توندوتیژی و ئازاردانی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان بەشێوەی ئۆنلاین (توندوتیژی ئەلیکترۆنی) چییە؟

شێوان ڕۆستەم
پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن کاریگەری زۆری لەسەر پەیوەندی نێوان تاکەکاندا هەبووە. ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەی نوێیان بۆ بەکارهێنەران کردۆتەوە. ڕاستە پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویەتی کاریگەرییەکی زۆر لەسەر دەستکەوتی دیموکراسی و هۆشیاری کۆمەڵگاکان دروست بکات، بەڵام لەلایەکی ترەوە بۆتە هۆی پەرەسەندنی جۆرێکی تری توندوتیژی و ئازاردانی سێکسی دژ بە ئافرەتان و هەرزەکاران. بەشێک لە توندوتیژی ئەلیکترۆنی ئەمانەن؛ هەراسان کردن و توندوتیژی سێکسی، جیاکاری ئەلیکترۆنی، قسەی ناشرین و هتد.
چەندین ئافرەتی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیەکاندا تووشی هەراسانکردنی سێکسی و زارەکی بوونەتەوە؟
ئامار و زانیاریی ورد و دروست لەبەردەست نییە چونکە لەبەر زۆر هۆکار ئافرەتان باسی ئەم ئەزموونە ناخۆشە ناکەن و دنیاکەیان سەلامەتتر کردووە بۆ ئەو پیاوانەی کە خەریکی ئەو جۆرە ڕەفتارانەن.
توندوتیژی ئەلیکترۆنی پەیوەستە بە پرس و کێشە کۆمەڵایەتییە گەورەکان و هەروەها پرسەکانی ئافرەتانەوە..
لەبەر ئەم هۆکارە نەتەوە یەکگرتووەکان کەمپەینێکی ڕاگەیاند بەناوی “کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان” کە پێناسەیەکە بۆ توندوتیژی و ئازاردانی سێکسی ئافرەتان لە دنیای ئەلیکترۆنیدا؛ هەر نووسین و ڕەفتارێکی سوکایەتیکردن لە کۆمێنتی بەکارهێنەران، ناچارکردنی کردەوەی سێکسی لە ئینتەرنێت، هەڕەشە و بەکارهێنانی وشەی سێکسی، هەروەها هەڕەشەی زارەکی و ڕەفتاری توندوتیژی، بە توندوتیژی دژی ئافرەتان دادەنرێت.
هەروەها لە کەمپەینەکەدا هاتووە؛ توندوتیژی و زۆرلێکردنی ئافرەتان لە دنیای ئەلیکترۆنیدا یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وا دەکات سووڕی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە جیهانی واقیعدا بەردەوام بێت و خێراتر بگۆڕێت.

چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی؟
نووسین و گفتوگۆکردن لەسەر توندوتیژی ئافرەتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە باوەڕێکی بەکۆمەڵ هەیە. خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە وڵاتە جیهانییەکان و میدیای فەرمی و کەمتر باسی ئەم دیاردەیە دەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٦ کۆنفرانسێک سەبارەت بە توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ئازاردانی سێکسی دژی ئافرەتان لە دنیای ئۆنلاین لە کۆماری چیک بەڕێوەچوو هەروەها وڵاتەکانی وەکو ئوسترالیا، کەنەدا، نەرویج و چەند وڵاتێکی دیکە لەم بوارەدا هەڵمەتەکانیان دەستپێکردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژییەو لێکۆڵینەوەی بەرفراواننیان کردووە و پلانی پراکتیکییان جێبەجێ کردووە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی دژی هەرزەکاران و ئافرەتان .
ڕوونە کە ئەم هەوڵانەی لە وڵاتەکانی تر ئەنجامدراون سودێکی وای نییە بۆ کوردستان و ڕۆژ بە ڕۆژ جەماوەری توڕە کۆمەڵایەتیەکان روو لەزیاد بوونن ، بۆیە دەبێت حکومەت و ڕێکخراوەکانی بواری ئافرەتان و میدیا فەرمیەکان هەولێکی جدی بدەن بۆ کەمکردنەوە یاخود بنبڕکردنی ئەم جۆرە توندوتیژییە.
.یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئازادی ڕادەربڕینی کەسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان سنووردار دەکات توندوتیژیی زارەکی و ئازاردانی سێکسییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەدەرئەنجامێکی خراپی هەیە بۆ سەر قوربانییەکان بۆ نموونە ژنێک کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تووشی توندوتیژی یان ئازاردانی سێکسی بووە، ڕەنگە بەهۆی ترس و ئەزموونە ناخۆشەکەیەوە نەتوانێت بۆچوونەکانی خۆی لەدنیای واقیعدا و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا دەرببڕێت و نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ئازاردانی سێکسی پێویستە ئافرەتان وریاترو بەئاگاتربن بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، پێویستە هان بدرێن بۆ نووسین و قسەکردن لەسەر ئەزموونەکانیان. تا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەمترین قسە لەسەر دەستدرێژی سێکسی و ئەنجامدەرانی توندوتیژی بگوترێ، توندوتیژی دژی ئافرەتان لە جیهانی واقیعدا زیاتر دەبێت
وە ئەبێت رۆژنامەنوسان و چالاکوانی مەدەنی و هونەرمەندان ..هتد هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن گرنگی زیاتر بەم بابەتە بدەن و پشتگیری قوربانیانی ئەم جۆرە سوکایەتییەی ئەلیکترۆنییە بن لەپێناو کەمکردنەوەی ئەم ژینگە ژەهراوی و مەتریسدارە .
ئەگەرچی بکەرانی توندوتیژی لە دنیای ئۆنلاین ڕەنگە زەحمەت دەربکەون، چونکە هەندێکجار پیاوان توندوتیژی و ئازاردانی سێکسی بەرامبەر بەو ئافرەتانە ئەنجام دەدەن کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و زانستییان هەیە لە کۆمەڵگادا و ڕەنگە ئەم بابەتە گرنگتر بێت بۆ شاردنەوەی ڕووخساریان کە ئۆنلاین یارمەتیان دەدات. بەڵام تا زیاتر ئافرەتان و هەرزەکاران ئاگادار بکرێنەوە و ئەم ئەنجامدەرانەی توندوتیژی زیاتر هەست بە نائەمنی بکەن، دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە هەنگاوی باش بنرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و ئازاردانی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان بە شێوەی ئۆنلاین و دواتر لە ژیانی ڕاستەقینەدا.