پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

وێستگەکانی سەر ڕێی سۆفی بۆ لای خوا

حەمەسەعید حەسەن
تەوەکول وێستگەیەکی دیکەی سەر ڕێی سۆفییە، کە حەسەنی بەسری بە لوتکەی زوهد پێناسەی کردووە. لای زوو ئەلنوون، تەوەکول متمانەی تەواوە بەوەی هەموو شتێک بە دەستی خوایە، بۆیە پێویستە ئینسان پشتی بە خوا قایم بێت، بەمەرجێک پاڵی لێ نەداتەوە و هۆکار فەرامۆش نەکات. خوا ڕەززاقە، ڕزق لەکن خۆیەتی و لە ئەزەلەوە بۆی نووسیوین، کە لە هەناوی دایکمانداین، پشتمان بە خوێنی ئەو قایمە و کە لە دایکیش دەبین بە شیری دەژین. خوا هەموو شتێکی خوڵقاندووە و خۆی خاوەنی هەموو شتێکە و چی لە چارەمان نووسیبێت، هەر ئەوەمان بە نسیب دەبێت، بەڵام وێڕای ئەوانە، ئینسان لە کۆشش سارد نابێتەوە.

پەیامهێن گوتوویەتی: (ئەگەر بەتەواوی پشتمان بە خوا قایم بێت، بژێویی ئێمەیش دابین دەکات، وەک چۆن ڕزقی مەل دابین دەکات.) سەنائیی غەزنەوەی کە شاعیرێکی سۆفیی فارس بووە، ١١٣١ی زایینی کۆچی دوایی کردووە، گوتوویەتی: (ئەگەر ڕزقی تۆ لەوپەڕی چین بێت، ئەسپت بۆ زین کراوە تا ئەوێت ببات، بۆی نەچێت بۆ لات دێت.) ڕەنگە زۆرینەی موسوڵمانانی دونیا، بڕوای تەواویان بەوە هەبێت، ڕزقیان لە کوێ بێت، دەیدۆزنەوە ئەگەر نا دەیاندۆزێتەوە،) ئەمەیش بڕوابوونی ڕەهایە بە قەدەر.

کرۆکی تەوەکول بڕوابوونە بە تاکوتەنیاییی خوا، ئاخر پشتبەستن بە غەیری خوا، جۆرێکە لە هاوبەش بۆ خوا پەیداکردن. سۆفی کە هەموو هەست و فیکری لای خوایە، کە تەنیا بڕوای بە خوا هەیە و هەموو ئومێدێکی هەر بە خواوە گرێ داوە، ئەم دڵنییاییبوونە بەرەو (ڕەزا)ی دەبات کە لای سۆفی لوتکەی بەختەوەرییە. زێدەڕۆیی لە تەوەکولدا، کەسانی بێ خواست و بێ ویست بەرهەم دەهێنێت، ئاخر وای بۆ دەچن، خوا هەر کە خوڵقاندوونی، بڕیاری لەسەر چارەنووسیشیان داوە، ئیدی هەوڵ و کۆششیان هیچ لە قەدەریان ناگۆڕێت. دەڵێن سۆفی هەبووە لەو دەشتودەرە، خدری زیندەی لێ پەیدابووە، بۆ ئەوەی کۆمەکی بکات، نەیویستووە، چونکە پێی وابووە، پشتبەستن بە غەیری خوا، نەبوونی متمانەی تەواوە بە خالیق.

سۆفی پێی وابوو، هەموو شتێکی دونیایی کەم و زۆر پیسە و شتێک نییە هێندە پاکژ، شیاوی ئەوەبێت، بایەخی پێ بدرێت. سۆفی شەو و ڕۆژ بە خواپەرستییەوە سەرقاڵ دەبوو، نەدەچوو بە هۆی ئەم یان ئەو ئیشەوە خۆی پیس بکات، ئەگەر کاریشی کردبا، ئەوەندەی دەکرد، بژێویی ئەو ڕۆژەی دابین بکات، ئاخر لەوە دڵنیا نەبوو، سبەی دەژی یان دەمرێت. سۆفی نە ترسی لە ئایندە هەیە، نە خەو بە داهاتوویەکی گەشترەوە دەبینێت، بە بەشی خۆی ڕازی و سوپاسگوزارە و تەنانەت پێی شەرمە لە خوایش بپاڕێتەوە بۆ ئەوەی زیاتری بداتێ.

هەژاری (فوقر) یەکێکی دیکەیە لە مەقامە گرینگەکانی ژیانی سۆفی. بۆیە دەوڵەمەند یەکێکە لە ناوەکانی خوا، چونکە خوا پێویستی بە کەس نابێت (الغنی المستغنی)، سۆفییش لە مەقامی فوقردا هەژارێکە، چاوی لە ماڵی دونیا نییە. پەیامهێن دەیگوت: (هەژاریم شانازیمە) و دەڵێن لە ماڵی خۆیدا، هەژارانە ژیاوە. سۆفی کە دەوڵەمندیی ڕۆح لەکنی جێی بایەخ بووە، لە ماڵی دونیا، هیچی شک نەبردووە، لەو حەسیرە بەولاوە کە لەسەری ڕاکشاوە.

هەژاری ئەوەیە، هەوڵی خۆ دەوڵەمەندکردن نەدەیت، داوای هیچ لە کەس نەکەیت و بە ئومێدی پادداشتی ئەو دونیایش نەبیت. هەژاری یەکێکە لە سیفەتەکانی پەیامهێن، هەژار و دەروێش هاوواتای یەکن، فەقیر (دەروێش) دەرۆزە ناکات، ئاخر پشتی بە خالیق بەستووە، نەک بە مەخلووق. فەقیر کەسێکە مننەتی کەس هەڵناگرێت، ئاخر نە لەم دونیا و نە لەو دونیا هیچی بۆ خۆی ناوێت و دەزانێت بە خۆ قەرزدارکردنی ئەم و ئەو، زیان بە ئیمانی دەگات. سۆفیی ڕاستەقینە، فەقیرێکە نە خاوەنی هیچ شتێک بێت، نە موڵکی هیچ شتێک بێت، ئاخر ئینسان کە خاوەنی سامان بوو، خۆی دەبێتە موڵکی سامانەکەی.

فەقیر بۆچی دەوڵەمەندە؟ چونکە پێویستی بە هیچ نییە و ئەوەی هەر لە بیر نییە کە فەقیرە و هیچ شک نابات. زۆرینەی سۆفییەکان پێیان وایە، لای خوا فەقیر پلەی لە زەنگین باڵاترە، بە مەرجێک بەو فەقیرییەی خۆی قایل بێت. جامی گوتوویەتی: پلەی فەقیر لە هی سۆفی نزمترە، چونکە فەقیری یەکێکە لە وێستگەکانی سەر ڕێی سۆفی.لای مەولانا، فەقیری نزیکە لە فەنابوونەوە، فەنابوونیش ئامانجی سۆفییە. گوتەیەکیش هەیە کە خاوەنەکەی دیار نییە، دەڵێت: (فەقیری لە ترۆپکی خۆیدا، خوایە.)

ئەوەی گۆمبەزی مزگەوت فراوان و خاڵییە، ئەوە فەقیرییە لە دوا قۆناغی خۆیدا و ڕەمزە بۆ دەفرێکی بەتاڵ کە چاوەڕێی ئیلهامی خوایە. فەقیری ڕاستەقینە، با وەک ڕووخسار گەشاوەیش بەدیار نەکەوێت، بەڵام وەک ڕۆح، کەس لەو بەختەوەرتر نییە، ئاخر پێوەندییەکی پتەو لە نێوان فەقیری و فەنابوون لەخوادا هەیە و ئەو فەقیریی ڕەهایە، ئینسان بە قۆناغی توانەوە لە زاتی خوادا دەگەیەنێت.

(سەبر)یش یەکێکە لە پلەی پەیژەی بەرەو لای خوا. سەبر مەقامی ئەیووبە و خوا لەگەڵ بەسەبرەکاندایە. سەبر ئەوەیە بەرگەی تیرەکانی قەدەر بگرین، سەبری تەواو بریتییە لەوەی، هەر چییەک لای خواوە بێت، پێی قایل بین، با قورسترین بەڵایش بێت. جامی گوتوویەتی: (ئارامگرتن لەبەردەم ئەو بەڵایانەدا کە لای خواوە دێن، خێری لە نوێژ و ڕۆژوو زیاترە.) ئارامگرتن هەوێنی بەختەوەرییە و ئەگەر ئارام نەگرین، هیچ کام لە هیواکانمان نایەتە دی.

ڕێگەی بەرەو لای خوا، دژوار و درێژە و ئارامگرتنێکی زۆری دەوێت، سۆفی ئەگەر ئارام نەگرێت، مەحاڵە بگاتە وێستگەی (شوکر) کە لە دوای (ڕەزا)وەیە. ئایا هەژاری ئارامگر، لە دەوڵەمەندی سوپاسگوزار باشترە؟ زۆر لە سۆفییان ئارامگرتنیان پێ باشترە لە سوپاسگوازی، چونگە ئارامگرتن دژی ویستی جەستەیە، بەڵام سوپاسکردن لەگەڵ جەستەدا تەبایە. ئەوە (ڕەزا)یە کە جیاوازی نێوان ئارامگرتن و سوپاسکردن دەسرێتەوە، چونکە سۆفی لە وێستگەی ڕەزادا، بۆ ئەوەیش کە نزایەکی گیرا نابێت، هەر شوکری خوا دەکات. گوتەیەک هەیە دەڵێت: (ئەوی بۆ هەموو شتێک شوکری خوا نەکات، بە یەقین نەگەییشتووە.)

شوکر بە مانا قووڵەکەی ئەوەیە، دەرک بەوە بکەیت، هیچ کارێکی خوا بێ حیکمەت نییە. عەتتار گوتوویەتی: (شوکرئەوەیە، دڕکت پێ گوڵ و کەمت پێ زۆر بێت.) ئەوە شوکرە فێرمان دەکات بە چاوی دڵ، ئەو نیعمەتە شاراوەیە ببینین کە لە شێوەی بەڵادا خۆی نمایش دەکات. شوکر مەلێکی کێوییە، بە زەحمەت دەستگیر دەکرێت، بەڵام سەبر ئاسانتر خۆی بە دەستەوە دەدات. شوکر پێوەندیی بە ڕەزاوە هەیە، ڕەزا ئەوەیە لەوپەڕی هەژاریدا، هەست بە بەختەوەری بکەیت و هیچ بەڵایەک تووشی نائومێدیت نەکات. ڕەزا زادەی خۆشەویستییە، ئاخر مەعشووق هەر چییەک بکات، عاشق پێی ڕازییە. ڕەزا ئەوەیە بە شێوەیەکی ڕەها، خۆمان دابێتە دەست ویستی خوا و لە دڵەوە بە هەموو کارێکی ڕازی بین، ئەوسا ئەگەر دەرۆزەکەریش بین، خۆمان بە پاشا دەزانین و بڕوایەکی پتەومان بە قەدەر دەبێت.

سۆفییەکان لەسەر ئەوە کۆک نین، ترس و تکا، مەقامن یان حاڵ. هەستکردن بە ترس، لای هەموو موسوڵمانێک هەیە، ئاخر ترس لە خوا و لە ڕۆژی حیساب، لە ئیسلامدا هێندە باس دەکرێن، دڵی پاکترین خواپەرستیش دەهێننە لەرزە، بۆیە تکا و پاڕانەوە لە خوا، وەک فەرزیان لێ هاتووە. ترس و تکا دوو باڵی هەموو کارێکن، ئینسان ناتوانێت بێ ئەو دوو باڵە بفڕێت. سەهلی توستەری گوتوویەتی: (ترس نێرە، تکا مێیە، ئیمان لەو دووانەوە پەیدا دەبێت.)

ترسی سۆفی زیاتر لە (مەکر)ی خوایە، نەک لە ئاگر و ئەشکەنجەی دیکە. مەکر (والـلە خیر الماکرین) لێرەدا فێڵ نییە، زیرەکییە، سەرزەنشت نییە، ستایشە، مەبەست لەو مەکرە ئەوەیە، دەشێت سۆفی پێی وابێت لە حاڵەتی (وەجد)دایە، بەڵام ئەو وەجدە، تەڵە بێت، خەیاڵی بۆ لای شتگەلی دونیایی بڕوات و لە ئامانجی باڵا دوور بکەوێتەوە. پەرجوو (موعجیزە) تایبەتە بە پەیامهێن، بەڵام کەرامات کە ناگاتە ئاستی پەرجوو، تایبەتە بە وەلی، بۆیە سۆفی ترسی ئەوەی هەیە، کەراماتیش، زادەی مەکری خوا بێت، چونکە بە کاروباری دونیایییەوە پێوەستە. چونکە بەزەییی خوا، پێش غەزەبی کەوتووە، بۆیە ترس کارێک ناکات، سۆفی لە سۆزی خوا نائومێد ببێت.

سۆفی کوڕی وەختە
بەڵام سافی کە لە شکۆدا نوقمە
ملکەچی وەخت نییە. (مەولانا)

سۆفی بە زۆر حاڵەتدا تێدەپەڕێت، جاری وایە ئاسۆی بەردەمی فراوانە و نەفسی لەوپەڕی بەهێزیدایە، یان بە پێچەوانەوە، دونیای لێ دەبێت بە چەرمی چۆلەکە و وا هەست دەکات ڕۆحی لە کونی دەرزییەکدا گیری خواردووە. لە حاڵەتی یەکەمدا متمانەی بە خۆی بەهێز دەبێت، بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا خۆی لێ بزر دەبێت. حازر و بزریش دوو حاڵەتی دیکەن، لە یەکەمیاندا سۆفی هەست دەکات لە خواوە نزیکە، بەڵام لە دووەمیاندا هەست بە هەبوونی خۆی ناکات.

لای سۆفییەکان مەستی و ئاگایی، یان فەنا و بەقا، پێچەوانەوەی یەکدی نین، یەکتری تەواو دەکەن. موحیببەت و مەعریفەتیش هەر تەواوکەری یەکترین، غەزالی دەڵێت، موحیببەت بێ مەعرییفەت مەحاڵە، ئاخر ئینسان کەسێکی خۆش ناوێت، ئەگەر نەیناسێت. مەعریفەت دەرککردنێکی قووڵ و باڵایە بە نهێنیی خودایی، عاریفیش کەسێکە لەبەر ڕۆشناییی نووری خوادا دەبینێت و ئەوی بگاتە ئەو پلەیە، دڵی لە خوا بەولاوە، هیچی دیکەی تێدا نابێت. لای ئەهلی سوننە، موحیببەت لە تاعەت، (گوێڕایەڵی و ملکەچی) بەولاوە هیچی دیکە نییە، (جامی)یش گوتوویەتی: (موحیببەت گوێڕایەڵییە بۆ مەحبووب.) خوایە گیان چیمان لێ دەکەی بیکە، تەنیا بە زەلیلیی حیجاب سزامان مەدە! ئەوە نزای سۆفییەکانە کە بە ئومێدی ئەوەن، پەردە لە نێوان خۆیان و خوادا نەمێنێت. (جونەید)یش گوتوویەتی: خۆشەویستی لە نێوان دوواندا چێ نابێت، هەتا ئەمیان بە (ئەی من!) ئەویان بانگ نەکات.
بە چاوی دڵ، بینیم خوای خۆم
گوتم تۆ کێیت؟ فەرمووی من تۆم
حەللاج