ئاهەنگی دەمامکەکان و پرسەی کتێبەکان

سەدیق سەعید ڕواندزی

لە هەرێمی كوردستاندا، كایەی وەرگێڕان لەوە دەرچووە، وەك پێویستییەكی فەرهەنگی، هزری و زانستی و لە سۆنگەی خزمەتكردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی ببینرێت، بەڵكو وەك جۆرێك لە مۆد و لاساییكردنەوەی لێ هاتووە و هەركەسێك لە ڕوانگەی خۆیەوە، كتێبێكی بە لاوە جێی سەرنج بوو، ئەوا وەری دەگێڕێت. وەرگێڕەكانی ئێمە، یان باشتر وایە بڵێین ئەوانەی خۆیان بە تەنافی بە ناو وەرگێڕانەوە هەڵواسیوە، كە بڕیار دەدەن كتێبێك، یان دەقێك وەربگێڕن، پێویستە لە بەرایی هەموو شتێكدا، ئەو پرسیارە هزرییە لە خۆیان بكەن، كە ئایا وەرگێڕانی ئەم كتێبە، چەند دەتوانێت خزمەت بە كولتوور و زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی خۆیان بكات، یاخود بیر لەوە بكەنەوە، ئایا بە وەرگێڕانی ئەم كتێبە، كەلێنێك لەو بۆشایە گەورەیەی لە بوارە جۆراو جۆرەكانی وەرگێران هەن، پڕ دەكاتەوە یان ئەویش لاساییكردنەوەیە و هیچی تر؟ لەو سۆنگەیەشەوە ئەوەی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بە ناوی وەرگێڕان دەگوزەرێت، بەشێكی كەم و بچووكی لێ دەرچێت، كە ئەویش بەرهەمی وەرگێڕە بەسەلیقە و تواناكان و زمانزانەکانە، ئەوانی تر پێویست نین و تەنها لە سۆنگەی دەسكەوتی ماددی و لاساییكردنەوە دەكرێن و بوون و نەبوونیان هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت و وەك یەك وایە. (ئاهەنگی دەمامكەكان) یەكێكە لەو جۆرە كتێبانە، لێرەدا، نموونە لە ناوەڕۆكی كتێبەكە دێنینەوە، بۆ ئەوەی بزانین چی تێدایە و ئایا خوێنەر، بەر شتێكی نوێ دەكەوێت كاتێ دەیخوێنێتەوە؟ بۆ نموونە: _
* لا 8 نووسیویەتی: _(من هیچم، هەر هیچیش دبم، تەنانەت لەوەشدا شكست دێنم كە خۆزگە بخوازم هیچ نەبم)
* لا 24 نووسیویەتی: _(هەر كاتێك حەز لە شوێنێك ناكەی، بیگۆڕە) جا كەس هەیە ئەوە نەزانێت؟!
* لا 27 نووسیویەتی: _(ژیان ئەوەندە درێژ نییە، تاوەكو هەموو شتێك تاقی بكەیتەوە) هەموو مرۆڤێك ئەمە دەزانێت!
* لا 42 نووسیویەتی: _(ئازار راڤە ناكرێت، ئەو ئازاری هەیە نەك من) بێگومان كەس ناتوانێ درك بە ئازاری ئەویتر بكات، تا خۆی لە شوێنی ئەو نەبێت.
* لا 57 نووسیویەتی: _(هەرچۆنێك بێت بێگوناه و پاكەكان دەچنە بەهەشت) وەك ئەوەی بەهەشت بۆ گوناهباران بێت و دۆزەخیش بۆ بێتاوانان! بە ڕاستی مۆدی ئەم جۆرە قسە سەیر و سەمەرانە نەماوە. ئەم جۆرە بە ناو نووسینانە، كە گوایە بە ناوی حیكمەتەوە دەنووسرێن، سەیرە لە نێو كۆمەڵگەیەك بڵاو بكرێنەوە، كە لە سەردەمی مۆدێرنە و تەكنەلۆژیا دەژیێت. ئەم جۆرە دیدگایە لە نووسین، ڕەنگدانەوەی ئەقڵێكی سەلەفی و دۆگمایانەیە، كە دەیەوێت تازە بەهەشت و دۆزەخمان پێ بناسێنێت.
* لا 52 نووسیویەتی: _(كەس ئاگای لە دەردی كەس نییە) ئەم پەندە، هەزاران ساڵە لە نێو میللەتی كورد هەیە و هیچ حیكمەتێك لە نووسین و گوتنیدا نییە.
* لا 53 نووسیویەتی: _(بە پێكەنینەكەیدا دەزانم مرۆڤێكی پاكە) پێدەچێ نووسەری ئەم كتێبە كە ناوی مەلوولە، لە فرۆید زیاتر دەروونی مرۆڤی ڕاڤە كردبێت، ئەوە نییە هەر بە پێكەنین دەزانێت مرۆڤەكان پاكن، یان پۆخڵ!
* لا 54 نووسیویەتی: _(ئەو لە گۆشەنیگا و دیدی من زرنگترە، لانیكەم مانگی جارێك بە خۆی دەڵێت گەمژە) تەنانەت گەمژەكانیش بە خۆیان ناڵێن گەمژە، كەچی نووسەری ئەم بە ناو كتێبە، بڕوای وایە ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن گەمژە زۆر زرنگن.
* لا 61 نووسیویەتی: _(خودایە بۆ لە هەموو شتێ زیاتر لە هەنگاوی تازە و پەیڤی تازە دەترسم) تۆ خۆت لە هەنگاوی نوێ و وشەی نوێ دەترسیت و ناتەوێت فێریان بیت، بۆچی بە كتێبەكەت دەتەوێت كەسانی دیكەش فێری ئەوە بكەی لە هەنگاوی نوێ بترسن و نەینێن؟! ئەگەر مەبەستی هەنگاوی مرۆڤەكانی دیكەش بێت، كە ماسكی دووڕوویی دەپۆشن و قسەیەك دەكەن و كرداریان شتێكی دیكەیە، ئەوا دەبوو ئاماژە بە ئەوان بكات!
* لا 64 نووسیویەتی: _(من كە یادەوەریم هەبێ دەرەقەتی هەموو دنیا دێم) بە ڕاست! مرۆڤ تەنها بە یادەوەری دەرەقەتی هەموو دنیا دێت؟ هیودارم ڕۆژێك بێت، مەلوولی نووسەری ئەم كتێبە مەلوولە، فێرمان بكات كە مرۆڤ چۆن دەتوانێت، تەنها بە یادەوەری بە گژ هەموو دنیادا بێتەوە.
* لا 73 نووسیویەتی: _(كاتێ كە جودای لە مانای عەشق تێدەگەی) جا كەس هەیە ئەمە نەزانێت؟
* لا 73 نووسیویەتی: _(تا مرۆڤ عاشقتر بێت دەرد و عەزابی كەمترە) بڕوام وایە، هەر كەسێك لە عشق گەیشتبێت و شتێكی لە بارە خوێندبێتەوە، دەزانێت كە كەسانی عاشق، عەزابیان كەمە یان زۆر؟
دواجار دەڵێم، جێگەی داخە، لە كاتێكدا دەیان كتێبی پێویست و دەستنووسی نووسەران، لە نێو شاشەی كۆمبیوتەرەكەیان ماون و دەزگایەك نییە بۆیان چاپ بكات، كەچی هەندێك لە دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، دێن كتێبی بێ مانای لەو شێوەیە چاپ دەكەن و بە ناوی حیكمەت و نووسین و نازانم چی، بڵاوی دەكەنەوە بەبێ ئەوەی یەك وشەش فێری خوێنەر بكەن!

پەراوێز:
* ناوی کتێب: ئاهەنگی دەمامكەكان، نووسین و وەرگێڕانی: مەلوول، بڵاوكراوەی: ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند، ساڵی چاپ _2024.