پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

تریفەی یەکسانی

حەمەسەعید حەسەن
دەزانی/ من بۆچی/ ئەوەندەم/ خۆش دەوێی؟
چونکە تۆ/ مەلێکی/ دوور لە پۆل/ دەخوێنی
ژنێکی/ بێ پەروا/ لە کۆسپ و/ هێڵی سوور
فەرهەنگت/ خاڵییە/ لە وشەی/ ملکەچی
سەنگەرت/ لە داب و/ نەریتی/ بابسالار/ گرتووە
گەرەکتە/ هەر تەنیا/ لە سۆنگەی/ ئەوەوە/ کە ژنی
نەبیتە/ جێی گومان
چونکە تۆ/ وێڵی دوای/ ئازادیت
تامەزرۆی/ تریفەی/ یەکسانیت
گۆرانی/ بۆ وشەی/ گەردنکێل/ دەبێژی
بێڕێزی/ بە خودی/ خۆت ناکەی
دڵنیای/ ئەو ژنەی/ پێی وابێ
ئازادی/ تەنیا هەر/ ئازادیی/ جەستەیە
کۆیلەیە
چونکە تۆ/ نابیتە/ ژنێکی/ گوێڕایەڵ
نابیتە/ بەندەی ماڵ
نابیتە/ بەشێکی/ ناندینێ*
نابیتە/ دیلی پیاو
چونکە تۆ/ ژنێکی/ بوێر و/ دڵناسک
ئەو ژنەی/ لەمێژبوو/ من خەونم/ پێیەوە/ دەبینی
ژنێ پڕ/ بە مانای/ وشە، مێ
ژنێ کە/ ناوی دێ
ناودەمم/ هۆنراوەی/ تێدەزێ
ژنێ کە/ سوارچاکی/ نێو خەونی/ قەڵەمی/ سەرکێشە
ژنێ کە/ بە زەبری/ ئەڤینی/ هاوسەنگیم/ لە دەست چوو
ژنێ پێش/ ناسینی/ لەکن من/ دڵداری/ وەهم بوو.
*
(*) ناندین: ئاشپەزخانە، مووبەق، مەتبەخ