توندوتیژی دژ بەژنان

پرشنگ توانــا
توندوتیژی دژبە ژنان دیاردەیەکی جیهانیە و بۆ کوردیش وەک کلتوورێکی نامۆ کاردانەوەیەکی زۆر نەرێنی کردۆتە سەر خێزان بەتایبەتی و کۆمەڵگاش بەگشتی .
توندوتیژی بەهەموو جۆرەکانیەوە ، جائایا جەستەیی بێت ، یان دەروونی لە پیاوسالاریەوە سەرچاوەی گرتوە ، جگە لەوەی کە کاریگەرییەکی نەرەنی وخراپی دەبێت لەسەرژن ، کاریگەریەکی مەترسیدارو خراپیشی دەبێت لەسەر تەندروستی خێزان و منداڵانیش دەبنە قوربانی ئەو دیاردەیە .
نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆژی 1999-11-25 یان کردە ڕۆژی بەڕەنگابوونەوە دژ بە توندوتیژی ژنان ، ئیتر هەر لەوکاتەوە ناڕەزاییەکان بەشێوازی خۆپێشاندان و چالاکیە جۆراوجۆرەکان لەلایەن ڕێکخراوە جەماوەریەکان و چالاکوانانی بواری ژنان بەئەنجام دراون ، لەکوردستانیشدا بەفەرمی پشتیوانی لەهەموو هەوڵ و کۆششێک دەکرێ کە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بەئافرەتان خەبات دەکەن .
بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کۆمەڵگا ڕۆشنبیر بکرێ و ژنانیش لەڕوانگەی بڕوابوون بەخۆیانەوە ، بەیاسا ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە ، جگە لەوانەش دەبێ کار لەسەر بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی و خیزانی بکرێ ، چونکە لەسەرەتاوە لەسەر ئاستی خێزانەوە دەردەکەوێ و دواییش دەبێ بە نەخۆشیەکی نێو کۆمەڵگا .
ژنانی ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ دوێنێدا وشیارتر و ڕۆشنبیرترن و پێشکەوتنێکی بەرچاویشیانبەخۆیانەوە بینیوە و بوێرانە لەڕێگای یاساوە دژ بەو دیاردەیە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن .
سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لە ئافرەتان گەیشتوونەتە پێگەی بریاردان و خاوەن بریاری خۆیانن و ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاوی بەرەوپێشەوە دەنێن ، بەڵام هەموو ئەو پێشکەوتنانەنەبوونەتە هۆکاری ئەوەی کە توندوتیژی دژ بەژنان هەر کۆتایی پێهاتبێ ، تاوەکو ئێستاش ئەو دیاردەیە هەر هەیەو ڕێژەکانیش لەشارێکەوە و بۆ شارێک و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئافرەتان لەبەرامبەر توند و تیژیەکان بێدەنگ نین و ڕووبەڕوویان دەبنەوە ، هەموو ئەو پێشکەوتنانەش لەڕوانگەی بڕوابەخۆبوونەوە سەرچاوەیان گرتوە .