لە ساڵیادی ڕۆژنامەی هەولێردا چەپکە پەیڤێک لە بەرامبەر پلاری ناحەقانەدا…

پاڤین ڕەمەزان
هەبوونی دەزگایەکی میدیایی بە ناوی “هەولێر”ەوە کە شاری هەموو کورد زبانێک و شانازیی نەتەوەیی کوردستانیانە بە سەرجەم پێکهاتە ڕەسەنەکانییەوە، حەتمەن دەبێت مینبەرێکی گەورە و داکۆکیکاری سەرسەختانەی ڕەوتی نیشتیمانی و پێکەوەژیان و کلتووری و چەمکە سەردەمییانەکانی ژیانی مرۆیی بێت و پەیامەکانیشی گەشبینانە و لە ئاست ئاسۆی ڕوونی چاوەڕوانکراوی گەلێکی ستەمدیدە و خۆڕاگر و کۆڵنەدەردا بێت.

دەزگای میدیایی هەولێر، کە ئەمڕۆ یادی ١٩ ساڵەی خزمەتی دەگێڕێت لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، خاوەنی ناوبانگێکی گەورەیە لە مەیدانی مێدیاییدا و ئەمڕۆش لە جێگای سستبوون و پاشەکشە، تەمای ئەوەی هەیە لەگەڵ بەرەوپێشچوونە خێراکانی سەدەی زیرەکی دەستکرددا خۆی بگونجێنێت و پێ بنێتە قۆناغی دیجتیتاڵی و پەخش و ئەرشیفی ڤیدیۆیی لەڕێگای وێب تیڤییەوە کە بێگومان لەم هەنگاوەشدا ناکەوێتە ژێر تەوژمی نابەرپرسیارانەی مۆدێلی فەوزەوی سۆشیالمێدیا و ئەرکە نەتەوەیی و ئەخلاقی مێدیایی و زمانە پاکەکەی دەپارێزێت و پەیامی گرنگ و ڕەسەنانەی مرۆیی خۆی لەدەست نادات.
ئەوەی ڕۆژنامەی هەولێر جیا دەکاتەوە لە ڕۆژنامە و دەزگا مێدیاییەکانی دیکە، ئەوەیە؛ سەرباری خوێنەرە جیددی و سەرسەختەکانی، نەیاری سەرسەختیشی هەیە. نەیارەکانی چاودێرانە بەدیار ئەوەوە ئێشکدەگرن لە بچوکترین خاڵی لاوازدا پەلاماری بدەن و زۆرجاریش بە پیلان هەوڵی چەواشەکارانە دەدرێت لەپێناوی ئەوەی خوێنەرانی ڕۆژنامەکە غافڵگیر بکرێن بێ وچان لە خەمی ئەوەدان مسداقیەت و ڕاستگۆیی ڕۆژنامەکە بخەنە ژێر پرسیارەوە. بەڵام هیچ لەو هەوڵانە نەبوونە بە هۆکاری ئەوەی نووسەر و پەیامنێر و کارمەندە ماندوو نەناسەکانی ئەم ڕۆژنامەیە چ لە ڕابروودا و چ لە ئێستاشدا زەڕەیەک بەها بۆ هێرش و توانج و پلاری ناحەقانە دابنێن و لەکوێدا پەلامار درابن سەربەرزانەتر پەیامی بەرزی خۆیان لە ڕێگەی وتار و ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن و شیوازەکانی دیکەی کاری ڕۆژنامەوانی گەیاندووە.
ڕەنگە ئەمە دەرفەتێکی باشیش بێت باس لەوە بکرێت، سۆشیالمێدیا لە کایەی گەیاندنی زانیاری و کاری ڕاگەیاندندا هاوشیوەی بۆمبێکی تەوقیتکراوبوو لە ڕێگای کاروانی ڕۆژنامەگەریی کاغەزدا، بەڵام هەرگیز ئەو مەیدانە سەراب شێوەیەی سۆشیالمێدیا دڵی خوێنەری جیددی و هۆشیار ئاو نادات و کاری ڕەسەنی ڕۆژنامەوانیش لە مەیدانی ڕەسەن و ڕاستەقینەی ڕۆژنامەگەریدا دەردەکەوێت. ئەوەی هەبوونی ڕۆژنامەی کاغەز گرنگتر و جیددیتر دەکات، مەسەلەی پاراستنی زمانە. لەمەشیاندا ڕۆژنامەی هەولێر، بەوپەڕی بەرپرسیارییەوە مامەڵەی کردووە و وەک ئامانەتێکی نەتەوەیی هەوڵیداوە پاکژانەترین ڕێنووس و داڕشتن لە زمانی کوردیدا بخاتە بەرچاو و ئەرشیفیشی بکات بۆ نەوەکانی داهاتووش، چونکە لێشاوی بێ ڕەحمانەی وشەی بیانی لە ڕێگای گلۆبالیزم و بە جیهانیبوونی دەستەواژە نوێیەکان، خەریکە جێگا بۆ چەندین زاراوەی شیرین و پەیڤی ڕەوان و جوانی کوردی ناهێڵێتەوە و لەبیر دەچنەوە.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێت، ساڵیادی ڕۆژنامەی هەولێر، لە خوێنەرانی ڕۆژنامەکە پیرۆزبێت و وەک هەمیشە بەڵێنی پابەندبوون بە ڕەوشت و مۆڕاڵی مێدیایی دووپات دەکەینەوە و داوای لێبوردنیش لە هەر کەموکوڕییەک دەکەین .