سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

زانیاری زۆر و کرداری کەم

 

ن: د. کەیفی زیرەك کەمال*

ئەڵقەی نۆیەم
زۆربەمان لێرەولەوێ، بە تایبەتیش لە سۆشیال‌میدیا دەبینین و دەخوێنینەوە کە دەڵێن “بە خوای پزیشکەکانیش بە جارێك ناخۆشیان کردووە، هەندێك جار لێدوان و قسەکانیان دەبێتە مایەی بەلاڕێدابردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە، چونکە رۆژێك دەڵێن ئەم جۆرە خواردنە بۆ ئەم بوارە باشە، ئەمەشیان بۆ بوارێکی دیکە خراپە، هەندێك جاریش بە پێچەوانەوە!” بۆیە زۆرجار کە دەتەوێ زانیاری و ڕێنماییەکی بواری تەندروستی تایبەت بە جەستەی مرۆڤ بۆ هاووڵاتیەكدا باس بکەیت، یەکسەر بێتاقەتی دایدەگرێت و ئەوەت بۆ باس دەکات کە پزیشکەکان و هەندێك سەرچاوە بە شێوازی سەیرسەیر و جۆراوجۆر، دژ بە یەکتری لەسەر تەندروستی مرۆڤ قسە دەکەن.
هەڵبەت لێرەدا من باری سەرنجی خۆم تایبەت بەم پرسە بە پوختی و بە چڕی دەخەمە ڕوو:
1. هەموومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هاوڕان کە شەکر دژمنێکی ئاشکرای مرۆڤە و لە زۆر شوێن بە ژەهری سپی ناوزەند دەکرێت، کاتێك کەسێك سەرەڕای زانینی زیانەکەی، زیاتر و زیاتر بەکاری دەهێنێت خەتای دکتۆرەکان چییە؟
2. لای گشتمان ڕوون و ئاشکرایە کە خواردنەوەی گازی و شەربەتی دەستکرد، زیانێکی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێ، چونکە جگە لە شەکر و ڕەنگ و پارێزەری خۆراکی (مواد حافظة) و چەند مادەیەکی خراپی تر، هیچ شتێکی بەسوودی تێدا نییە بۆ جەستە، جا هەرکەسێك بە هەر هۆکارێك ڕەچاوی ئەم بوارە نەکات و خۆی بەدوور نەگرێت لەم جۆرە خواردنەوانە، پێویست ناکات ڕەخنە و گلەیی ئاراستەی پزیشك و هیچ کەسێکی دیکە بکات.
3. خاڵێکی تر کە دەمەوێ بە کورتی ئاماژەی پێ بکەم، کە خەڵکێکی یەکجار زۆر بە گەورە و بچووکەوە ئەوە دەزانن کە خواردنی حازربەدەست (فاست فوود) کاریگەریەکی زۆر نەرێنی دادەنێ لەسەر جەستە و تەندروستیی مرۆڤ، بەڵام بەداخەوە زۆر کەس پابەندی ئامۆژگاری و ڕێنماییە پزیشکییەکان نابن و، سەرەنجام هەر خۆیان زیان بە جەستەی خۆیان دەگەیەنن.
4. بوارێکی تر کە دەمەوێ بیخەمە ڕوو، وەرزش کردنە. هەڵبەت، یەک بە یەکی تاکەکانی کۆمەڵگە، بگرە کۆدەنگیەکی میللیش هەیە لەسەر بایەخ و گرنگی وەرزش، هەموو پسپۆڕانی بواری تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە وەرزش وەکو خۆراك و ئاو و هەوا بۆ ژیانی مرۆڤ گرنگە، بەڵام بەداخەوە، تا ڕادەیەکی زۆر ئەم بوارەش لە لای ڕووبەرێکی فراوانی کۆمەڵایەتی، نەك هەر گرنگیی پێ نەدراوە بەڵکو فەرامۆشیش کراوە.
5. لەسەر گشت پاکەتێکی جگەرە نووسراوە کە “جگەرەکێشان هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە”، کە خۆی لە خۆیدا هۆکاری تووشبوونە بە چەندان نەخۆشی دیکە، بەڵام سەرەڕای ئەم ڕێنماییە تەندروستیە جیهانیە، کەچی خەڵکانێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی ئێمە جگەرە دەکێشن و خۆیشیان دان بە ئەوەدا دەنێن کە جگەرە مەترسییەکی کوشندەیە، کەچی ناتوانن دەستبەرداری ببن چونکە ئالوودە بوونە پێوەی.
6. گشتمان ئاگادارین کە نوستن لە کاتی دیاریکراو و بە پێی پێویست هاوشانی ئەوەی کە ئاو بۆ جەستە چەندە گرنگە، نوستنیش لە کاتی خۆی ئەوەندە پێویستە بۆ جەستەی مرۆڤ. بەڵام بەداخەوە ئەو بوارەشمان وەکو پرسێکی لاوەکی سەیر کردووە، نەك وەکو پێداویستییەکی گرنگ.
هەروەك لە سەرەوە ئامەژەمان پێی کرد، بەداخەوە زۆرجار لە سۆشیال‌میدیا و بگرە لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکانیش، بەبێ پابەندی بە پرەنسیپەکانی بواری پزیشکی و تەندروستیی گشتی، هەندێك ڕێنمایی و زانیاریی جۆراوجۆر بڵاو دەکەنەوە کە دەبێتە مایەی سەرلێشێوانی تاکەکانی کۆمەڵگە لە بواری تەندروستیدا.
بەڵام ئەم خاڵانەی لە سەرەوە باسکران کۆدەنگیی لەسەرە، ئەگەر کەسێك خواستی ئەوەی هەبێت کە تەندروستی بەرەو باشتربوون ببات، بە ڕەچاوکردنی ئەو چەند خاڵەی سەرەوە دەکرێ تەندروستی بباتە ئاستێکی زۆر باشتر، بەڵام بەداخەوە ئێمە وەکو پێویست ڕێزی ئەو جەستەیە ناگرین کە گەورەترین سەرمایەی ژیانمانە و چەندین جۆر بیانوو دەهێنیەوە بۆ ئەم بێباکیەمان.
*پزیشکی گشتی