرۆڤ لە ژیانی ئاسایی و تایبەتیدا كەم تا زۆر ڕووبەڕووی گرفت و تەنگ و چەڵەمە و قۆناغی جیاجیا دەبێتەوە كە پێویستی بە بڕیاردان و دانایی هەیە، چۆن هەڵسوكەوت و ڕەفتار لەگەڵ ئەو ڕووداوانە بكات. دەبێ هەر خۆی سەركردە و خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوە بێت، هەر چەندە زۆر جاران لێرەو لەوێ پێویستی بە ڕا وەرگرتن و پرسیاركردن هەیە، بەڵام بڕیاری كۆتایی كە بگونجێ لەگەڵ بارودۆخەكە دەبێ لای خۆی بێت. هەر خۆت باشتر ژینگە و بارودۆخ و ڕووداوەكە شارەزایی و سەربەخۆیی خودی خۆت و هەڵبژاردنیش یەكێكە لە كارامەییە سەرەكیەكان گرنگە لە مرۆڤدا بوونی هەبێت تاوەكو بتوانێ‌ هەر كاتێ‌ ویستی كۆنترۆڵی ژیان و گوزەران و وێستگەكانی بكات كە چۆن دەیەوێ و گونجاوە. چونكە هەمیشە ڕاوبۆچوون و هەڵبژاردنی كەسانی تر یەك ناگرنەوە و هەر یەكەو بە جۆرێك بیر دەكاتەوە و بڕیار دەدات و ناكرێ داردەستە و زەلیل و دەستەمۆی ڕاوبۆچوون و بژاردەی هاوڕێیەكانت بیت، چۆن بیانەوێ وا بیسووڕێنن و بەكارت بهێنن بۆ جێبەجێكردن و بەدیهێنانی ئامانج و مەرامەكانیان، یانیش بچووككردنەوە و لەقاڵبدانی كەسایەتیی تۆ و كاتێك بەئاگا دێیت وەكو ئامراز بەكار هاتووی لە پێناو پێویستی و پێداویستییەكانی ئەوانی تردا، نەك هی خۆت. بۆیە پێویستە پەرە بە خۆت و ڕای خۆت بدەی؛ كەسایەتیی خۆت بە بەهێزی بهێڵیتەوە و خۆت پاڵەوانی مەیدانی خۆت بە و كارامەیی و بەهرەكانت بخەرە گەڕ تا بتوانی زیاتر و زیاتر بەدەست بهێنی و تا هەر خۆت خاوەنداری و خاوەن شكۆی ژیانی خۆت بیت و پاشكۆ و پاشگری مەبەست و مەرامی ئەوانی تر نەبیت.
دەگێڕنەوە كوڕە بچووكێك چووە لای پیاوێكی بەتەمەن و لێی پرسی مامە گەورەترین وانەی ژیان کە فێری بووبیت، چ بووە؟
پیاوە بەتەمەنەكە بۆ ساتێك وەستا و گوتی ببوورە من تاقەتی قسەكردنم نییە زۆر بێزارم، كوڕە بچووكەكەش گوتی “چی بووە مامە گیان بۆ وا بێزاریت، پیاوە بەتەمەنەكەش لە وەڵامدا گوتی مانگاكەم نەخۆشە و خەریكە مردار دەبێتەوە و ناشزانم چی بكەم؛ هاکا مانگاكەم مردار بێتەوە و لەدەستم بچێت.
كوڕەكە ئاهێكی هەڵكێشا و گوتی دەبێت شتێك بكەیت تاوەكو مانگاكە مردار نەبێتەوە، پیاوە بەتەمەنەكەش لە وەڵامدا گوتی “من هیچ زانیارییەكم لەسەر مانگا نییە كە نەخۆش دەبێت و هیچیشم پێ ناكرێت تاكو مانگاكەم ڕزگار بكەم، بەڵام ئەگەر تۆ بە دوای ئامۆژگاری كەسانی دیكەدا بگەڕێی و چاكەیەكم لەگەڵ بكەیت و بەلایەنی كەم پرسیار لە چوار كەس بكەیت تاوەكو بتوانین پێكەوە مانگاكە لە مرداربوونەوە ڕزگار بكەین. بۆ ئەم كارەش سوپاست دەكەم، كوڕەكەش دوای تێپەڕینی كاتژمێرێك گەڕایەوە بۆ لای پیاوە بەتەمەنەكە و گوتی “مامە كەسی یەكەم گوتی داوای یارمەتی لە پزیشكی ئاژەڵان بكە تاوەكو چارەسەری مانگا نەخۆشەكە بكات، كەسی دووەمیش گوتی وازی لێ بهێنن خۆی چاك دەبێتەوە، كەسی سێیەمیش گوتی بەر لەوەی مانگاكە مردار بێتەوە سەڕی ببڕن و گۆشتەكەی بفرۆشن، كۆتا كەسیش گوتی چەند خواردنێكی پێ بدەن تاوەكو باشتر بێت. من تەنها لە چوار كەسم پرسی، بەڵام هیچ كام لە وەڵامەكان لە یەك نەچوون ئێستا منیش سەرم لێ شێواوە نازانم دەبێت كام ڕێگایان بەكار بهێنین.
پیاوە بەتەمەنەكە دەستی خستە سەر شانی كوڕە بچووكەكە و گوتی سەیر كە كوڕی خۆم بۆچوونی مرۆڤەكان لەسەر یەك شت جیاوازە و هەر كەسەو شتێك دەڵێت من نەخۆشییەکەی مانگاكەمم بە مەبەست بە تۆ گوت تاوەكو بزانیت كە چۆن بۆچوونی كەسانی جیاواز دەتوانێـت گەورەترین وانە بێت كە لە ژیانتدا فێری دەبێت، هەربۆیە دەبێت بە دڵێكی فراوان و مێشكێكی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو رێز لە بۆچوونی جیاوازی خەڵكی وەربگرین تەنانەت ئەگەر لەگەڵیشیان هاوڕا نەبین، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەت بیر بێت وانەیەك بۆ من وانەی ژیان بووبێت لەوانەیە لە بۆچوونی تۆدا وانەیەكی گرنگ نەبێت و هەر بیریشی لێ نەكەیتەوە، بۆیە هەمیشە باشترە خۆت هەوڵ بدەیت لە ژیان تێبگەیت و وانەی لێ وەربگریت و پشت بە ڕاوبۆچوون و بیركردنەوە و بژاردەی خۆت ببەستیت، هەر خۆت بەرپرسیاریەتیی خۆت بگریتە ئەستۆ؛ دوور بكەویتەوە لە لاساییكردنەوە و ڕازیكردنی دڵی ئەم و ئەو؛ خۆتت لا پەسند بێت و تەنها خۆت بیت .