عومەر چنگیانی
چەمکی توندوتیژی گەرچی لەگەڵ بوونی یەکەم خانەوادەی ئادەمزادەکانەوە و قبووڵنەکردنی پێشکەوتنی یەکتری دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم کوشتنی نێو ماڵەکەی باوکە ئادەم، کە قورئان لە ئایەتی ٢٧ی سوورەتی (مائیدە)دا ئاماژەی پێ دەکا و ڕووی گوتاری پڕ لە فەرمانی دەکاتە پێغەمبەری ئیسلام، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ و، دەفەرمێ:
“بەشێوەیەکی ڕاست و دروست، ڕاستیی باسی دوو کوڕەکەی ئادەمیان بۆ بگێڕەوە، کە ئەو دوو کوڕە قوربانییەکیان دا و قوربانییەکە لە یەکێکیان وەرگیرا و لەوی دیکەیان وەرنەگیرا، ئیتر پەرچەکردار و هەڵچوون و دەمارگیری وای کرد کە ئەوەی لێی وەرنەگیراوە، بەوی دیکە بڵێ: دەتکوژم و، لێ قبووڵکراوەکەیش گوتی: قوربانیی لەوانە وەردەگیرێت کە ئەهلی تەقوان.”
دەرەنجام لێوەرنەگیراوەکە براکەی خۆیی کوشت!
ئیتر وەک قورئان باسەکە دەگێڕێتەوە، پێشتریش پەیامگەیێنانی تر لەبارەیەوە بەرچاوڕۆشنییان داوە بە شوێنکەوتووەکانیان، وەلێ ئەم بەرچاوڕوونی و میژووە ڕەشەی مرۆڤ لەنیو خۆیاندا، مانای ئەوەنەبووە کە بە بەردەوام تاکەکان پێویستیان بەوە نەبێت بەها ئاینیی و مرۆڤییەکانیان نەهێنریتەوە بیر، هەربۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینیەکەی رێکەوتی ٨/١١/٢٠٢٤ و، ئەو بابەتە کرا بە توێشووی گوتار و درا بە گوێی نوێژکەراندا، کە دەسپێک بە بیرهێنانەوەی ئایەتی ٢١ـی سوورەتی (رۆم) بوو کە خوای گەورە لە باسی نیشانەکانی بەڵگەی گەورەیی و دەستەڵاتی لەبننەهاتووی خۆیدا دەفەرمێ:
“هەروەها لە نیشانەکانی گەورەیی خوا ئەوەیە کە هەر لەخۆتان هاوسەر و هاوژینی بۆ دروست کردوون تا لە ئامێزی یەکتردا هەست بە پشووی ڕۆح و جەستە بکەن و نەخاسمە پیاوان ئۆخژن بکەن و پشوو بدەن و، لەنێوانتاندا خۆشەویستی و یەکترویستیەکی بێسنووری دروست کردووە، کە بە ڕاستی ئەم لێکحاڵیبوون و ئاوێتەبوون و بەزەیی و خۆشەویستی دروستکردنە لەنێوانتاندا، نیشانیەلێکی زۆری تێدایە بۆ کەسانێک بیر بکەنەوە.”
یەکێک لە گرنگترین ئامانجە سەرەکیەکانی ئیسلام پاراستن و گرنگیدانە بە خێزان و چاودێریکردن و پەروەردەکردنی ئەندامەکانیەتی بە جۆرێک کە خۆشبەختی دنیا و قیامەتیان بۆ فەراهەم بکا، هەروەها کاردەکا بۆ پاراستنی خێزان لە ڕوخان و هەڵوەشانەوە، یەکێک لە دیاردە ڕووخێنەرەکانی خێزان بریتیە لە توندوتیژی خێزان کە ئێستا بەربڵاوبوە لە زۆرینەی کۆمەڵگاکانی دنیا، لە کۆمەڵگای خۆشمان هەستی پێدەکرێ .
واتای توندوتیژی و هەقیقەت و جۆرەکانی:
توندوتیژی هەر وشەیەک یان کردار یان کردارێکە کە زیان بە قەوارەی خێزان بگەیەنێت و چەندین جۆری هەیە لەوانە:
• توندوتیژی زارەکی؛
• توندوتیژی کردارەکی، یان توندوتیژی جەستەیی؛
• توندوتیژی دەروونی، توندوتیژی جەستەیی و هتد.
هۆکارەکانی:
دیاردەی توندوتیژی چەندین هۆکاری هەیە؛ لەوانە:
1- لاوازیی هۆشیاری ئایینی؛ دوورکەوتنەوە لە هەقیقەتی ئیسلام لە زانست و کار و ڕەفتاردا؛
2- نەپابەندیی ئەندامانی خێزان بە ئەرک و مافەکانیان، بە تایبەتی هاوسەران؛
3- خیانەت و بێمتمانەیی، گومانی خراپ؛
4- خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تۆڕەکانی پەیوەندی؛
5- ڕاگەیاندنی خراپ و ماڵپەڕە گەندەڵەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا؛
6- تووڕەبوون و زووهەڵچوون و زاڵنەبوون بەسەر نەفسدا؛
7- پەروەردەنەکردنی منداڵ و پشتگوێخستنیان؛
8- ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان؛
9- دەستێوەردانی دەرەکی و ئاشکراکردنی نهێنیی خێزانی.
چارەسەرکردن:
1- پەروەردەیەکی دروست و، تێگەیشتن لە بنەماکانی ئیسلام و بەرجەستەکردنیان لە کرداری رۆژانەدا؛
2- نەرمونیانی؛
3- بڵاوکردنەوەی کەلتووری لێبوردەیی و چاپۆشی و گەورەنەکردنەوەی شتی بچووک و بێبایەخ؛
4- زانینی ماف و ئەرکەکان و پابەندی بە جێبەجێکردنیانەوە؛
5- بەهێزکردنی لایەنی ئیمانی و، گرنگیدان پێی، بە خواپەرستیەکی دروست و رێکوپێک، بەتایبەت خوێندنی ویردی رۆژانە.