سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شیعر بۆ خۆم دەنووسم

خالید کۆچەر

لەناو بێدەنگییەکی گەورەدا خۆم شاردۆتەوە ، زیاتر لە 40 ساڵ هاورێتیی لە گەل شیعر تەمەنێکی کەم نییە ، باسیی پاییزە تەمەنیش ناکەم ، هەر شاعیرێک دەربارەی شیعر خوێندنەوەی خۆی هەیە ، روانیینی لە سەر هێلە شیکارییەکان ئاشکرا دەکات ، سرووشتی خۆم ئاوایە لەوەتەی ئاشنایەتییم لە گەل ئەم ژانرە ئەدەبییە کردووە خۆم بە سەر کەسدا فەرز نەکردووە ، ڕێگاشم نەداوە کەس خۆی بە سەرمدا فەرز بکات ، لە هەموو ژیانم قەلەمێکم بریندار نەکردووە و دڵی کەسیشم لە خۆم ڕەنجاندووە ، خۆشەویستی من بۆ شیعر وەکو خۆشەویستی ئەو نازدارەیە بۆتە ئلیلهامبەخشیی سەدان شیعری بێژمار ، دانیپیادەنییم هێشتا دیلێکی لەرزۆکم بە قژە پیرۆزەکانی هەردوو دەستمی کەلەمچە کردووە ، لە ژیانی ئەدەبییمدا شیعرم بۆ یەک لێو نووسیووە ، هەست دەکەم گلەییم لێدەکرێت خۆم لەم بازنە سنووردارە دەر باز نەکردووە ، شیعری دڵداری عەشقێکی گەورەیە هەموو مەلەوانێک لەم دەریایە ناتوانێت سەولی کەشتییە بچووکەکەی ئەم بەرو ئەوبەری پێبکات ، شەپۆڵ بە زەیی نییە ، هەموو کات شاعیری جوان شەڕ لە گەل بێگەردی پاکنووسیی ناکات ، شیعری جوان وەکو دەفتەری مێژوو وایە ڕاستییەکان دەنووسێتەوە لە ناو قووڵایی هەستیارییدا ، کاتی نووسین ئەوەمان پێدەلێت : شیعرێک مەنووسە ئەو بانگیی تۆی نەکردبێت ، با شیعر خۆی بانگت بکات لەناو بانگراوندی هەموو تەریبەکاندا خۆت دەبینییەوە ، حەز لە دەنگی مۆسیقا دەکەم ، گەلێکجار ژەنیارێک بە ژەنیینی عودەکەی ، کەمانەکەی ، سەنتوورەکەی ، شمشاڵەکەی منی گریاندووە ، ئاواش حەز دەکەم شیعرێک بنووسم بمگرینێت ، لەناو خوڵانەوەی بێدەنگییدا خۆم شاردۆتەوە ، چاکدەزانم هەندێک لەو برادەرانەی لە دوای منیش دەستیان بە نووسین کردووە ناوبانگیان لەمن زیاترە ، ئەوەش چیرۆکی خۆی هەیە ، هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان حەزم نەکردووە کەسێک بە ستایش لە سەرم بنووسێت ، خۆم تێکەلی ئەو بابەتە نەکردووە ، بە کەسیشم نەگوتووە وشەیەکم لە سەر بنووسە ، دەربارەی ڕەخنە باشترین ڕەخنەگر بۆ شیعرەکانم خۆمم ، خۆم دەزانم چییم نووسیووە و بۆ کێم نووسیووە تا چەند فێنکایی خستۆتە دەروونم ، ئەوە بۆ مێژوو دەنووسم ، خۆم بە قەرزاری کەس نازانم لە ژیانمدا کەس دەستی نەگرتووم ، شەقامی رووناکیی شیعری پێنیشانەداوم ، خۆم خۆمم دروستکردووە ، با کەس منەتم بەسەر کەسدا نەکات ، بە خەیاڵ شیعر نانووسم ، بروام بە تراژدیای خەیاڵ نییە ، ئەفسوون گەلێکجار غەدری لێکردووم ، لە ڕێگادا ڕۆیشتم پێیەکانم بە ئازار گەیشتوون ، دڕکێ ڕێگری لێکردووم ، باکیشم نەبووە ، دنیام روونە ، لە ژووری کتێبەکانم کتێبی چاکم خۆشویستووە ، شەوانە بەدیار ژیلەمۆی کتێبێکی جواندا ژوانم بەستووە ، بە تێگەیشتنی خۆم زادەی شیعر ئەو شیعرەیە وەک پەرییەک ڕۆشنایی جوانییەکەی خۆی نەشارێتەوە ، لەناو مەستیی ئیقاعی شیعردا بتهەژێنێ ، من بروام بە جووڵەی وشە نییە ، بەدوای فەرهەنگی ناگەرێم ، بە دوای وشەی نامۆ ناگەرێم ، دێرێک لە دێرێکیتر نەچێت ، بە ناوی نوێبوونەوە و هەڵکشان و پەرینەوەدا لە نامۆییدا شیعر بنووسیتەوە ، گەلێکجار شیعرێک بێزاری کردووم ، وەک دەورێشێکی ئەم خانەقایە لێیحاڵینەبووم ، خوێنەری بەستەزمانیش چۆن لێی حالیی دەبێت ، ئەو هەموو هەموو لەشکرە لێزانەمان هەبێت لەناو جەنجاڵیی ئەترووحەکاندا دەبوایە زۆرترین خوێنەر لەناو ژانرە ئەدەبییەکاندا شیعر بوایە ، واشنەبوو ، ئای چەندە ڕقم لە ملشکاندنی یەکتر دەبێتەوە ، ڕقم لە شەرە قسە و سینگ دەرخستن دەبێتەوە ، حەز بە غرووری کەس ناکەم ، بەزەییم بەو کەسانە دێتەوە تەنیا خۆیان بە رووناکبیرو نووسەرو شاعیر دەزانن ، ڕەفزی زۆربەی قەلەمەکانی دەورووبەری خۆیان دەکەنەوە ، ئەمەش نەخۆشییەکی ترسناکە لەناو کۆڵانەکانی کتێبدا دەبیندرێت ، خودی بێگەردی بە ئاراستەی نووسیندا ئاکارەکان دەگۆڕێت ، گەلێکجار لەناو فەزای داهێناندا تیشک بە چاوەکانمان دەکەوێت ، لە قۆناغی گەشەی داهێناندا بروام بە زۆری کتێب نییە نووسەرێک دەیان کتێبی چاپکردووە ، نووسەر هەیە چەند کتێبێکی چاپکردووە ناگاتە ژمارەی تاکە دەستێکیش ، بەڵام خوێنەرێکی جوانی بە دەوری خۆیدا کۆکردۆتەوە ، ئاسۆی روون لە شەوانی تاریکیشدا جوانی خۆی هەر پیشاندەدات ، شاعیری موژدە بەخش دوای مردنیشی هەر موژدە بەخشە ، هیچ کات لە گەل ئەوە دانییم شیعری جوان بمرێت لە گۆڕستانی کتێبە خراپەکاندا بنێژرێت ، بۆ نموونە : پێمنالێن : کێ دەلێ حەرزەتی نالی مردووە ، ئەی ئەوە نییە ئەو هەموو دەورێش و موریدەی هەیە لەناو جوانی خانەقای شیعری ئەودا ، لە ناو تامەزرۆیی شیعردا بە دوای ئەو شیعرە گەڕاوم یاداشتی تەمەنمی نووسیتەوە ، ڕەنگە لەناو ڕۆژمێری ساڵەکاندا شیعرێک سیی ساڵ زیاتر بەر لە ئەمرۆ نوسیوومە و بڵاومکردۆتەوە خۆشمدەوێت وا دەزانم ئەمرۆ نوسیوومە ، گڕەو لە بێئاگایی خۆم ناکەم ، بەڵام دەزانم چییم نووسیووە ، لە گەل شکاندنی پەنجەرەی کەسدا نییم ، حەزم لە شەڕەنگێزی نەکردووە ، خۆم بە دوور خستۆتەوە لەو دەمامکانەی خۆیان ڕووپۆشکردووە بە دەمامکی دڵڕەقی ، ئەزموونی خۆم لەناو هونەری شیعردا بە پاکیی هەڵگرتووە ، دڵخۆشم لەناو برادەرە نزیکەکانم مەداڵیای بێگەردیان خەڵات کردووم ، بە شاعیری ئەڤینداریان ناونووسکردووم ، سرووشتی من ئاوا بووە و ئاواش دەبێت ڕقم لە هیچ قەلەمێک نەبۆتەوە و ڕێزم لە هەموو قەلەمێک گرتووە ، بەڵام نایشارمەوە من شیعر بۆ خۆم دەنووسم ، بۆ ترپە دڵی ئەو خەونە پیرۆزانەی خۆشمویستوون و هەر خۆشمدەوێن ، لە بارەی خۆمەوە بە ئاشکرا دەلێم : من شیعر بۆ خۆم دەنووسم ، کەواتە منەتی بە سەر تۆدا بکەم ، لای من گڕنگ نیە لای تۆ شاعیرێکی باشم یا نا ، دانمپیادەنێیت یا خوود نا ، گڕنگ ئەوەیە بۆ خۆم دەنووسم ، درۆت لە گەل ناکەم ، دڵخۆشم ، خوێنەرێک ، ئازیزێک ، کاتێک شیعرێکم دەخوێنێتەوە ، دەستخۆشیی بێگەردی خۆی لە من دەکات پێمدەلێت: وا هەست دەکەم بۆ منت نووسیووە ، منیش لە نێو هەمان ئازارو موعاناتی تۆدام ، بێ دوو دڵیی و پەشیمان بوونەوە شیعر بۆ خۆم دەنووسم ، پێویستم بە هیچ قەلەمێک شیعرەکانم ئازار بدات ، چوونکە باشترین ڕەخنەگری شیعرەکانی خۆم خۆمم.