سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

حۆریی باڵابڵندی مەمکتوندی سپیوسۆڵ

حۆریی باڵابڵندی مەمکتوندی سپیوسۆڵ
حەمەسەعید حەسەن
تەریقەت پردێکە لە نێوان شەریعەت و حەقیقەتدا، سۆفی بەهۆی تەریقەتەوە، بەگژ کەمومووڕییەکانی خۆیدا دەچێتەوە و دوای سەفەرێکی سەخت و درێژخایەن، بۆ لای حەقیقەت کە خوایە، هەڵدەکشێت. سۆفی هەر بە جەستە نوێژ ناکات، هاوزەمان بە ڕۆحیش دەیکات، ئەوە هەر جەستەی نییە بۆ خوا دێتە سەر چۆک، ڕۆحیشی کوڕنووش بۆ خوا دەبات. لای سۆفی شەریعەت بناغەیە، تەریقەت ئامرازە، حەقیقەت ئامانجە و ئەو سێیانەیە لێکدی جیاواز نین، یەکدی تەواو دەکەن، ئەوە بۆیە سۆفی، بڕوای بە حەقیقەتێک نییە، پێچەوانەی شەریعەت بێت.
لەکن سۆفی، نوێژ هەر کلیلی دەرگای بەهەشت نییە، لەوەیش زیاترە، ئاخر صەلات لە وەصڵەوە هاتووە و سەروەختی نزیکبوونەوەیە لە خوا. ئاخر (جنۆکە و ئینسان بۆ خواپەرستی خوڵقاون) و فریشتەی ڕۆحکیشان بواری نوێژخوێن دەدات تا لە نوێژەکەی دەبێتەوە. سۆفی هەر جارێک کە نوێژ دادەبەستێت، وا هەست دەکات ڕۆژی قیامەتە و لە حوزووری خوادا وەستاوە. سۆفی کە دەڵێت: ئەڵڵاهـو ئەکبەر، کە دێتە سەر چۆک، کە کوڕنووش دەبات، لە دڵییەوە کە لە خوا گەورەتری تێدا نییە، هەست دەکات بەرانبەر بە عەرشی خوایە و خۆی وەک گەردێک دێتە پێش چاو.
سۆفی هەیە، بۆ ئەوەی زیاتر پێوەندیی بە خواوە هەبێت، نوێژی سەد ڕکاتی دەکات، هەیشە لەگەڵ ناوهێنانی ئەڵڵادا، پێش ئەوەی ئەکبەرەکە بڵێت، حاڵی لێ دێت و بە ئەڤینی خوا مەست دەبێت. سۆفییان وای بۆ دەچن، صەڵات لە شەریعەتدا: خواپەرستییە، لە تەریقەتدا: نزیکبوونەوەیە لە خوا و لە حەقیقەتدا: ویصاڵە. لە نوێژدا، قیام (ڕاوەستان) وەک ئەلف وایە، هاتنە سەر چۆک، لە دال دەچێت و کوڕنووشبردنیش: میمە، کە أدم پێک دەهێنن.
ئەوە تامەزرۆیییە بۆ خوا کە سۆفی زوو زوو نزا دەکات. نزا موناجاتە لەنێوان عەبد و خوای خۆیدا، هاتنەگۆی زمانی شەوقە و سەبووریبەخشە با گیرایش نەبێت. سۆفی شەوان دەم بە نزایە، ئاخر ئەوی ڕاستگۆیانە خوای خۆش بوێت، شەوان ناخەوێت، خەریکی نزاکردن دەبێت. غەزالی گوتوویەتی: بە نزا بەگژ بەڵادا دەچمەوە. سۆفییش هەیە دەڵێت: کە هەموو شتێک لە ئەزەلەوە نووسرابێت، ئیدی چ حەوجەمان بە دوعاکردنە، وا باشترە خۆمان بدەینە دەست ویستی خوا و بە هەر چی لای ئەوەوە دێت، قایل بین. زوو ئەلنوون گوتوویەتی: (ئەگەر بەڵایەکت بەسەردا هات، ئەوە زادەی ویستی خوایە، نزا بکەیت یان نا، خوا ئاگای لێتە. هاوارکردن چ سوودێکی بۆ نوقومبوو هەیە؟ زیاتر ئاو دەچێتە دەمییەوە و زووتر دەخنکێت.)

(لەکوێی
هەتا زوو بێم ببم
بە کۆیلەت؟
پۆشاکت بۆ پینە بکەم
جلت بشۆم
بێم یەک یەک ئەسپێت بدۆزم
بێم قژت بۆ شانە بکەم
شیری تازەت بۆ بهێنم

ئەی پایەبەرز
لەکوێی تا دەستت ماچ بکەم
پێت بشێلم
جێخەوت پاک بکەمەوە
چی مەڕ و بزن شک دەبەم
بێم بیانکەم بە قوربانت)

ئەو موناجاتە لەگەڵ خوادا کە ئەڤینی لێ دەچۆڕێت، قسەی ڕاست و ڕاشکاوی دڵی شوانێک بووە. خوا سەرزەنشتی مووسای کردووە، چونکە ئەو نزایەی بە قسەی پووچ زانیوە.
خوا بۆچی ئینسانی خوڵقاندووە؟ بۆ خواپەرستی، نزایش وەک نماز بەشێکە لە خواپەرستی. خوا بۆچی بەڵا بەسەر ئینساندا دەهێنێت؟ چونکە مەیلی لێیە هەر کەسە و بە زمانی خۆی هانای بۆ ببات، چونکە ئینسان تاقە زیندەوەرە بتوانێت خوا بدوێنێت. دەڵێن خوا بۆیە زوو نزا گیرا ناکات، چونکە بەوە دڵخۆش دەبێت گوێی لە نزا دەبێت. مەولانا ئەو حاڵەتەی بەوە شوبهاندووە کە ئینسان بۆیە مەل لە قەفەزدا ڕادەگرێت، تا گوێ لە سترانی بگرێت.
هەرچەندە کە خوا بەدەم نزاوە ناچێت، هەڵدەکەوێت هەندێک نزاخوێن، تووڕە ببن و گلەیی لە نادادپەروەریی خوا بکەن کە هەست بە ئازاریان ناکات، بەڵام بەگشتی لای سۆفییان، کە خوا وەڵامی بۆ نزایەک نەبوو، ئەوە بە قازانجی نزاخوێن دەشکێتەوە، ئاخر لە نامەی ئەعمالیدا وەک چاکە بۆی تۆمار دەکرێت. عەبدولقادری گەیلانی گوتوویەتی: کە خوا بەدەم نزاوە نەچوو، بەوە نزاخوێن لە نێوان ترس و تکادا ڕادەگرێت کە بۆ پیاوچاک حاڵەتێکی نموونەیییە. مەولانا گوتوویەتی: (ئەوە بەزەیی و سۆزی خوایە، لێ ناگەڕێت، دوعای شەڕ گیرا ببێت.)
سۆفی کە نزا دەخوێنێت، داوای شتگەلی دونیایی ناکات، بۆ شتگەلی ڕۆحی
دەپاڕێتەوە، ئیللا مەگەر قەومەکەی تووشی شەڕ و دەرد و برسییەتی ببنەوە، ئەوسا بۆ ئەوان و بۆ خۆیشی بپاڕێتەوە. سۆفی بەو ئومێدە لە خوا دەپاڕێتەوە، بە بەهەشتی شاد بکات، تا بەڵکوو لەوێ بە دیداری خوا مەست ببێت، نەک لەبەر باخ و ڕووبار و حۆریی بالابڵندی مەمکتوندی سپیوسۆڵ. بەگوێرەی قسەی بایەزیدی بەستامی، خوا فەرموویەتی: (هەموو کەس شتێکی لێم دەوێت، بایەزید نەبێت، خۆمی دەوێت.)