عومەر چنگیانی
سوورەتی قیامە، چل ئایەتە؛ دوای سوورەتی قاریعە هاتووەتە خوارەوە و، دەكرێ لە پەیوەستبوونییەوە بە سوورەتی “قاریعە”دا بگوترێت: دوای ئەوەی لەوێدا باسی ئەوەی كرد كە بێبڕوایان لە لێپێچانەوەی ڕۆژی دوایی زۆر بێنیازن و هۆكاری ئەو بێنیاز بوونەیشیان لە بڕوا نەبوونیانەوە بە زیندووبوونەوە سەری هەڵداوە!
لێرەدا قۆناغەكانی باسی قیامەتی بۆ كردین و پێش تریش دەرچوونی گیان لە لاشە و باسی سەرەتای دروستبوون دەكات.
جا خوای گەورە، كە بۆ خۆی خاوەنی دەسەڵاتی بێسنوورە و، لە سوێندخواردنی بە هەرشتێك، ئەومافەی نەداوە بە كەسی تر و كەی و لەسەر چی و بۆ كێ و لەبەر چی و بە چی سوێند دەخوات، خۆی خوایە و، لێرەدا وەك شێوازێكی داڕشتنی زمانەكەی قورئان دەفەرمێت: “نەخێر بۆ چوونەكانی ئێوە لەبارەی زیندووبوونەوەوە هەڵەیە و، سوێند بێ بە ڕۆژی هەستانەوە و، لێپێچانەوە * جارێ تریش نەخێر بۆ چوونەكانی ئێوە هەڵەیە و، سوێند بێ بەو “نەفسە” زۆر سەركۆنەكەرەی كە هەمیشە چاودێرە بەسەر خاوەنەكەیەوە” یاخود”سوێند ناخۆم بە ڕۆژی دوایی. سوێندیش ناخۆم بەو گیان و بە و دڵ و بەو ڕۆح و بەو كەسایەتییەی كە سروشتی وایە هەمیشە سەركۆنەی خۆی دەكات”.
دیارە ئەم سوێندە كە بەو دوو شتەی خواردی” ڕۆژی پەسڵان (هەستانەوە) و هەستی سەركۆنەكەر” هەندێك لە زانایان دەفەرموون: “سەركۆنەكردنی بەردەوام بەوە دەبێت كە لەسەر بەسەربردنی تەمەن لە كار و گوتاری ڕابردوودا بە خراپە، سەركۆنەی بكات و بۆ ئێستایش پەژیوانی بە شوێن خۆی بێنی و، بۆ داهاتوویش بڕیار بدات هەمیشە پێشتر بكەوێت و زیاتر بۆلای خوا بچێت” جا ئەم سوێند خواردنانە بۆ؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو بۆیە بزانین پێویستە ئایەتەكانی دوایی بخوێنینەوە، كە دەفەرمێت: “ئەرێ مرۆڤ هێند سەركەشە و بێمتمانەیە بە توانای خوا، وا دەزانێ پاش پتوركانی ئێسك و ئێسقان و لاشەی، ئێمە بۆمان كۆ ناكرێتەوە و سەر لەنوێ بۆمان پێك ناهێندرێتەوە؟ نەخێر ئەوە بۆچوونێكی هەڵەیە. بەڵێ ئێمە هێندە تواناین كە دەتوانین هەموو درزی سەری پەنجە و خێچك و چاڵوچۆڵییەكانی پەنجەكانی وەك یەك لێ بكەینەوە”.
دەبینین لێرەدا قورئان ئاماژە بۆ نهێنییەكی گەورەی شێوازی دروسكردنمان دەكات كە بە هیچ شێوەیەك زانستی مرۆڤ بە مرۆڤ لە كاتی هاتنەخوارەوەی ئەو ئایەتەدا نەیدەزانی كە خێچك و درز و هێڵی پەنجەكانی كەس لە کەس ناچێ و ئەمڕۆ زانست دان بەوەدا دەنێت كە وەك یەك لێ كردنیان چەندە ئەستەمە و خوا گیان لێرەدا باس لەو نیشانەیەی گەورەیی خۆی دەكات!
“مرۆڤ هێندە سەركەشە لەگەڵ ئەوەی ڕاستییەكانیش دەزانێ پێی باشە بەردەوام بێت لەسەر تاوان – فجوور – كردن و دەیەوێ بڵێ: جارێ با خراپە بكەم دوایی تەوبە دەكەم”.
“لەگەڵ ئەوەی كە ڕاستییەكانیش دەزانێ بە خۆ لەگێلی دانەوە دەپرسێت: ئەرێ زیندوو بوونەوە و هەستانەوەی دوای مردن كەیە؟”
“جا ئەوكاتەی چاوەكان و تواناكانی بینین دەدرەوشێنەوە و مانگ لە درەوشانەوەی دەكەوێ و ون دەبێ و دەگیرێ، ئەوكاتەی خۆر و مانگ پێكەوە كۆ دەكرێنەوە – ئەمانە كۆمەڵێك بابەتی گەردوونین و، كە ڕوو دەدەن و ئان و ساتی خۆیان هەیە- ئەو كات مرۆڤ دەڵێ: ئەرێ بەرەو كوێ بڕۆین تا دەرباز ببین لە دەست تووڕەیی و خەشم قینی خوای گەورە؟”
“نەخێر هەرگیز دەرباز بوون نییە، لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە و پشوو و گیرساندنەوەی خولەكانی گەردن و خەڵك بۆلای خوایە”.
“جا ئەو ڕۆژە بە مرۆڤەكان دەگوترێت: چی لە پێش خۆی ناردووە و چی لە دوای خۆی جێ هێڵاوە”.
خۆزگە بەوە نەبێت كە بۆ خۆی لەسەر كاری بە ناو ئایین و، بیدعەوە بردۆتە سەر و لە دوای خویشی كاری پێ كراوە!
“هەركەسە و لەسەرخۆی زۆر بە ئاگایە، با پاساوی زۆریش بهێنێتەوە”.
تێبینی: ئەم شێوازە سوێندانەی قورئان جیا بوو لەو شێوازەی كە عەرەبەكان لێی ڕاهاتبوون و ئیسلام هات بۆی یەكلا كردنینەوە كە تەنها بەناو و سیفەتەكانی خوا نەبێ بۆ مرۆڤ نابێ سوێند بە هیچ شتێكی تر بخوات.