ڕۆشنبیریی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکاندا

عومەر چنگیانی

 

ڕێنمایی و بیرهێنانەوەی ئەرکە پیرۆزەکانی مسوڵمان هەمیشە کاری هەرە لەپێشینەی مامۆستایانی ئایینییە، هەربۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، بۆ ١٥ی١١ی٢٠٢٤بە ئەرکمان زانی لە ڕێگای زۆرینەی دوانگەی مزگەوتەکانی کوردستانەوە باس لەو بابەتە بکەین کە دەسپێک بە ئایەتی دووی سوورەتی (مائیدە)، دەستمان پێکرد کە دەفەرمێت: (ببنە هاوکار و یارمەتیدەری یەکدی لە سەر پیادەکردنی بڕواداری و هەر کارو گفتارێکی خێردا، نەکەن ببنە یارمەتیدەر و یەکدی بەهێزکاریلەسەر تاوان و دژمنایەتی یەکتری و بەدەر لە خۆیشتان.)
هەروەها پێغەمبەرمان – دروود و سەڵاوی خوای لێ بێت – دەفەرمێت:
(هەرکەس دەروویەکی خێر لەکەسێک بکاتەوە و بیتە هۆکاری ڕەوینەوەی خەمێک لە خەمەکانی دنیای ئەوکەسە، ئەوە لە پاداشتیدا خوا خەمێکی لێ دەڕەوێنێ و فریای دەکەوێت لە ئاریشەیەکی ڕۆژی سەڵای ئەو کەسەدا، الله هەر دەم پشتیوانی بەندەکانیەتی هێندەی ئەوان پشتیوانی یەکدی بن.)

ژیان پڕە لە ڕووداوی جۆراوجۆر!
ئەم ژیانە سەفەرێکی دوورودرێژە کە تێیدا هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە، بێ ڕووداو نییە کە لەوانەیە بەبێ ئارەزووی تۆ ڕوو بدات، ئەمە فیترەتی ژیانی دنیایە و مرۆڤیش بە ناخۆشییەوە تیایدا دەژیێت، زۆر جار کۆمەڵێک ڕووداوی سووتان و خنکان و ڕێگاوبان و چەندین ڕووداویتر ڕوودەدەن، ڕووداوەکان خۆی لەخۆیدا تاقیکردنەوەی خودایین، خۆشبەختی بۆ ئەوانەی کە پەندی لێوەردەگرن و، پێداچوونەوەیەک بەخودی خۆیاندا دەکەنەوە.
ڕەچاوکردنی هەندێ کار لەکاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک:
کاتێک تووشی ڕووداوێک دەبین یان دەیبینین، پێویست ناکا خۆمان سەرقاڵ بکەین بە وێنەو ڤیدۆگرتن، وەک ئەوەی کە لەپێشبرکێی جوانترین وێنەدابین، یان پەیامنێربین، بەڵکو پێویستە مرۆڤی مسوڵمان جوانترین ئەخڵاق نیشانبدا لەوکاتەدا، لەوانە:
• خێرا بەهاناوەچوونی لێقەوماو و بریندارەکان.
• بەزووترین کات پەیوەندیکردن بە دەزگاکانی پەیوەندیدار.
• پەلەکردن لەرزگارکردنی برینداران وقوربانیان.
• داواکردنی یارمەتی لە دەروجیران و پیادە بۆ ئەوەی ببینە کلیلی ڕزگاربوونی کەسێک لە مردن و کلیلی خێر نەک کلیلی شەڕ.
• داپۆشینی عەورەت و کەموکووڕیەکان نەک بڵاوکردنەوە و باسکردنیان.
دواجار هەوڵدان بۆ هاوکاری خەڵکانی تر کارێکی ئایینی و بەهایەکی مرۆییە کە دەبێت لەنێو موسڵماناندا ببێتە دیاردەیەکی جوان، و پێویستە هەموو تاک و دامەزراوەکان کار بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕووداوەکان بەتایبەتی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بکەن، و پابەند بین بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، بەتایبەتی لەم ڕۆژانەدا کە پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بەوجۆرەبین و کاریگەری دنیای ماددی و شارستانیەتی خۆپەرست کارمان تێ نەکات کە گرنگی بە بەدبەختی ئەوانی تر نادات و تەنیا خۆی دەبینێت .