نەمانی توندوتیژی دژ بە ئافرەت لە کاری سیاسی و کۆمەلایەتی

فەزیلە شۆرش
بەشدارکردنی ئافرەت لە کایە سیاسیەکان و جومگەکانی ئیداری وڵات بەرێژەیەکی باش واتە بەرەنگار بوونەوە و نەهێشتنی توندو تیژیە بەرامبەر ئافرەت، بێگومان دەستەبەرکردنی مافی ئافرەتان بەتایبەتی لە جومگەی سیاسی، بەردی بیناغەی بەدیهێنانی سەرجەم مافەکانە و نەهێشتنی توندوو تیژی و جیاکاری و کۆمەلایەتی و سیاسیە، یەک لە جومگە سیاسیەکانی وڵات پەرلەمانە، بڕیاری یاساکانیش لە پەرلمانەوە دەردەچێت، جێبەجێکردنی یاساکانیش، لە سەر دام و دەزگاکانی حکومەت و کۆمەڵگەیە. بۆیە بەرنگاربوونەوەی هەر پێشێلکاریەک لە مافی ئافرەت دەبێ بە یاسا رێکبخرێت، رێکخستنی ئەرک و مافەکان بە یاسا رێگاچارەیە بۆ کەم کردنەوەی پێشلکردن لە مافەکانی ئافرەت، رەنگدانەوەی ئەم رێکخستنە لە ئاستی مامەڵەکردنی کۆمەڵگە و دام و دەزگاکانی وڵات لەگەل ئافرەت دەردەکەوێ.
لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان مافی ئافرەت تا ڕادەیەکی زۆر پێشل کرابوو و کراوە، بەشێوەیەکی گشتی پاش جەنگی جیهانی یەکەم ئافرەتان لە هەندێک وڵاتانی ئەوروپا دەستیان کردوە بە خەبات بۆ مافەکانیان و هەندێک واتیش تارادەیەکی زۆر ئافرەتانیان تا ئێستا لە دەستی توندوتیژی و جیاکاری دەناڵێن.
ئەگەر بگەرێینەوە مێژووی خەباتی ئافرەتان لە وڵاتی هۆلەندا دەبینین ئافرەتان لە ٢٨ سپتێمبەری ١٩١٩ ، یاسای مافی بەشدار بوونی ئافرەتان لە دەنگدانی گشتی هاتۆتە کایەوە، کەواتە پێشتر ئافرەت مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنەکانی گشتی نەبووە، هەروەها هەر لە وڵاتی هۆلەندا پێش سالی ١٩٥٧ هەرئافرەتێکی کارمەند شووی بکردبا دەبا دەست لە کارەکەی بکشاباوە و لە مالەوە گوێرایەلی مێردەکەی بایە و منداڵی بەخێو کردبا، هەر چەند لە ١٤ حوزیرانی ١٩٥٦ یاسایەک دەرچوو بوو کە رێگا بۆ ئافرەت واڵا کرا پاش شوکردنیشی دەتوانی لە کارەکەی بەردەوام بێت بەڵام کاری پێنەکرا تا سەرتای سالی ١٩٥٧. کەواتە لەو کاتەوە کە مافەکان لە وڵاتانی ئەوروپا بەیاسا رێکخرا و یاساکە جێبەجێکرا، ئەم وڵاتانە بەرەو پێشکەوتن هەنگاویان نا.
ئەوەی خۆشحالیە مێژووی کورد بۆ مان دەسلمێنێ کە ئافرەتانی کورد لە گۆرەپانی سیاسی و کۆمەلایەتی ڕۆلێکی بەرچاو سەرکەوتوویان هەبووە بێ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی ئەم رۆڵە رێکبخرێت ئەمەش نیشانەی باوەڕی کۆمەڵگەی کوردیە بە توانای ئافرەت و لە سایەی حکومەتی هەرێمیش ئەم مافەی ئافرەتان لە کوردستان باشتر رێکخرا .پێشکەوتنی ئێستای کوردستان بەبێ ڕۆلە گرنگەکەی ئافرەت نەدەبوو، گرنگە ئافرەتی کورد خۆشی هۆشیار بیت لە مافەکانی خۆی و بە شێوەیەکی دروست سود لەم یاسایانە وەربگری کە لە بەرژەوەندی ئافرەت لە کوردستان دەرچووە وەیا هەموار کراوەتەوە.
گومانی نیە نەمانی توندوو تیژی دژ بە ئافرەت لە کاری سیاسی و کۆمەلایەتی رەورەوەی پێشکەوتن خێراتر دەکات.