ڕۆژنامەیەك بۆ هەمووان

‎هاودەنگ فارووق
ڕۆژنامەی هەولێر، وەک چرایەکی ڕووناک لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە. ئەم ڕۆژنامەیە تەنێ ئامرازێکی ڕاگەیاندن نەبووە، بەڵکوو بووەتە پردێک لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆی گەلەکەماندا.
لە سەرەتای دەرچوونیەوە، ڕۆژنامەی هەولێر خۆی وەک مینبەرێکی ئازاد و گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەلماندووە. لە کاتە هەستیارەکاندا، ئەم ڕۆژنامەیە وەک دەنگێکی ڕاستگۆ، هەوڵی داوە ڕاستییەکان بگەیەنێتە خەڵک و ببێتە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ خوێنەرانی.
لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی گەلەکەماندا لە دژی تیرۆر، ڕۆژنامەی هەولێر بە هۆشیارییەوە ڕۆڵی كارای خۆی گێڕاوە. بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و شیکردنەوەی وردی ڕووداوەکان، یارمەتی خەڵکی داوە تا باشتر لە مەترسییەکانی تیرۆر و ماددەی هۆشبەرو دیاردە یاساغ و ناشارستانییەكان تێبگەن و بەرەنگاری ببنەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ڕۆژنامەی هەولێر، گرنگیدانی بەردەوامی بووە بە پرسی ژنان . لە ڕێگەی بابەتە تایبەتەکانییەوە، دەنگی ژنانی گەیاندووەتە حكوومەت و کۆمەڵگە و بووەتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ مافەکانیان.هەروەك تاكە ڕۆژنامەی كوردییە پانتاییەكی فراوانی بۆ دۆسیی ئافرەتان تەرخان كردوە.
ڕۆژنامەی هەولێر هەمیشە بایەخێکی تایبەتی بە بواری پەروەردە و فەرهەنگ داوە. لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەتی ئەدەبی، هونەری و ڕۆشنبیری، توانیویەتی ببێتە پردێک لەنێوان نەوەکان و بەردەوام لە خزمەتی پەرەپێدانی فەرهەنگی کوردیدا بووە.
منداڵان وەک داهاتووی گەل، بەشێکی گرنگ لە کاری ڕۆژنامەی هەولێر پێکدەهێنن. بە دابینکردنی لاپەڕەی تایبەت بە منداڵان و بڵاوکردنەوەی بابەتی پەروەردەیی گونجاو، هەوڵی داوە نەوەی نوێ بە شێوەیەکی دروست پەروەردە بکات.