گڵۆڵەیان سەرەوژێر بوو!

رۆژانە لە هەندێک بە ناو شرۆڤەکاری نەزان گوێمان لەوە دەبێت، کە ئینتیمای نیشتمان لاواز بووە و نەماوە . چوونی خەڵکی ناوچەکانی کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو، ناڕاستیی ئەو قسە بێ بنەمایانە کە رۆژانە هەندێک بە ناو رۆشنبیر بۆ بێهیواکردنی کوردستانیان و دڵساردكردنەوەیان لە تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانی لە میدیا و سۆسیالمیدیا دەیخەنە روو .
ئەم پێشوازی و دڵگەرمییەی كوردانی ناوچەكوردستانییەكان نیشانەی هەستی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانییە .
ئەوانەی باسی لاوازیی هەستی نەتەوەیی لای تاکی کورد دەکەن گوێز لە حیسابی خۆیان دەژمێرن. چوونی خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان و بە تایبەتی کەرکووکییەکان بۆ سەرژمێری، ریفراندۆم و راپرسییەکی دیكەی نەتەوەییە.
ئیتر بەسە واز لە بێهیواکردن و هەوڵی ڕەشبینی و كورتبینی بێنن. ئەم گەلە هەر سەردەکەوێت و دەگاتە ئامانجی سەربەخۆییی کوردستان. ئەوەی بە یارمەتیی دەرەکی و تۆپ و تانک و خیانەتی گرووپێکی بە ناو کورد و بە سەری کەرکووکی هێنا ، ئەمڕۆ کەرکووکییەکان بە جووڵەیەک زەربی سفریان کرد .
كورد لەشەڕی شوناس و لەشەڕی گەڕاندنەوەی كەركووك و سەرجەم ئەو جێگایانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر فرۆشران، كەرنەڤاڵی كرد. كورد بە شاییولۆغان و بەدەنگی دلێر و بژی كوردستان، لەهەموو ناوچەكانەوە، بۆ زێدی خۆیان گەڕانەوە. ئاپۆڕای ئەمجارە،خائین بەزێن و داگیركەرتەزێن بوو. هەموو پاساوەكانی تابووری پێنج پوچەڵكردەوە.
چەندین ساڵە كار لەسەر بێهیواكردن و، كۆتاییهێنان بەهەستی نەتەوەیی كورد دەكرێت. سەدان پاساو بۆ عێراق و سیاسەتەكانی دروستكران و، هەزاران شاڵاوی دەروونی كرانە سەركورد، وتیان: قەوارەی كوردستان كۆتاییهاتووەو، بەناچاری لەژێر قورسایی گەمارۆی دارایی و بڕینی مووچە و هەڕەشەی میلیشیاو بەكرێگیراوانی ناوخۆو تابووری پێنج، چیتر ناتوانێت سەر بەرز بكاتەوە. ئەوانە نەك هەر ئەوەندە، بەڵكوو نوقڵانەی ڕووخانی تاكە دەستەڵاتی كوردییان لێدەدا، هەندێك گوێلەمست و نووسەرو تابووری پێنج، بەرواری ڕووخانی حكوومەتی كوردستانیان ئاشكرا دەكرد و، میدیای چەواشە و كرێگرتەی داگیركەریش تادەهات گوشارە دەرونییەكەیان قورسترو قووڵتر دەكردەوە.
كەچی نەتەوەی كورد، سەرژمێری كردە ڕابوونێكی دیكەی نەتەوەیی و بڕیاردا، هاتە پێشەوە. زریانی كورد هەڵیكرد و، لافاوی گەڕانەوەی كەركووكی و مەخموورو خانەقین و مەندەلی بۆ زێدی خۆیان، هەموو گرەوەكان كەلەسەر بەزینی كورد و خۆچەماندنی كورد كرابوون، پوچەڵی كردنەوە. كەرنەڤاڵی كەركوكییەكان، شۆڕشێكی دی، ڕابوون و ڕیفراندۆمێكی دیكەو، سەدای ئازادیخوازانەی كورد بوو، بەجۆرێك چیتر هیچ كەسێك بیر لە شكاندنی شكۆی كورد نەكاتەوەو، خەیاڵاتی چۆكدادانی ئەم میللەتە كۆتایی پێبهێنن.