گوهدار شكری ئاكرهیی
لە درێژەی رێگای ژیاندا، هەر تاکێک لە ئێمەی مرۆڤ بە بەردەوام لە ناخیەوە لەگەڵ شتێکی سەختدا لە جەنگدایە، کە ئەمەش خەسڵەتێکی خۆڕسکە لە ناخی گشت کەسێکدا هەیە. بە تایبەتی لە سەرەتاکانی دەستپێکی ژیانی هەر تاکێک لە ئێمەی مرۆڤ بەدی دەکرێت، هەرکاتێ تاک هەستی بە خۆی کرد ئەم خەسڵەتە دەست بە گەشەکردن دەکات و دەیجووڵێنێ، بۆ ئەوەی بە بەردەوامی بیر لە خۆی بکاتەوە، ئەم پرسیارانە ئاراستەی خۆی بکات: کاری ئەو لەم ژیانە چیە؟ بۆچی هاتۆتە ئەم ژیانەوە؟ پێگەی دەکەوێتە کوێی ژیان؟ کامە رێگا لە رەوتی ژیانیدا هەڵبژێرێت؟
لە دەرەنجام کاتێک دێت هیچ هەڵبژاردەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە تەنها دوو هەڵبژاردەی نەبێت. کە یەکەمیان خۆبەدەستەوەدانە بە (واقعەکە) ئیتر بڕیار و بیرکردنەوە و ئاراستەی کەشتیی ژیانی بە پێوەر و پێوانەی کۆمەڵگە و ژینگەکەی دەبێت. یا رێک بەپێچەوانەوە کەسەکە واقعێک بۆ خۆی دروست دەکات بە بەردەوام جەنگکردن لەگەڵ دەروون و دەورووبەریدا تا ئەوکاتەی دیدێکی روون و پێشبینیەکی بۆ دروست دەبێ. چونکە گومانی تیا نیە ئەگەر مرۆڤ نەبێتە خاوەن پێشبینیەکی گونجاو ئەستەمە بتوانێ بڕیاردەری خۆی بێ و ببێتە خاوەن و هەڵگری پەیامێکی دیاریکراو لە رەوتی ژیانیدا، بەمەش تووشی لێشاوی کێشە و گرفت دەبێت و، نازانێ ئاراستەی کەشتیی ژیانی روو لە کوێ بکا.
جێی باسە شتێکی روون و ئاشکرایە کاتێ مرۆڤ نەزانێ بۆ کوێ دەچێ بەتایبەتی لەناو جەرگەی ئەم هەموو بیرکردنەوە و تێڕوانین و ئایندە نادیارانە، نەک تەنها خاڵی دەستپێکی خۆی، بەڵکو خۆی و ئامانجەکەشی لێ ون دەبێ. جا ئەوەی مەبەستمانە لێرە باسی لێ بکەین ئەو هۆکارانەی راستەوخۆ کار دەکەنە سەر چارەنووسمان و، بەرپرسن لە ئاراستەی کەشتیی ژیانمان، بە پلەی یەک، سروشتی پێویستیەکانی مرۆڤن. ئەم پێویستیانەش بەپێی جیاوازی هەریەک لە سروشتی تێگەیشتن و شارستانیەت و ژینگەی مرۆڤەکانن لە هەمبەر ژیانەوە کە پێکهاتەیەک دروست دەبێت لە یەکگرتنی پێشهات و پێویستیەکانی مرۆڤەکە خۆی. بەمەش ئاراستەی کەشتیی ژیانی دەبێتە بەشێک لە بیری مرۆڤەکە تاوەکوو بڕیار لەسەر ئاراستەی چارەنووسی خۆی بدات، مەرج نیە بڕیارەکە لە هەر روانگەیەکەوە بێ چ لایەنی ئاینی، سیاسی یا کۆمەلایەتی یان هونەری بێت. بەڵام ئەوەی جێی باسە کۆی ئەمانەی کەباسمان لێوە کرد هێندە ئاسان نیە، بە دڵنیاییەوە مرۆڤ تا رێگای جەرگەی هەقیقەت و راستی خۆی دەدۆزێتەوە هەنگاوەکانی رۆشن دەبێتەوە، بێگومان پێویستی بە زەمینەیەک هەیە تا چەند بیرکردنەوەکانی بەریەک دەکەون، دەرنجام راڕایی بۆ دروست ببێ و ببن بە گومان. لەلایەکی ترەوە تاچەند ئەو دەرفەتانەی بۆ دەڕەخسێ تاوەکوو چاو بە مێژووی مرۆڤایەتی بخشێنێتەوە دەرنجام سوود لە یاساکانی کۆمەڵگە و سروشتی ژینگەکەی وەربگرێت، بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە؛ هەموو کاردانەوەیەکیش کاردانەوە بەدوای خۆیدا دێنێت، دەرەنجامەکانیش بەند دەبن بە لێکدانەوە و داڕێژکردنی هەموو ئەو لایەن و بوارەی کە تاکەکە گرتوویەتە بەر. جا بۆ ئەوەی بتوانین هەریەک لە ئێمە ئاراستەی کەشتیی ژیانمان وەک گەشتێکی دیاریکراو دروست و چاک بێت لە ئۆقیانووسی ژیاندا، پێویستە سوود لە کاردانەوە ئەرێنییەکان وەرگرین وەک قادرمەیەک (پلیکان) بەسەری کەوین، چونکە تەنیا بیر و رای ئێمەیە دەتوانێ بڕیاردەری ئاراستەی کەشتیی ژیانمان بێ بە گەشتێکی پر لە ئەرێنی یا نەرێنی لە دەرەنجامی تێگەیشتن و داڕێژراوی مێشکی ئێمەی مرۆڤ لە هەمبەر هەموو ئەو شتانەی لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ کرد.
لە کۆتاییدا کۆی ئەمانە هەمووی دەمانگەینێتە ئەوەی کەوا ژیان گەشتێکە رۆڵ و بەهای تۆیە لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ئاراستەی کەشتیی ژیانت، نەک سروشتی پێویستیەکانی ژیان لە جیاتی تۆ بڕیاردەر بن لە ئاراستەی گەشتی ژیاندا.