خۆت بەدەستەوە مەدە و بەردەوام هەوڵ بدە

بەكر كەریم حەسەن*

 

(كۆنفۆشیۆس) فەیلەسوفی بەناوبانگی چینی دەڵێ “هەموو مرۆڤێك جوانیەكی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هەموو مرۆڤێك ئەو جوانیەی پێ نابینرێ”.
مرۆڤ كە لەدایك دەبێ و بە قۆناغەكانی ژیاندا تێپەڕ دەبێت و رووبەڕووی كۆمەڵێ ئاستەنگ و بەربەست و كێشە دەبێتەوە لە بڕینی قۆناغەكانی ژیانیدا، ئەو بڕینە و تێپەڕینە بە ئاسانی نابێت، بێگومان پێویستی بە هەوڵدان و بەرەنگاربوونەوە و هەڵكشان هەیە. هەر مرۆڤێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە هەموو ڕوویەكەوە، هەر یەكەو جۆرە شێوازێكی هەیە لە ژیانكردن و تێكۆشان و وەستان لەسەر پێ و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان. بەڵام گرنگترین و سەرەكیترین خاڵ ئەوەیە مرۆڤ لە شوێنی خۆی نەوەستێ‌ و دەستەوەستان نەبێ بەرامبەر سەختییەكان و هەمیشە جوانی و ئەرێنی و بەهێزەكانی خۆی ببینێ‌ و گرنگییان پێ بدات و هەردەم لە گۆڕانكاریدا بێت بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەكردنی جۆراجۆر. تواناكانی خۆی زیاتر بكات و زیاتر شیاوتر بێت و خۆڕاگر و پشوو درێژتر بێت، هەردەم دیدگای بەرامبەر پاشە ڕۆژ كراوە و ڕوونتر بێت.
گرنگە هەردەم پەرە بەخۆی و بە تواناكانی بدات و كەسایەتیی خۆی بەرەوپێش ببات و زاڵ بێت بەسەر هەست و سۆز و كاردانەوەكاندا؛ هەمیشە ڕەفتار و ئادكار و هەڵسوكەوتی ئەرێنی بێت و هەرگیز دەستبەرداری خەونەكانی نەبێت و خۆی بە دەستەوە نەدات و بەردەوام پەرە بە خۆی بدات و هەوڵبدات ڕۆژ دوای ڕۆژ باشتر و چاكتر و بەرەوپێشتر بچێت و گەشبین و ئەرێنی بێت، خۆی فێر بكات بۆ ئەنجام و كار نەك تەنها بۆ فێربوون و سوود وەرنەگرتن.
دەگێڕنەوە جووتیارێك لە یەكێك لە گوندەكان ئەسپێكی بەهێزی هەبوو كاری پێ دەكرد، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كات ئەسپەكە وەكو جاران گەنج نەما و گەورەتر بوو هێز و توانای جارانی نەما بوو. ڕۆژێكیان بە رێكەوت ئەسپەكە كەوتە ناو بیرێكی ووشكبوو لە ئاو. جووتیارەكە بیری كردەوە چۆن ئەسپەكەی ڕزگار بكات، هەوڵیدا بەڵام نەیتوانی، بۆیە لە دڵی خۆیدا گوتی ئەسپەكە تەمەنی گەورە بووە و كەڵكی ئیش كردنی جارانی نەماوە و بێ هێز بووە و ناتوانێ‌ ئەركەكانی وەكو پێشان جێبەجێ بكات و، منیش ناتوانم لەو بیرە وشكە دەریبهێنم بە تەنیام و پێویستم بە یارمەتی كەسانی تر و كەلوپەلی پێویست هەیە و هیچم لە بەردەست نییە، بۆیە بە خەیاڵی جووتیارەكە داهات خۆی لە ئەسپەكە ڕزگار بكات و هەمیش ڕزگاری دەبێت لەو بیرە ووشك بووە، ئەویش ئەسپەكە لە بیرەكەدا بنێژێ و خۆڵی بە سەردا بكات. هەر بە ڕاستی جووتیارەكە دەستی كرد بە جێبەجێ كردنی بە خاكەناس خوڵی فڕێ دەدا سەر پشتی ئەسپەكە و دەیویست ئەسپەكە بخنكێ و بمرێ لە ناو بیرەكەدا، بەڵام ئەسپەكە هەستی كرد كەوا خاوەنەكەی بە نیازی چیە، سەرەڕای گەورەبوونی تەمەنی و برینداربوونی لە كاتی كەوتنی بۆ ناو بیرەكە، بەڵام خۆی بە دەستەوە نەدا و بەرگەی گرت و هەموو جار كە خۆڵی لە سەر پشتی كەڵەكە دەبوو خۆی دەجووڵاند و خۆڵەكان دەكەوتنە ژێر پێیەكانی و ئەو هەنگاوێك بە سەر دەكەوت و بەردەوام دەبوو تا وای لێهات لە سەر زەوی نزیك بووەوە و بازی دا و هاتە دەرەوە، كە ئەسپەكە ئەو كارەی كرد جووتیارەكە سەری سوڕما كەوای دەزانی ئیتر ئەسپەكەی كۆتایی هاتووە. بەڵام ئەسپەكە گلەیی و لۆمەی لە بەختی ڕەش و خراپی خۆی نەكرد بە نا ئومێدی و پەشیمانی چاوەڕێی چارەنووس و مردنی خۆی نەكرد، بەڵكو بەرەنگار بووە و رووبەڕووی ئەو ئاستەنگ و كۆسپانە بووەوە و هەوڵی دا و خۆی ڕزگار كرد، بۆیە گرنگە هەمیشە بەردەوام بین لە هەوڵدان و هەرگیز بیر لەوە نەكەینەوە بەرامبەر ئاستەنگ و بەربەستەكان لاواز و بێهێز بین و خۆمان بە دەستەوە بدەین. پێویستە رووبەڕوو و بەرەنگاری گرفت و ئارێشەكان ببینەوە و خۆڕاگر بین و بەردەوامیش پەرە بە توانا جۆراوجۆرەكانمان بدەین هەردەم بەرهەمدار بین، ئەوڕۆ لە دوێنی باشتر بین.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە